64وتار

بەرەو گۆڕانکاری نوێ و ڕیشەیی لە عێراق و ناوچەکە و جیهاندا؛

6/27/2024 9:23:00 AM
د.نیکۆلا ئەشرەف شاڵی


عێراق لەبەردەم گۆڕانکاری ڕیشەییدایە لە هەردوو ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەڕووی یاسایی و سیاسی و سەربازییەوە، ئاماژە سەرەتاییەکانی ئەو گۆڕانکارییەش لە کۆتاییهێنان بەکارەکانی هەردوو نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و دەستپێکی سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە عێراق دەستی پێکرد تا دەگاتە لیست کردنی گروپێکی تری میلیشیایی عێراق (انصار الله الأوفياء) لە لیستی تیرۆردا.

ئەوەی ئەو گۆڕانکارییانە خێراتر دەکات، مەترسی هەڵگیرساندنی جەنگی بەرەی باکوری ئیسرائیلە (باشوری لوبنان)، هەروەها بڕیاردانی گروپە میلیشیاییەکانی عێراقە بە بەشداریکردن لەو جەنگەدا (لە ئەگەری هەڵگیرساندنی)، وە تەشەنەسەندنی جەنگەکەیە لە جەنگێکی ناوچەیی هەرێمییەوە بۆ جەنگێکی جیهانی.

ئەمریکا، بە هاوکاری ئیسرائیل لەژێر چەتری بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و بەڕێگەپێدانی نێودەوڵەتی، سەرجەم هێزە میلیشیاییەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا لەناو دەبات، وە لە ئەگەری کردنەوەی جەنگی بەرەی باکوری ئیسرائیل و پێکدادانی سوپای ئیسرائیل لەگەڵ (حزب الله) لوبنانی، ئەوا لەپاڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا هەریەک لە چین و کۆی وڵاتانی ئەوروپا و زیاتر لە (٦٠) وڵاتی تری جیهان بەشداری جەنگەکە دەکەن. وە دەرەنجام جەنگەکە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و ئەمریکا کۆتایی دێت.

لەم نێوەندەدا، ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان (هەرێم) دەبن بە گەورەترین ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا چ بۆ مەبەستی جوڵەی سەربازی بێت یان دووبارە دابەش کردنەوەی هێز. ئەمەش جارێکی تر قۆناغەکەی بۆ کورد کردووەتەوە بە قۆناغی زێڕین، بەو مەرجەی کورد خۆی گرێ نەدات لەگەڵ هیچ گروپێکی میلیشیایی سەر بە ئێران لەناوچەکەدا.

ئەمانە و چەندین گۆڕانکاری تر لەسەروبەندی ڕوودانن، کە گرنگترینیان بەرەی نوێی ڕووسیا و کۆریای باکور و چین ە. کە دواتر لێکەوتەکانی لەسەر هەژمونگەرایی جیهانی دەردەکەوێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن