347 ئابوری

لێدوانی وەزارەتی دارایی لەسەر مووچە

03:44 - 09/10/2024

زەمەن - هەرێمی کوردستان

وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت: بەردەوامین لە پرۆسەی هەژماری من و هۆکاری دواکەوتنی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی 70ش لە ئەستۆی ئێمە نییە.

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کێشەی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70، کە کێشەیەکی کۆنە و مانگانە دووبارە دەبێتەوە، ئەو خانەنشینانە کە مووچە لە گەنجینەی دوو وەردەگرن ژمارەیان 9075 کەسە، مووچەی مانگانەشیان 3 ملیار و 818 ملیۆن دینارە، هەروەها لە ساڵی 2013ەوە فەرمانیان هەیە کە ئەو خانەنشینانە دۆسیەکانیان بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و دواتر بۆ وەزارەتی دارایی.

هەر لە کۆنگرەکەدا هونەر جەمال ئاماژەی بەوە کرد، لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە دوای ئەوەی مانگی 2 و 3 مووچەیان لەلایەن بەغداوە بۆ خەرج کرا، دواتر بەهۆی ئەوەی هیچ دۆسیەیەکیان لە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پیشمەرگە نییە مووچەکانیان ڕاگیرا.

باسی لەوەش کرد، فەتحوڵڵا عومەر وتەبێژی هێزەکانی 70 ، جێگری بەڕێوەبەری خانەنشینی پیشمەرگە وەزارەتی دارایی و ئابووریان تۆمەتبارکردووە بۆ دواکەوتنی مووچەکانیان، بۆیە بە پێوستمان زانی وەڵامیان بدەینەوە کە ئێمە هۆکاری دواخستنی مووچەکانیان نین، بەڵکو هۆکارەکە بەرپرسانی هێزەکانی 70 و فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری خانەنشینی پیشمەرگەیە. کە زیاتر لە 11 ساڵە نەیانتوانیوە کێشەی ئەو خانەنشینانە چارە بکەن و دۆسیەکانیان ڕەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە بکەن کە لەوێش وردبینی دەکرێت و دواتر بچێتە بەڕێوەبەرایەتی خانەشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووری.

وتەبێژەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆژەی هەژماری من بریاری ئەنجوومەنی وەزیرانە و بەردەوامین لەکارکردن، هیچ نووسراو و فەرمانێکمان پێچەوانەی ئەو پرۆژەیە بۆ نەهاتووە. سەبارەت بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشیان جەختیکردەوە، لیژنەی ئێمە چەند جارێک چوونەتە بەغدا و لەگفتوگدان لەگەڵ بەغدا، بۆیە لەسەر داهاتی خۆمان ئەو دوو مانگە مووچەکانمان هاوتاکردووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن