20 کوردستان

وێنە.. تەواوبوونی ٦٠٪ی کارەکانی پڕۆژەی ڕێگای سێگردکان – دێگەڵە

01:18 - 21/11/2024

زەمەن - کۆیە

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕایگەیاند، لە ٦٠٪ی کارەکانی پڕۆژەی رێگای سێگردکان - دێگەڵە تەواو کراوە.

پڕۆژەکە پێکدێت لە چاککردنەوە و بەیەکەوەبەستنی رێگای هەردو ناحیەی سێگردکان-دێگەڵە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە قەزای کۆیە.

هاوکات تا ئێستا بڕگەی قیرتاوکردن لە چەند بەشێکی پڕۆژەکە ئەنجامدراوە و رێژەی کاری ئەنجامدراویش گەیشتوەتە ٦٠٪، دوای کۆتاییهاتنی پشوەکان، کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوام دەبێت بە ئامانجی هەرچی زو تەواوکردنی و خزمەتکردنی بە هاوڵاتیان.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، رۆژی ١ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەردی بناغەی پڕۆژەکەی داناوە، درێژی رێگاکە ٣٧کم،  ١٨کم رێگا قیرتاو دەکرێت، هەروەها لەگەڵ بڕین و فراوانکردن و تێکەڵەرێژکردنی رێگا، گوژمەکەی زیاتر لە چوار ملیار دینارە.
پڕۆژەکە کارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان لەسنورەکە دەکات و هەردو ناحیەی سێگردکان و شۆڕش (دێگەڵە) بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هاوکات دەیان گوندی هەردو ناحیەکە سودمەند دەبن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن