مەسرور بارزانی و گەورە بەرپرسێکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفونیان ئەنجامدا
10:24 - 03/01/2025
زەمەن - هەولێر
میدیای فەرمی حکومەت بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ هەینی 1/3، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە جێفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە پێگەیشت و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا، چونکە وەستانی، زیانێکی زۆری لە بودجەی گشتیی عێراق داوە.
هەروەها جەختیان لە پێویستیی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور و ڕۆڵی گرنگی هەرێم لە برەودان بە سەربەخۆییی عێراق لە بواری وزە و گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.