ژمارەى گیانلەدەستدان لەناو حاجییانى تورکیا زۆرترینە
08:36 - 18/06/2024
زەمەن - جیهانى
ژمارەی ئەو حاجییانەی خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا کە لە رۆژانی رابردوودا لە مەککە گیانیان لەدەستداوە بۆ 23 کەس بەرزبووەوە.
بەگوێرەی ئاماری سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینیی تورکیا، تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 23 حاجیی خەڵکی تورکیا و باکووری کوردستان لە شاری مەککە گیانیان لەدەستداوە.
هۆکاری گیانلەدەستدانی زۆربەی ئەو حاجییانە نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار بووە.
سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینیی تورکیا زانیاریی وردی لەبارەی ناسنامەی تەواوی ئەو کەسانە بڵاونەکردوەتەوە، کە چواریان خەڵکی باکووری کوردستانن و ناسنامەکەیان بەم جۆرەیە.
تورهان یەنیجەلی، 69 ساڵ، مەلەتی
عومەر کورتول، 73 ساڵ، مەڕەش
ساڵیحا گولەنیوزلو، 68 ساڵ، ئامەد
ئیبراهیم کارچیک، 78 ساڵ ، وان
ئەمساڵ لە باکووری کوردستان و تورکیاوە زیاتر لە 84 هەزار کەس بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج چوونە سعودیە؛ 53٪یان ژن و 47٪یان پیاو بوون؛ تێکڕای تەمەنیان 60 ساڵە.
سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینیی تورکیا رایگەیاندووە، ئەمساڵ تیمە تەندروستییەکانیان لە مەککە چالاک بوون و زیاتر لە 56 هەزار پشکنینیان بۆ زیارەتکاران کردووە.
حکومەتی تورکیا ژمارە تەلەفۆنی فریاکەوتنی بە حاجییانی وڵاتەکەی داوە و لە ئەگەری تێکچوونی باری تەندروستییان پەیوەندی بەو ژمارەیەوە دەکەن؛ ئەو ژمارە تەلەفۆنە بۆ هاوکاریی دیکە سوودی لێ وەردەگیرێت، بەتایبەتی لەکاتی ونبوونی زیارەتکارەکاندا.