یاسای هەڵبژاردنی داهاتوو چۆن دەبێت؟
02:35 - 03/04/2025
زەمەن- عێراقی
هەرێم شێرە
لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، عێراق کرابوو بە 83 بازنەی هەڵبژاردن ، و هەر پارێزگایەک کرابو بە چەند بازنەیەک. بەڵام وا پێناچێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بە هەمان سیستەم هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.
لە ئێستادا بەشێکی لایەنە شیعیەکان دەیانەوێت هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکەنەوە ، بۆ ئەم مەبەستە پرۆژەیە یاسایەکیان پێشنیاز کردووە دەیانەوێت بیبەنە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدەن.کە لەم چەند خاڵەی خوارەوە باسی پێشنیازی هەمواری یاساییەکەم کردووە.
لە پرۆژە یاسایەکە عیراق کراوەتە 21 بازنەی هەڵبژاردن ، بۆ هەر پارێزگایەک یەک بازنەی هەڵبژاردن تەنها پارێزگاکانی (بەغداد و موسڵ و بەسرە ) نەبێت لەبەر زۆری ژمارەی دانیشتوانی دەکرێت بە دوو بازنە.
(تا ئێستا هەڵەبجە بە فەرمی نەبۆتە پارێزگا بۆیە هەر لەگەڵ پارێزگای سلێمانیان حیسابکردووە).
نابێت ژمارەی کاندیدانی لیستەکان لە ژمارەی كورسییەكانی دیاریكراو بۆ هەر پارێزگایەك زیاتر بێت، بەوەش رێگری لە كاندیدكردن بە مەبەستی كۆكردنەوەی دەنگ دەگیرێت كە لە لایەن هەندێك لە حزبەكان پیادە دەكرا.
هەر بەپێی هەموارە پێشنیازكراوەكە، لە 30%ی كورسییەكان لە هەر بازنەیەكی دەنگدان بۆ ئەو كاندیدانە تەرخان دەكرێت كە بە شێوەی سەربەخۆ یان لە لیستی کراوە خۆیان کاندید دەکەن و بەرزترین رێژەی دەنگ بە دەست دەهێنن ، لە بەرامبەردا لە 70%ی كورسییەكان بۆ كاندیدی لیستەکان(لیستی حزبەكان) دەبێت..
لەو ڕێژەی 70% بۆ کاندیدی لیستەکان ئامادەکراوە بە هاوکێشەی سانت لیگۆ (1.5 ، 3 ، 5 ، 7 ، 9،....) کورسی لیستەکان بۆ پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە..
لە هەر سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان (44) کورسی پەرلەمانی هەیە (15 هەولێر ، 18 سلێمانی ، 11 دهۆک)، لە کەركوکیش (12) کورسی پەرلەمانی هەیە ، ئەمە جگە لە کورسیەکی کۆتا کە لە هەریەک لە پارێزگاکانی (هەولێر و دهۆک و کەرکوک ) یەك كورسی هەیە. بە پێی هەمواری ئەم یاسایە بێت لەم 44 کورسییە گشتییەی هەرێمی كوردستان 12 کورسی بۆ لیستی کراوە( کاندیدە سەربەخۆکان) و 32 کورسیش بۆ کاندیدانی لیستەکانە.
ئەگەر بێتو ئەم هەمواری یاسایە دەنگی لەسەر بدریت ئەوا کورسیەکانی پەرلەمان لە سێ پارێزگاکەی هەرێم و پارێزگای کەرکوک بەم شێوەی لێدێت کە لەم وێنەی خوارەوە ڕوونم كردۆتەوە.
لەبەر سیستەمی سانت لیگۆ حزبە بچوکەکان ناتوانن بەشێوەی لیست دابەزن چونکە هاوكێشەکە بە جۆرێکە دەبێت دەنگی زۆر بە دەست بهێنیت تا دەبیتە خاوەنی یەک کورسی(هەروەک چۆن نەوەی نوێ 25 هەزار دەنگی هێنا لە کەركوك و نەیتوانی ببێتە خاوەنی یەک کورسیش)، بۆیە ناچارن بەشێوەی کاندیدی سەربەخۆ یان تاکە کاندیدێک لە لیستی کراوە خۆیان کاندید بکەن، لە هەمان کاتیشدا لیستە گەورەکان دەبێت هەرجۆرێک بێت بە ناچاری دەستبەرداری ئەو ڕێژەی لە 30% بن کە بۆ لیستە کراوەکان دانراوە ، بەمەش پارتی و یەكێتی ڕێژەی کورسیەکانیان بە بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو كەمدەكات . لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە هەر چۆنێك بێت ئەمجارە دەبێت كورد لە كەركوك و ناوچەكانی مادەی 140 یەك لیستی هەبێت ئەگینا ئەگەر وەك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن ئەمجارە زیانی زۆر بۆ پێگەی كورد دەبێت لە پەرلەمانی عێراق٠