64وتار

دۆسێی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دۆسێیەکی ستراتیژییە؛

4/30/2024 8:51:00 PM
د.نیکۆلا ئەشرەف شاڵی

لەگەڵ ئەوەی دۆسێی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دۆسێیەکی ستراتیژییە، بەڵام بە درێژایی مێژوو بە هۆی نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی و نەبوونی یەک ئاڕاستە و سیاسەتی ستراتیژی، هەروەها بە هۆی ململانێی ناوخۆیی لەسەر هەژموون و دەسەڵات و دابەش بوونمان بەسەر وڵاتە هەرێمییەکاندا نەمانتوانیوە مامەڵە لەگەڵ خۆماندا بکەین وەک ئەوەی کە هەین.

ئەمە سەرباری هاوکێشە سیاسییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، وە هەژمونگەرایی و باڵادەستی بەرژەوەندی وڵاتانی هەرێمی و هێزە نێودەوڵەتییەکان کە هەمیشە کورد و خاکی کوردستانیان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان بەکارهێناوە، بە جۆرێک هەرگیز هیچ مافێکیان وەک مرۆڤیش پێ ڕەوا نەبینیوسین چ جای وەک نەتەوە.

کۆی ئەمانە هۆکاری سەرەکی مانەوەی دۆسێی کوردە بە چارەسەر نەکراوی، وە ئەگەر دۆخەکە وا بڕوات وردە وردە مەترسی لەسەر هەردوو ئەزمونی حوکمڕانی کورد لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دروست دەبێت.

هەڵەیەکی سیاسی کوشندەیە ئەگەر پێمان وا بێت ئەمریکا یان فەرەنسا و بەریتانیا و ئیسرائیل یان تورکیا یان ئێران یان هەر وڵاتێکی تر دۆستی کورد بن. جگە لە پێگەی ستراتیژی کوردستان و چیاکان، کورد هیچ دۆستێکی تری نیە.

لەم ڕوانگەیەوە، کاتێک هەر حکومەتێک یان پارتێکی سیاسی بڕیار دەدات دەبێت ئەو ڕاستییەی لەبەرچاو بێت، بە پێچەوانەوە پێش هەمووان خۆی بەرەو هەڵدێر دەبات.

لەم دۆخەدا، پاراستنی درێژکراوەی جوگرافی (الإمتداد الجغرافي) لەنێوان کۆی پارچەکانی کوردستان زەرورەتە، بەتایبەتر لەنێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان. وە گرەو کردنی هەر هێز و لایەنێک لەسەر داپچڕینی پارچەکانی کوردستانی گەورە لە یەکتر لەگەڵ ئەوەی مەحاڵە، ئەو لایەنەی هەوڵی بۆ دەدات یان پێی هەڵدەستێت ناپاکە و خیانەتکارە لە گەل و نیشتیمان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن