54 کوردستان

لیژنەی ئارامی پارێزگای سلێمانی: وێنەگرتنی دەنگدانی گشتی و تایبەت قەدەغەیە

11:26 - 01/10/2024

زەمەن _ سلێمانی

 

 لیژنەی ئارامی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: بردنە ژوورەوەی مۆبایل بۆ وێنەگرتنی دەنگەكان لە دەنگدانی تایبەت و گشتیدا قەدەغەیە.

 

 ئەمڕۆ سێشەممە، ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، هەڤاڵ ئەبوبەكر سەرۆكی لیژنەی ئارامی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە نوسراوێكدا تایبەت بە ڕۆژی دەنگدان چەند ڕێنمایی و بڕیارێک دەردەکات و ئاماژە بەوەدەدات، بردنە ژوورەوەی مۆبایل و کامێرا بۆ ناو بنكەكانی دەنگدانی (گشتی و تایبەت)  قەدەغەیە.

ئەوەش هاتووە، هاتوچۆی نێوان شارەكان و ناوشارەكان ئاسایی دەبێت و فڕۆكەخانە و دەروازە نێودەوڵەتییەكان و بازگەی نێوان شارەكان لەناو هەرێم لەگەڵ دەرەوەی هەرێمدا كراوەدەبن.

هەروەها پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەش کردووە، هیچ چاودێرێکی قەوارە و هاوپەیمانی و کاندیدەکان و چاودێری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و دامەزراوە میدیایی و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە ناوخۆ و دەرەوەدا، بەبێ باجی فەرمی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی فیدراڵ، مافی چوونەژورەوەیان بۆنا و بنکە و وێستگەکانی دەنگدان نابێت، بۆیە پێویستە خۆیان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان تۆمار بکەن و باجی فەرمی وەربگرن.

سەرۆكی لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، هەموو میكانیزمێكی پێویست بۆ هەڵبژاردنێكی ئازادانەی ڕوون و بێگەرد دەگیرێتەبەر.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن