1173 کوردستان

کاتی ئەوە هاتووە شەڕڤانەکانمان کە خەڵکی دەرەوەی رۆژئاوای کوردستانن بەسەری بەرزەوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان

08:52 - 19/12/2024

زەمەن - کوردستانى

 

لە هەڵوێستێکدا کە بۆ یەکەمین جارە دەریدەبڕێت، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، ئەگەر لەگەڵ تورکیا بگەنە رێککەوتنی وەستاندنی شەڕ، ئەوا شەڕڤانانی دەرەوەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، سووریا جێدێڵن.

 
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند: ئەو چەکدارە کوردانەی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتوونەتە سووریا بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەگەر ئاگربەست لەگەڵ تورکیا، لە باکووری سووریا جێبەجێ بکرێت، دەچنە دەرەوەی ئەو وڵاتە و دەڕۆن.

لە 9 ی کانوونی یەکەمەوە کە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا نەماوە، شەڕ و پێکدادانەکان زیادیان کردووە، تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سووریا لە 9 ی کانوونی یەکەمدا شاری منبجیان لە دەست هێزەکانی سوریای دیموکرات وەرگرتەوە.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات یەکەمجارە دان به‌وه‌دابنێ  کە چەکدارانی کورد، لە پارچه‌كانی تری كوردستانه‌وه‌ هاتوونەتە سووریا بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی لە شەڕی سووریادا.

کشانەوەی چەکدارە کوردەکانی سووریا، یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی تورکیا کە گرووپە چەکدارە کوردەکانی سووریا بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت، بۆیە پشتگیریی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ لە دژی ئەو چەکدارە کوردانە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات.

لە دیداره‌كه‌یدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە: عه‌بدی وتی "لەبەرئەوەی دۆخێکی نوێ لە سووریا هەیە، کاتی ئەوەیە ئەو شەڕڤانانەی لە جەنگەکەماندا یارمەتیی ئێمەیان دا، بە سەربەرزی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان،" بەڵام فەرماندە کوردەکە لە هەمان کاتدا جەخت دەکاتەوە کە "بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک ئامادەن."

کشانەوەی شەڕڤانە کوردەکانی دەرەوەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، مەرجێکی سەرەکیی تورکیایە بۆ کۆتایهێنان بە هێرشەکانی بۆسەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە.

یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.

لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە تورکیا پشتیوانییان لێ دەکات، هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە زیادکردن و شەڕڤانان لە چەند شوێنێک کشانەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، مەزڵووم عەبدی بۆ یەکەمین جار پشتڕاستیدەکاتەوە کە شەڕڤانانی بیانی، لەنێویاندا ئەندامانی پەکەکە لە نێو هەسەدەدان.

مەزڵووم عەبدی ستایشی شەڕڤانە بیانییەکان دەکات کە لە 10 ساڵی رابردوودا لە تێکشکاندنی داعشدا یارمەتیی هەسەدەیان داوە. هەروەها روونیدەکاتەوە، بەشێک لەو شەڕڤانانە لە چەند ساڵی رابردوودا سووریا و رۆژئاوای کوردستانیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە ناوچە بنەڕەتییەکانیان، بەڵام هەندێکیان بۆ شەڕی دژی داعش ماون و ئێستا کاتییەتی ئەوانیش بگەڕێنەوە، ئەگەر ئاگربەست رابگەیێندرێت.

مەزڵووم عەبدی بە رۆیتەرزی وتووە: "دۆخێکی جیاواز لە سووریا هەیە. ئێستا ئێمە دەست بە قۆناخێکی سیاسی دەکەین. پێویستە سوورییەکان بە خۆیان کێشەکانیان چارەسەر بکەن و حکومەتێکی نوێ پێکبێنن."

ئەو هەروەها رایگەیاندووە: "لەبەر ئەوەی پێشهاتی نوێ لە سووریا هەن، کاتیەتی ئەو شەڕڤانانەی لە جەنگەکەماندا یارمەتییانداین، بە سەربەرزی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان."

مه‌زڵوم عه‌بدی وتی" جەنگاوەرانی كورد لە ئێران و عێراق و توركیاوە هاتن بۆ هاوكاریكردنمان لە دەركردنی جیهادییەكان لە كۆبانی، دوای جەنگی كۆبانی هەندێكیان گەڕانەوە وەك هێزەكانی پێشمەرگە.

وتیشی: هەندێك لە جەنگاوەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەیانەوێت بەردەوامبن لەگەڵمان لەم جەنگە، تا لەناوبردنی تەواوەتی داعش.

دوای روخاندنی داعش لە (2019) هەندێكیان گەڕانەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامی جەنگ و مەترسی لەسەر ناوچەكە، هەندێكیان بڕیاریاندا بمێننەوەو هاوكاریمان بكەن، هەندێكیان لە دامەزراوە مەدەنیەكان و هەندێكی تریشیان لە دامەزراوە سەربازییەكان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن