کورد لە کۆنگرەی میونشن
2/14/2025 3:18:00 PM
فارس نەورۆڵی
کۆنگرەی ئاسایشی میونشن گردبونەوەی جیهانە لەسەر ئاسایشی جیهان، ئەم
کۆنگرەیە لەساڵی (١٩٦٣)ـوە لەشاری میونشن لەباڤاریای ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێ بە دروشمی
(ئاشتی لەڕێگای دیالۆگەوە). کۆنگرەی میونشن بوەتە سەکۆیەکی جیهانی بۆ ئەوەی بڕیار
بەدەستەکانی جیهان گفتوگۆ لەسەر ئاشتی جیهانی بکەن و ڕێگاکانی چارەسەر دیاری بکەن.
کۆنگرەی ئەمساڵ لە هەلومەرجێکی نوێی جیهانیدایە
جیهان لەچاوەڕوانی گۆڕانکاری گەورەی ئابووری و سیاسی یەلە جیهان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاستدا ،پێدەچێ هاتنی ترامپ وەک سەرۆکی ئەمریکا خێراییەک بە گۆڕانکارییەکان
بدات ئا لەم ساتەدا کورد یاریچییەکی گرنگی ناو گەمەی سیاسی وئابوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە
و بووەتە سەردێڕی هەواڵە جیهانی و ناوچەییەکان لەباکورو ڕۆژئاوا و باشوور، لەم نێوەندەدا
ڕۆڵی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە کە وەک سەنتەری هێزی دبلۆماسی و سیاسی کورد بتوانێ
لەڕێگای دیالۆگی کوردی ـ کوردییەوە ئەقڵانیانە ئیدارەی هەلومەرجەکە بدات بەرەو کەناری
ئارامی. بەشدار بوونی سەرۆکی هەرێمی
کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) بە ئەقڵ و سەلیقەی سیاسی و دبلۆماسی و دەوڵەتمەدارانەی
خۆی دەتوانێ لەناو بڕیار بەدەستەکانی جیهاندا پاڵپشتی سیاسی و دبلۆماسی زیاتر بۆ
کورد پەیدا بکات، چونکە بیرکردنەوەو کرداری نێچیرەڤان بارزانی هاوڕایە لەتەک دروشمی
کۆنگرەکەدا (ئاشتی لەڕێگای دیالۆگەوە)واتە بەشێوازی تایبەتی دبلۆماسی و سیاسی خۆی
کە بەر مەبنای دیالۆگ و تێگەیشتن دامەزراوە ، بەرژەووندی وچارەنوسی کورد لەناوچەکەدا
لەتەک بەرژەوەندی دەوڵەتە گەورەکان ڕێک دەخات . لەم پێناوەدا گرنگە سیاسی کوردی و
میدیای کوردی واقیعیانە و کوردانە قسە لەسەر بەشداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەن،
کە وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشدارەو بۆ بەرژەوەندی کوردستان لە کۆنگرەکەدا جوڵە
دەکات