بۆچی سیاسیەکان درۆ دوبارە وچەند بارە دەکەنەوە؟
5/30/2020 1:14:00 PM
ئارام سەعید
فەیلەسوفی فەرەنسی ژاک دێریدا (١٩٣٠-٢٠٠٤) لە کتێبیکیدا بەناوی " مێژووی درۆ" باس لە ئاڵۆزییەکانی درۆی ئەم سەردەمە دەکات و چەمکێکی گرنگ لەسەر درۆ باس دەکات. دێریدا دەڵیت " درۆ پێی ناوترێت هەڵە کردن وەک ئەوەی نیتشە بۆی چوە، چونکە دەکرێت هەڵە بکەین بەڵام درۆزن نەبین. درۆ شتێک نیە بەبێ مەبەست بکرێت وەک ئەوەی لای ئەفلاتون باسکراوە، مەحاڵە درۆ بکرێت بە بێ مەبەست،ئەرستۆ زۆر بەجوانی ئەمەی شیکردۆتەوە کە دەڵیت: درۆ تەنها کرداری درۆکە نیە بەڵکو نیەتێک هەیە بۆ درۆکردن. درۆکردن کردارێکە دژی بڕوای کەسێک، واتە کەسێک کە درۆ ئەکات شتێک دەڵێت بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی خۆیەوە"
ئەم شیکردنەوەیە پێمان دەڵیت یەکەم بەبێ مەبەست درۆ ناکرێت و ئەوەش کاریک نیە بڵێین هەڵەیەک بوەو رادەگوزەریت، بەڵام لەسەردەمی ئێستادا وەک هەموو بوارەکانی تر درۆش بەرەوپێش چوە ،وەک هانا ئارنێت دەڵێت "درۆی مۆدێرن جیاوازە لە درۆی تەقلیدی کە بۆشاردنەوەی راستیەکان بوە، درۆی مۆدێرن بۆ وردوخاشکردنی راستیە و ئەوکاتەی سیاسی بەسەر حەقیقەتدا زاڵ دەبێت ئیتر دەسەڵاتی دیکتاتۆر پێک دێت.
جۆزیف گۆبڵز وەزیری پڕوپاگەندەی سیاسی بووە لەسەردەمی ھیتلەر و ئەڵمانیایی نازی (١٩٣٣-١٩٤٥)و یەکێک بووە لەدیارترین کەسایەتیەکانی حکومەتەکەی ھیتلەر وتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە لەسەدەی رابردودا و تا ئێستاش زۆر لە سیاسیەکان و بەتایبەتی لەو وڵاتانەی دیکتاتۆرین و دەسەڵاتی ستەمکار تیایدا حوکمڕانە، زۆرکاری لەسەر دەکەن و پەیڕەوی دەکەن، گۆبڵز دەڵی " درۆ بکە، درۆ بکە تا بڕوات پێ دەکەن" بەڵام بۆ تەواکردنی ئەم چەمکە لە بیرکردنەوە شیکردنەوەی تری هەیە بۆ وتەکە و دەڵیت "درۆ ئەگەر یەک جار بوترێت هەر بە درۆ ئەمێنیتەوە، بەڵام ئەگەر هەزارجار بیڵێیتەوە دەبێتە راستیی"
لەمێژودا زۆر لە درۆکان ئیستا لای ئەم نەوەیە بۆتە راستی و خەڵک پێی وایە ئەوانە ڕاستیین، چونکە بەردەوام دەوترێنەوە.ساڵانێکی زۆرە نوێنەران و سەرکردەکانی کوردایەتی دروشمەکانیان دوبارە دەکەنەوە و چەندین روداوی گرنگیی مێژویی لەژیانی ئێمەدا هەیە کە دەیانگێڕنەوەو چەندین جار وەک قەوانی کۆن لێی دەدەنەوە نەوەیەکی لەسەر رادەهێنن کە ئەوانە راستیین. پارتی دەیەوێت خوێندنەوەی خۆی بۆ روداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر زاڵ بکات بەسەر یادەوەری کوردا و ئێستاش دەڵێن جەماعەتەکەی ١٦ ی ئۆکتۆبەر! یەکێتی دەیەوێت خوێندنەوەی خۆی زاڵ بێت بەسەر ٣١ی ئابدا بەخیانەت ناوی دەبات. گەر بنکۆڵی روداوەکانی شکستی ١٩٧٤ و شۆڕشی ئەیلول و ناکۆکیەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی بکەین لەگەڵ خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا ئەوا چەندین هەڵوێستی سیاسیی هەیە شیکردنەوەی حزبیانەو سیاسی بۆکراوەو چەندین ساڵ وتراونەتەوەو لە درۆوە بونەتە راستی.
حکومەتی هەرێم قەرزارە، ئەم قەرزە دەمێکە باس دەکرێت، سەرەتا لە پارلەمانی کوردستانەوە وترا، دواتر میدیا،پاشان سیاسیەکان، بۆیە مەسرور بارزانی یەکەم کەس نیە باسی قەرز بکات و گەر بە تۆمارەکاندا بچینەوە ئەم قەرزە هەمیشە لەبۆنەکاندا دوبارە دەکرێتەوە، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و رۆشنبیر و میدیاکان بەردەوام دەیڵێنەوە، چونکە هەتا بوترێتەوە نزیکی دەکەنەوە لە راستیی ، دەسەڵات بە ئانقەست وازناهێنن لە باسکردنی چونکە ئەوە کاریگەریی زۆری لەسەر ئەقڵ و سایکۆلۆژیای مرۆڤی کورد دەبێت، وەک ئەوەی تەلقینی دابەن ، ئەوان درۆیەک دادەهێنن و بەردەوام دەیڵێنەوە، حەوت بۆ هەشت ساڵ دەیڵێنەوە، کاتێک دەزانی نەوەیەکیان لەسەر ئەو درۆیە دروستکردوە،کە بروای تەواوی کردوەو لێی بوە بە ڕاستیی و ئیترداوای هیچ بەڵگەیەک ناکات.