329 عیراق

شەرقلئەوسەت: حەوت هەزار لوبنانى لە عێراق بوونەتە کێشە لە نێوان شیعە و سوننەدا

10:32 - 10/10/2024

زەمەن _ عێراقی

 

 وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند: بە فەرمی چوار هەزار و ٦٠٠ پەنابەری لوبنانی هاتونەتە عێراق و ناویان تۆمارکراوە.

 

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، عەلى عەباس جەهانگیر، وتەبێژی وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ئاشکرایکرد، ئاماری تەواوەتى پەنابەرانى لوبنانییان لە بەردەستیاندا نیە بەتەواوەتى، لەبەر ئەوەى هێشتا دەروازە وشکانى و ئاسمانییەکان بۆیان نەناردوون و بە فەرمی چوار هەزار و ٦٠٠ کەس ناویان تۆمارکراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە و نزیکە لە حەوت هەزار کەس.

ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت لەبارەی نیشتەجێکردنی کۆچبەرە لوبنانییەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، لەنێو لایەنە سیاسییەکاندا داواى ئەوەدەکرێت مافى نیشتەجێبوون و کارکردنیان پێبدرێت، باسى لەوەشکردووە ئاوارە لوبنانییەکان بوونەتە ناکۆکییەکی دیکەى نێوان لایەنە عێراقییەکان.

هەروەها چالاکان و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان گومانیان لەم هەنگاوەى عێراق دروستکردووە بۆچى زۆرینەیان دەبرێنە نەجەف و کەربەلا و پارێزگاى دیالە کە هەرسێکیان شیعەنشینن و مەزارە پیرۆزەکانى تێدایە؟  

ئەوە لە کاتێکدا بەشێکى دیکە لە لایەنە سیاسییەکان باس لە پارێزگاکانى ئەنبار و سەڵاحەدینى سوننەنشین دەکەن بۆ نیشتەجێکردنیان، بەڵام وەک رۆژنامەکە ئاماژەى بۆکردووە لایەنە شیعیەکان زۆر بەتوندى رەتیانکردووەتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن