91 کوردستان

قوباد تاڵەبانی: بە خۆشحاڵییەوە کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی دێڵفی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

09:02 - 10/04/2025

زەمەن - کوردستانى

 

قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان لە پانێڵى ئابوورى دێڵفى کە لە یۆنان بەڕێوەدەچێت رایگەیاند، ئێمە هاوپەیمانی و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بەرز دەنرخێنین و سوپاس و رێزی زۆرمان هەیە بۆ هەموو هاوکاریی و پشتیوانییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان.

قوباد تاڵەبانى گوتیشى، لە ئێستاشدا لە هەرێم دەرفەتی زۆر گەورە هەیە بۆ گەشەپێدانی ئابووری، بۆیە داوا لە هاوپەیمانەکانمان دەکەین وەبەرهێنان لەو دەرفەتانەدا بکەن و بەشداربن لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووریی کوردستان.

هەروەها دەڵێت، لە پانێڵی کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی دێڵفی جەختیشم کردەوە هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە ئابووریی تاکسەرچاوە دووربکەوێتەوە، هەربۆیە لەم قۆناغەدا گرنگیی زۆر دەدەین بە گەشەسەندن لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و لەم ساڵانەی دواییشدا هەنگاوی زۆر باشمان لەمبارەیەوە ناوە، بەڵام بۆ گەشەسەندنی بەردەوام پێویستیمان بە هەنگاوی زۆر گەورەتر و چاکسازی لە شێوازی حکومڕانی و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبارتر هەیە بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا.

قوباد تاڵەبانى دەڵێت، بە خۆشحاڵییەوە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی دێڵفی لە سلێمانی بەڕێوەبچێت، کە ئەمەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ هاندانی وەبەرهێنانی بیانی لە کوردستان و شاری سلێمانی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن