سبەینێ سودانى دەچێتە پەرلەمان و دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم یەکێک لە تەوەرەکان دەبێت
08:05 - 03/12/2024
زەمەن - عێراقى
بڕیارە سبەینێ پەرلەمانى عێراق کۆبێتەوە، بەڵام ئەمجارە کۆبوونەوەکە جیاواز دەبێت لە پێشتر لەبەرئەوەى محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەسەر بانگهێشتى پەرلەمان ئامادەى دانیشتنەکە دەبێت.
پەرلەمانتارێکى عێراق دەڵێت، مەبەست لە بانگهێشتکردنى سودانى بۆ پەرلەمانى عێراق، باسکردنە لە دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریا و کاریگەری بەسەر عێراق و دۆخی ناوچەکە و گرتنەبەری رێوشوێنى پێویست.
جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق رایگەیاندووە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای بودجە دەکرێت، دەرگای گفتوگۆ و وەرگرتنی سەرجەم تێبینییەکان لەبارەی هەمواری مادەی 12 دەکرێتەوە، تایبەتە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
کارنامەى سبەینێى پەرلەمانى عێراق پێنج بڕگەی لەخۆ گرتووە:
یەکەم: میوانداریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
دووەم: دەنگدان بە پڕۆژەیاسای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی.
سێیەم: دەنگدان بە پێشنیازی پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای پاسپۆرت.
چوارەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق (2023،2024 و 2025). هەموارەکەی مادەی 12یە، کە تایبەتە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
پێنجەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری پێنجەمی یاسای فڕۆکەوانیی مەدەنی.