ئەمریکا ئەنجامدەرى هێرشەکەى سەر عەین ئەسەدى ئاشکراکرد
10:15 - 07/08/2024
زەمەن - عێراقى
وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێـت، دڵنیاین هیرشەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد لەلایەن گرووپێکی میلیشیای شیعەی سەر بە ئێران کراوە و بەدیاریکراوی دەزانین کامە گرووپە، بەڵام هێشتا سەرقاڵی یەکلاکردنەوەین.
لۆید ئۆستن وەزیرى بەرگرى ئەمریکا هۆشداریدا کە ئەمریکا لەوانە خۆشنابێت کە هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەنە ئامانج. ئەم گوتانەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەکاتێکدایە، لە دوو رۆژی رابردوودا دووجار بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکی، لانیکەم حەوت کەس لە ئەنجامی کەوتنی دوو هاوەن بۆ نێو بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد بریندار بوون، پێنجیان سەربازن و دوویان بەڵێندەرن، دوو لە بریندارەکان بۆ چارەسەر گوازراونەتەوە، بەڵام سەرجەم بریندارەکان دۆخیان جێگیرە.
دوێنێ سێشەممە، گرووپێک بەناوی سەورییون (شۆڕشگێڕان)، هێرشەکەی سەر عەین ئەسەدی لە ئەستۆ گرت، ئەو گرووپە خۆیان بە بەشێک لە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە.