106 جیهان

هاکان فیدان: پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ پارتی هەیە، هیوادارین یه‌كێتیش له‌ سلێمانی هه‌مان هه‌نگاو بنێت

02:57 - 08/04/2025

زەمەن:-

 

 وەزیری دەروەی تورکیا دەڵێت: ''هیوادارین دۆستانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیشمان لە سلێمانی، هاوشێوەی ئەوانەی هەولێر، خۆیان لە رێکخراوی تیرۆریستی پاکبکەنەوە.'' 

 ئەمڕۆ سێشەممە، ٨ی نیسانی ٢٠٢٥، میدییا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، کە شەوی ڕابردوو، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵێکی عێراقی ڕایگەیاندووە: پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـ ''مەترسی''یە بۆ سەر خاکی عێراق و  ''هیوادارم حکومەتی عێراق و نیشتیمانپەروەرانی عێراق، ئەو هەوڵەی پێویست بێت لە دژی پەکەکە بیدەن کە خاکی عێراقی داگیرکردووە و لە ناوچەی کوردی و عەرەبیدا نیشتەجێیە.''  

ئاماژەی بەوەشداوە، عێراق، پەکەکەی وەک ''رێکخراوی قەدەخەکراو'' ناساندووە، بەڵام تورکیا داواکاریی زیاتری لە عێراق هەیە و دەیەوێت، وەک ''رێکخراوی تیرۆریستی''ـیش بیناسێنێت.

 وەزیری دەرەوەی تورکیا دەشڵێت: ''ئێمە لەگەڵ هەولێر پەیوەندیی باشمان هەیە. سەیرکەن، بەڕێز مەسعود بارزانی ئەوەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و ناوچەکە لەدەستی بێت، دەیکات، چەندینجار ئەمەمان لێی بینی، جا چ لە بابەتی تیرۆر بێت، چ لە بابەتی وزە بێت، هەوڵی زۆری داوە.'' 

باسی لەوەشکردووە، نێچیرڤان بارزانی، هەموو ناوچەکە دەزانن، کەسێکی چەندە بنیاتنەر و پاڵپشتیکارە. واتە، کەسێکە لە هەموو پرسەکاندا هەوڵدەدات چارەسەرێکی ئەرێنی بۆ کێشەکانی ناوچەکە بدۆزێتەوە. بەڕێز مەسرور بارزانی، وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمەکە، هەموو هەوڵێک بۆ باشترکردنی ژێرخانی ناوچە کوردییەکە دەدات. واتە هەمووان بە خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکەی خۆیان سەرقاڵن. ئێمە کە ئەمە دەبینین، دڵخۆش دەبین.'' 

هاوکات، وەزیری دەرەوەی تورکیا داواکارییەکی لە یەكێتی هەیە و دەڵێت، ''هیوادارین دۆستانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیشمان لە سلێمانی، هاوشێوەی ئەوانەی هەولێر، خۆیان لە رێکخراوی تیرۆریستی پاکبکەنەوە و تەنیا بە خزمەتکردنی خەڵکی خۆیان سەرقاڵ بن''.

سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، وەزیری دەرەوەی تورکیا وتوویەتی: ''ئەوە گرنگە ئیسرائیل لێرەدا بەرپرسیارانەتر مامەڵە بکات. سیاسەتی داگیرکردن، لە بەرژەوەندیی ئاسایشی ئیسرائیل دا نییە. سیاسەتێکە سووریا بەرەو ناسەقامگیریی زیاتر دەبات''.
 
لە وەڵامی پرسیاری ''ئایا ئیسرائیل رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا وەک مەترسیێک دەبینێت و هەوڵی تێکدانی دەدات؟'' وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، ''دەکرێت''.
 
لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، فیدان گوتی، ''زیانێکی زۆری مادی بە عێراق گەیاندووە. هیوادارم ئەمە چارەسەر بکەن''.

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان رایگەیاند، هەموو وڵاتانی ناوچەکە لێی سوودمەند دەبن. باسی ئەگەری بەشداربوونی سووریا لە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان کرد و گوتی، ''ئەگەری هەیە و باشیش دەبێت. پێموایە، سووریا بە چەند شێوازێک دەتوانێت ببێتە بەشێکی پرۆژەکە''. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن