داوا دەکرێت سێ ڕۆژ بکرێتە پشوو
07:28 - 19/02/2025
زەمەن - کوردستانى
شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت، سەرمایەکى توند دەگاتە هەرێمى کوردستان، بۆیە داوا لە حکومەت دەکەم بۆ سەلامەتى گیانى خوێندکاران، سێ رۆژ بکاتە پشووى فەرمى.
ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد کەمال، شارەزای کەشناسی رایگەیاند، شەپۆلێکی بەفر و باران و سەرما هەرێم و عێراق دەگرێتەوە و پێشبینی دەکەین لە پاشنیوەڕۆى سبەینێوە شەپۆلەکە بگاتە هەرێم و پلەی گەرما بۆ خوار 20 پلە ژێر سفر دابەزێت، ئەمەش دەبێت یەکەمی شەپۆلی جەمسەری کە ڕوودەکاتە هەرێم.
ئەو کەشناسە دەشڵێت، لەڕۆژانی 23 و 24 و 25 شەپۆلە توندەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان و پێشبینی بەفر بارین بە ڕێژەی 1مەتر لە ناوچە شاخاوییەکان و نزیکەی 10 سم لە ناو سەنتەری شارەکان دەکەین.
هەروەها راشیگەیاندووە، بەهۆی ئەو شەپۆلە توندە بەتایبەت لە ڕۆژانی 23 و 24 و 25 بۆ پاراستنی گیانی قوتابیان و خوێندکاران داواکارین بکرێتە پشووی فەرمی لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندندا، هاوکات داواشدەکات ڕێگای سەر شاخ و چیاکان بگیرێت بۆ ڕێگرتن لە ڕووداوی نەخوازراو.
لەبارەى کەشوهەواى مانگى رەمەزانیش، محەمەد کەمال رایگەیاندووە، پێشبینی دەکەین ئاستی باران بارین ڕێژەیەکی دڵخۆشکەر بێت و هاوکات پێشبینی دەکەین مانگی سێ بەگشتی مانگێکی پڕ باران و بەرەکەت بێت.