1873 جیهان

دادگای دەستووریی تورکیا: گوتنی "بژی سەرۆک ئاپۆ" ئازادی رادەربڕینە

02:21 - 14/10/2024

زەمەن:-

 

 دادگای تورکیا بڕیاریدا، هەریەک لە دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "چەرخا شۆڕشە" بچنە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕینەوە.

 

 ئەمڕۆ دووشەممە، ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، دادگای دەستووریی تورکیا، کە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە وڵاتەکە، بڕیاریدا ئەو سزایانەی بە تاوانی "پروپاگەندە بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی" بەهۆی گوتنەوەى دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "پەکەکە گەلە و گەل لێرەیە" و "چەرخا شۆڕشە" لەلایەن دادگاکانەوە دراون، پێشێلی ئازادیی رادەربڕینی سزادراوەکانیان کراوە.

هەروەها دادگای سزا قورسەکانی ئەردەخان، بەهۆی گوتنەوەی دروشمەکانەوە سزای پێبژاردن و زیندانیی بە تاوانی پروپاگەندە بۆ تیرۆر، بەسەر هاوڵاتییەکدا سەپاندبوو.

ئەمە لە کاتێکدایە، سزاکە لەلایەن دادگای باڵاوە پەسەندکرا و هاوڵاتییە سزادراوەکە لە 11ـی شوباتی 2022دا لە دادگای دەستووری بە داواکاریی ئەوەی "مافی ئازادیی بیروڕا و رادەربڕینی پێشێلکراوە" سکاڵای تۆمارکرد.

دادگای دەستووریی بڕیاریدا سزادانی هاوڵاتییەکە بە تاوانی پروپاگەندە بۆ تیرۆر، بە گوێرەی ماددەی ٢٦ـی دەستووری تورکیا، پێشێلکردنی مافەکانیەتی لە ئازادی بیروڕا و رادەربڕین، هەروەها دادگای دەستووریی فەرمانی کرد هاوڵاتییە سزادراوەکە بەبڕی ٣٠ هەزار لیرە قەرەبووی مەعنەویی بکرێتەوە و بەمەبەستی نەهێشتنی کاریگەرییەکانی پێشێلکارییەکەش، هاوڵاتییەکە سەرلەنوێ دادگاییبکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش دۆسیەی سکاڵاکارەکەی رەوانەی دادگای سزا قورسەکانی ئەردەخان کرد.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن