وهزارهتی كارهبا: تێكڕا رۆژانه 12 كاتژمێرو 44 خولهك كارهبامان داوه
12:27 - 11/01/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایدەگەیەنێت: خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بەرامبەر بە بەرهەمهێنانی زۆر زیاترە و دڵنیاییش دەدات بەپێی ئەو پلانانەى لەڕێی پێوەرى زیرەک و پرۆژەى روناکى ٢٤ کاتژمێرى داینناوە دۆخەکە بەرەو باشبون دەچێت.
ئەمڕۆ شەممە، ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، وەزارەتى کارەبای هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، خواست لەسەر کارەبا ٧ هەزار و ٥٠٠ مێگاواتى تێپەڕاندووە لەکاتێکدا بەرهەمهێنانى تەنها ٣ هەزار و ٥٠٠ مێگاواتە، لەگەڵیشیدا ١٥٠٠ مێگاوات زیادکراوە، بەڵام ٤٦٠ هەزار هاوبەشى نوێی کارەبا زیادبوون و خواستى کارگەکان و پرۆژەکانى وەبەرهێنان و سیتییەکانیش زیاتر بووە.
هەر لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبادا ئەوەش هاتووە، کە لە ساڵى رابردوو تێکڕاى کاتى پێدانى کارەبا بە هاوبەشانى کارەبا، ١٢ کاتژمێر و ٤٤ خولەک بووە.
وەزارەتەکە ئەوەشى خستوەتەڕوو تێچوى بەرهەمهێنانى کارەبا و کێشە تەکنیکییەکان و هێرشە تیرۆرستییەکان بۆسەر کێڵگەکانى گاز هۆکارێکى دیکەى کەمبوونەوەى کارەبا بوون و کێشەیان بۆ بەرهەمهێنان دروستکردووە.
هاوکات، سەربارى ئەم کورتهێنانە بەرچاوە و ئەو کێشانەى وەزارەتەکە خستویەتییەڕوو، بەڵام دڵنیایی دەدات لەوەى لەڕێگەی سیستەمی پێوەری زیرەك و پرۆژەی روناكی ٢٤ كاتژمێری، دۆخی کارەبا بەرەو باشبوون دەچێت.