2170 کوردستان

سێ كورد شەهید بوون

03:54 - 01/01/2025

زەمەن - كوردستانی

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشكرایكرد گروپە چەکدارییەکان بە پشتیوانی تورکیا سێ ئەندامی ئاسایشی کوردییان لە حەلەب کوشتووە، ئەمەش لە یەکەمین هێرشی لەو جۆرەدا لە دووەم گەورەترین شاری سوریا لە دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی دوانزەدا یاخیبووەکان دەسەڵاتییان گرتەوە دەست.

لە ماوەی هێرشەکەی یاخیبووەکاندا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشق و ڕووخاندنی ڕژێمەکەی ئەسەد، گروپە چەکدارییەکانی یاخیبووەکان سەرانسەری حەلەبییان کۆنتڕۆڵ کرد جگە لە دوو گەڕەک کە زۆرینەی دانیشتوانەکانی کوردن و بریتین لە شێخ مەسکود و ئەشرەفییە، کە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە کۆنتڕۆڵکراون.

ڕوانگەی سوری وتی " خاڵێکی پشکنینی سەر بە هێزی ئاسایشی ناوخۆ بە سەرکردایەتی کوردەکان لە گەڕەکی ئەشرەفییەی زۆرینە کورد لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کۆمەڵە چەکدارێکەوە کە تورکیا پشتیوانییان لێدەکات هێرشی کراوەتە سەر، بەهۆیەوە سێ ئەندامی ئاسایش کوژراون و حەوتی دیکە بە سەختی بریندار بوون."

وتیشی " ئەمە یەکەم هێرشی لەو جۆرەیە لە ناوچەکەدا دوای ڕووخانی ڕژێمەکە."

بەرپرسێکی ئاسایشی کوردی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ هێرشییان کردووەتە سەر خاڵە پشکنینەکە."

ڕوانگە وتی دوو گەڕەکەکە زیاتر لە 300,000 دانیشتوویان تێدایە و نیگەرانی دەربڕی سەبارەت بە پارێزراوییان ئەگەر گروپە چەکدارییەکان بە پشتیوانی تورکیا هێرشێکی گەورەیان بکەنە سەر.

سەرۆکی ڕوانگەی سوری ڕامی عەبدل ڕەحمان بە فرانس پرێسی وت " ترس هەیە لەوەی کە ئەو دوو گەڕەکە کوردییە گەمارۆ بدرێت یاخود هێرش بکرێتە سەرییان، ئەوەش کێشەیەکی گەورە دەبێت چونکە هاووڵاتییەکی سڤیلی زۆر لەوێ دەژین."

لە ماوەی ئەم مانگەدا شەڕ و پێکدادان لە نێوان گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە سەرکردایەتی کوردەکان ڕوویداوە، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک هاوپەیمانی ئەمەریکان و ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە شەڕی دژ بە داعشدا.

ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممە لانیکەم 31 چەکدار لە ناوچەی مەنبج لە هەردوولاوە کوژراون.

ڕۆژی یەکشەممە سەرکردەی کرداریی سوریا ئەحمەد ئەلشەرع بە کەناڵی ئەلعەرەبییەی وت کە هێزە کوردییەکانیش دەبێت بخرێنەوە سەر سوپای نوێی نیشتیمانی سوریا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن