50 جیهان

سەرکۆماری سووریا بۆ یەکەمجار گوتارێکی پێشکەش بە گەلی سوریا کرد

11:50 - 01/02/2025

زەمەن:-

 

سەرکۆماری حکوومەتی ڕاگوزەر لە سووریا ، ئەحمەد شەرع لە گوتارەکەیدا کە بۆ یەکەمجار پێشکەشی گەلەکەی کرد، ڕایگەیاند: "ڕایدەگەیەنم کە لیژنەیەکی ئامادەکاریی دروست دەکەم بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی کاتیی کە لە قۆناغی ڕاگوزەردا دەسەڵاتی یاسادانان لەئەستۆ دەگرێت. لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی لیژنەی ئامادەکاریی ڕادەگەیەنێت. ئەم کۆنفرانسە دەبێتە پلاتفۆڕمێک بۆ مشتومڕ و ڕاوێژی راستەوخۆ لەسەر بەرنامەی سیاسیی داهاتوومان".

دوای هەڵبژاردنی بە سەرکۆماری حکوومەتی ڕاگوزەر لە سووریا، شەرع بۆ یەکەمجار گوتارێکی پێشکەش بە گەل کرد.

شەرع بە سڵاوکردن لە گەلی سووریا دەستی بە گوتارەکەی کرد و، ڕایگەیاند: "٥٤ ڕۆژ تێپەڕیووە بەسەر ڕزگاربوونی سووریا لە کۆت و بەندەکانی ڕژێمێکی ستەمکار کە بەدرێژایی دەیان ساڵ چەوساندینیەوە. یەکێک لە ستەمکارترین شێوازەکانی حکوومەت لە جیهاندا کۆتایی هات. سووریا سەرەتا بە فەزڵی خودا و پاشان لە سایەی هەرکەسێک کە لە ناوەوە و دەرەوە خەباتیان کرد، ڕزگار کرا".

شەرع باسی لەوە کرد کە لەگەڵ سوورییەکاندا بە یەکەوە لاپەڕەیەکی نوێیان لە مێژووی وڵاتدا کردووەتەوە و، ڕایگەیاند: "دوێنێ لە پاش ڕاوێژێکی گشتگیر لەگەڵ شارەزایانی یاسا لە پێناو پێشخستنی پرۆسەی سیاسیی بەرپرسیارێتیی وڵاتم وەرگرت. ئەمڕۆ وەک خزمەتکارێکی نیشتمانی بریندار گوتارتان پێشکەش دەکەم نەک وەک دەسەڵاتدارێک. بە هەموو هێز و ئیرادەمەوە کار دەکەم بۆ یەکێتیی و گەشەپێدانی سووریا".

هەروەها شەرع باسی لەوە کرد کار دەکەن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی ڕاگوزەری گشتگیر کە ڕەنگدانەوەی هەمەچەشنی سووریا بێت و، گوتی: "ئەمە قۆناخێکی ڕاگوزەرە؛ بەشێکە لە پرۆسەی سیاسیی کە تیایدا تەواوی سوورییەکان لە ناوخۆی وڵات و دەرەوە ئازاد و شکۆمەند و بەبێ وەلانان داهاتوویان بنیات بنێن. کاردەکەین بۆ پێکهێنانی قۆناغێکی ڕاگوزەری گشتگیر کە ڕەنگدانەوەی فرەچەشنی سووریا بێت بە ژن و پیاو و گەنجیەوە. ئەم حکوومەتە بەرپرسیارێتی بنیاتنانی دامودەزگاکانی سووریای نوێ لە ئەستۆ دەگرێت هەتا ئەو کاتەی دەگەین بە قۆناغی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەر".

شەرع جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کارە لە پێشینەکانی سووریا بریتی دەبێت لە؛ دەستەبەرکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی، ڕادەستکردنی ئەوانە بە دادپەروەری کە تاوانیان دژ بە گەلی سووریا ئەنجامداوە، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵات، بنیاتنانی دامەزراوەی شەفاف و دادپەروەر، پێکهێنانی ئابوورییەکی بەهێز و باش کردنی هەلومەرجەکانی ژیان.

هاوکات شەرع باسی لەوە کرد کە ئەوانەی لە ناوخۆی وڵات یان دەرەوەی وڵات تاوانیان دژ بە گەلی سووریا ئەنجامداوە دادگایی دەکرێن.

شەرع ئەوەیشی خستەڕوو کە کار دەکەن بۆ ئەوەی سووریا ببێتە کاراکتەرێکی بەهێزی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی و، ئامانجیان بنیاتنانی ئابوورییەکی سەلامەت و پتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن