16 جیهان

خانمێک لەبەرئەوەی وتی گولەن "بە بەهەشت شادبێت" دادگایی دەکرێت

02:56 - 22/10/2024

زەمەن - تورکیا

خانمە ڕۆژنامەنووسێک لە پارێزگای بورسای تورکیا لەکاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی کۆچی دوایی فەتحوڵڵا گولەن وتی، "بە بەهەشت شاد بێت"، لەسەر ئەو قسەیە دەستبەسەرکرا و بەتۆمەتی بانگەشەکردن بۆ تیرۆر دادگەیی دەکرێت.

ڕۆژنامەنووسەکە ناوی ئایسن کۆمیتگان و تورکە، ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە،  دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی فەتحوڵڵا گولەن، رێبەری گولەنییەکان، لەو کەناڵە تەلەڤیزیۆنییە خۆجێیە هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و گوتی، "بەبەهەشت شاد بێت". بەو هۆیەوە داواکاری گشتیی بورسا بە تۆمەتی "بانگەشەکردن بۆ تیرۆر" لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد.

دوابەدوای ئەم قسەیە، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستگیریان کرد و ئەمرۆش دادگایی دەکرێت.

فەتحوڵڵا گولەن دامەزرێنەری بزووتنەوەی خزمەت یان گولەن، لە ٢١ی ئاداری ١٩٩٩ بە پاساوی هەبوونی کێشەی تەندروستی چووە ئەمریکا و هەر لەوێ مایەوە، ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

حکومەتی تورکیا بزووتنەوەی خزمەت یان گولەنییەکانی خستووەتە لیستی تیرۆر و بە ئەنجامدانی هەوڵی کودەتاکەی ١٥ـی تەممووزی ٢٠١٦ تۆمەتباریان دەکات، ئەوە لەکاتێکدایە گولەنییەکان رەتیدەکەنەوە دەستیان لە هەوڵێکی وەهادا هەبووبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن