دەیلی مەیلی بەڕیتانی: کاتەکەی گونجاوە بخزێینەوە یەکێتیی ئەوروپاوە
01:18 - 04/02/2025
زەمەن _ جیهانی
دەیلی مەیل ڕایگەیاند: ستامەر داوا لە برۆکسل دەکات پەیوەندییەکانی نێوان ئەوروپییەکان توندوتۆڵتر بێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٤ی شوباتی ٢٠٢٥، ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاویکردووەتەوە، لەم کاتەدا، کە ترەمپ هەڕەشە لە هەڵگیرساندنی شەڕێکی بازرگانی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا دەکات، ستامەر داوا لە برۆکسل دەکات پەیوەندییەکانی نێوان ئەوروپییەکان توندوتۆڵتر بێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەرچی هەنگاوێکی لەوشێوەیە ئەگەری ئەوەی هەیە بەریتانیاش بباتە مەیدانی شەڕە ئابووری و بازرگانییەکەی ترەمپەوە، شەوی رابردوو ستامەر بە ئاماژەیەک باسی لەوەکرد هەوڵی بەردەوام دەدات بۆئەوەی برێکزیت هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە هەنگاوێکدا، کە پێیدەچێت ئاژاوەیەک فڕێبداتە کەرتی بازرگانیی جیهانییەوە، دوێنێ شەو دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کرد باجی گومرگیی قورس بسەپێنێت بەسەر یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام وتی ئەو باجانەی نیازی وایە بیانسەپێنێت بەسەر ئەوروپادا، بەریتانیا نەگرێتەوە.