پەرلەمانی ئەوروپا داوا لە تورکیا دەکات عوسمان کاڤالا و سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکات
04:00 - 19/06/2024
زەمەن _ جیهانی
ئەنجوومەنی پەرلەمانی ئەورووپا داوا لە تورکیا دەکات عوسمان کاڤالا و سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکات و دووپاتیشی دەکاتەوە، دەبێت ئەنقەرە پابەندی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بێت.
ڕێکخراوە یاساییەکان و بەرپرسانی ئەنجوومەنی پەرلەمانی ئەورووپا، ڕایدەگەیەنن، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەەپە) و عوسمان کاڤالا، سەرەڕای بڕیارنامەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا هێشتا لە زیندانن و دەبێت ئازاد بکرێن.
شاندێکی ئەنجوومەنی پەرلەمانی ئەورووپا سەردانی تورکیای کرد و لە ئەنقەرە و ئیستانبوڵ ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی کرد و جارێکی دیکە هۆشداری بە تورکیا دا و ڕایانگەیاند، دەبێت بە گوێرەی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا هەڵسوکەوت بکات و سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکات.
لە لایەکی دیکەوە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە میانی سەردانەکانی بۆ شارۆچکە جیاوازەکانی شرنەخی باکووری کوردستان ڕایگەیاند، "ئاکپارتی لە دوای هەڵبژاردنەوە دەستیکردووە بە قسەکردن لەسەر ئاساییکردنەوەی سیاسەت، بەڵام هەرگیز ئەمە بەدی نایەت، چونکە پێشێلکاریی بەرامبەر بە مافی هەڵبژاردن و خۆکاندیدکردنی کوردان دەکرێت".
ڕۆژی 17-05-2024، دادگای تورکیا سزای 42 ساڵ زیندانی بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاشدا سەپاند. عوسمان کاڤاڵایش لە ساڵی 2017ـەوە بەتۆمەتی "رۆڵگێڕان لە هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ـی تەمموزی 2016" و ژمارەیەک تۆمەتی دیکە زیندانی کراوە.