پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێزاق دەستیلەکارکێشایەوە
01:52 - 07/08/2024
زەمەن - عێراقی
عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، پەرلەمانتارێکیش بە ناپاکی تۆمەتباری دەکات.
عەلاق لە نامەیەکیدا بۆ ئەنجومەنی وەزیران داوایکردووە دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵ بکرێت، ھۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ھەڵکشانی تەمەنی.
بەڵام عالیە نوسەیف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی دەسپاکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "عەھد" ڕایگەیاند، عەلاق تۆمەتبارە بە ناپاکی و لە ئێستادا کەس نازانێت قەبارەی کڕین و فڕۆشتن بە ڕەسمی لە بانکی ناوەندی چەندە.
وتیشی، کەرتی بانکی عێراق بەھۆی ناپاکی ناوخۆییەوە سزادراوە، ھەروەھا پشکی بانکە بیانییەکان ٦٠% بەرزبووەتەوە.
لە کاتی ناجێگیری بەھای دینار بەرامبەر بە بەھای دۆلار، بانکی ناوەندی عێراق نەیتوانی کۆنترۆڵی بەھای دینار بکات، ئەوەش وایکرد ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ئیمزا کۆبکەنەوە بۆ لێپرسینەوە لە عەلی عەلاق.