یەكگرتوو و كۆمەڵ: پارێزگای هەولێر مۆڵەتی نەداین بۆ ئەنجامدانی گردبونەوەیەك بۆ پاڵپشتی غەزە
08:04 - 10/04/2025
زەمەن - کوردستانى
بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى دادگەرى کوردستان لە هەولێر گردبوونەوەیەک بۆ پاڵپشتى غەزە ئەنجام بدەن، بەڵام دەڵێن، پارێزگاى هەولێر رێگەى پێنەداون گردبوونەوەکە بکەن.
لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا، کۆمەڵ و یەکگرتوو رایانگەیاند، بەهۆى رێگرییەکانى پارێزگاى هەولێر، ئەمڕۆ نەیانتوانیوە گردبوونەوەى پشتیوانى لە غەزە ئەنجام بدەن، دەشڵێن، بڕیارمان دا رۆژی شەممە 12ی 4ی 2025، کاتژمێر 4:30 خولەكی ئێوارە لەبەردەم پاركی شانەدەر لە هەولێر گردبونەوەیەكی جەماوەری ئەنجام بدەین.
هەروەها راشیانگەیاند، گردبوونەوەکە دژ بەو كۆمەڵكوژی و خوێنڕێژییانەیە کە دەرهەق بە گەلی فەلەستین و خەڵكی كەرتی غەزەی خۆڕاگر ئەنجام دەدرێت و هەروەها بۆ گەیاندنی هاوسۆزی و هاوخەمی گەلی كوردی موسوڵمانە بۆ خەڵكی غەزەو فەلەستین.
لەبارەى هۆکارى رێگریکردن لە گردبوونەوەکەى ئەمڕۆیان رایانگەیاند، بەشێوەیەكی فەرمی و یاسایی لایەنی پەیوەندیدارمان لە پارێزگای هەولێر ئاگاداركردەوە، بەڵام بەداخەوە بە پاساوی نەگونجاویی بارودۆخەكە داواكارییەكەیان رەتكردینەوەو مۆڵەتیان نەدا. هیواخواز بوین هاوكار بوینایە.
هەروەها دەڵێن، رێگای مەدەنی تر دەگرنەبەر بۆ دەربڕینی هاوسۆزی و پاڵپشتی خەڵكی غەزە لەوانە، روماڵی میدیایی و گەیاندنی كۆمەك و هەر رێگایەكی دیكەی مەدەنی، دەشڵێن، بەهۆی نەدانی مۆڵەت ئاگاداری هەمو لایەك دەكەنەوە كە گردبونەوەكە لەو كاتەی كە دیاری كرابوو ئەنجام نادرێت.