لەسەر هەوڵى تیرۆرکردنى عەلى سیستانى حکومەتى عێراق راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە
08:00 - 09/10/2024
زەمەن - عێراقى
ئەمڕۆ کەناڵ 12ى ئیسرائیل وێنەیەکى عەلى سیستانى، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراقی بڵاوکردەوە و لە ریزبەندى ئەو کەسانەدا داینابوو کە بەنیازە بیانکاتە ئامانج و بیانکوژێت، ئەوەش ناڕەزایەتى شەقامى عێراقى و ناوماڵى شیعەکانى لێکەوتەوە، بەوهۆیەوە حکومەتى عێراق راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەهەموو شێوەیەک بێڕێزى و دەستدرێژیکردن بۆسەر پێگەى سیستانى رەتدەکەنەوە.
باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی قەوارەی زایۆنی كۆمەڵكوژی لە غەزە و لوبنان ئەنجامداوە، میدیای ئەو وڵاتە، كە میدیایەكی "دنەدەر و رەگەزپەرستە، لە هەوڵێكی بێنرخدا، بێڕێزی بە وێنەی مەرجەعی باڵای ئایینی كردوە.
گوتەبێژەکەى حکومەتى عێراق دووپاتیشى کردووەتەوە، عێراق بە توندترین شێوە هەر دەستدرێژی و زیانگەیاندنێك بە پێگەی مەرجەعییەتمان ڕەتدەکاتەوەو هۆشداریش دەدات لەبارەی مەترسی ئەو هەوڵانەوە كە بێڕێزیكردنن بە پیرۆزییەكانی گەلان و دەبنە مایەی فراوانكردنی بازنەی دەستدرێژییەكان و هەروەها ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی روبەڕوی هەڕەشەیەكی راستەقینە دەكەنەوە.
ئەوەشى راگەیاندووە، داوا لە ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و سەرجەم کۆڕبەندە نەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکەین، هەمو ئەو شتانە ڕەت بکەنەوە و ئیدانەی بکەن کە بێڕێزین بەرامبەر هەستی موسوڵمانان لە جیهاندا.