635وتار

ئۆپۆزیسیۆن یان جوانکردنی دەسەڵات!

8/25/2021 1:05:00 PM
ئارام سەعید

بیگومان ئۆپۆزیسیۆنبوون لەسایەی دەسەڵاتیکی تاکڕەودا جیاوازە لە ئۆپۆزیسیۆنی سیستمێکی دیموکراسی، لەسایەی دەسەڵاتیکی وەک هەرێمی کوردستان حزبەکانی دەسەڵات دامەزراوەی سەربەخۆ ویران دەکەن یان دەیخنكێنن، ئازادی میدیا تەواو کەمدەکەنەوە، سەربەخۆیی داگا ناهێڵن، هەموو داهاتەکانی حکومەت بۆخۆیان کۆنترۆڵ دەکەن، لێرەوە کێبڕکێی ئۆپۆزیسیۆن دەبێتە سفر و ئەوکات هیزەکانی نارازی دەبێت خۆیان بگونجێنن لەگەڵ دەسەڵاتدا و کاردانەوەو کارکردنیان زۆر دیاریکراو دەبێت. بەڵام ئایا باشترین ستراتیژ چیە بۆهێزی ئۆپۆزیسیۆن لەسایەی دەسەلاتی دیکتاتۆریدا؟ خالە لاوازەکانی دەسەڵاتیکی ستەمکار چیە بۆئەوەی ئۆپۆزیسیۆن بتوانێت کاری لەسەربکات؟ 

یەکێک لەو هەنگاوە گرنگانەی دەبێت هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بیگرنە بەر هاوکاری نیوان خۆیانە، پێکهێنانی هاوپەیمانیە بەتایبەتی لەپێش هەڵبژاردن، هۆکارێکی گرنگی سەرکەوتنیانە، لەزۆربەی نمونەکانی وڵاتانی جیهان کەلەسایەی دیکتاتۆردان ئۆپۆزیسیۆن جیاوازیەکانی وەلا دەنێت و بۆ ئەو ئامانجە کەبەدەستهێنانی زۆرترین کورسی پارلەمانە هاوپەیمانیەتی پێک دەهێنن، تەنانەت گەر جیاوازی قوڵیشیان هەبێت، چونکە پارتەکانی دەسەڵات ستراتیژی جۆراجۆر بەکاردەهین بۆ پەرتکردنی ئۆپۆزیسیۆن و مانەوەی خۆیان و تەنانەت هاوپەیمانی ژێربەژێر دەکەن. 

ئۆپۆزیسیۆن زۆر لەئامرازەکانی تاقیکردۆتەوە، نارەزایی دەربرین، خۆپیشاندان، بایکۆتکردن، کەزۆربەیان بێ ئەنجام بوون، ئەوەی ئەنجامی بەرچاوی هەبووە کاری پێکەوەیی و هاوپەیمانێتی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بووە لە رابردودا. ئەوکاتەی هاوڵاتی بەشداری دەنگدان ناکات لەبەرئەوە نیە کە بروای وایە دەنگدانەکەی گۆڕانکاری دروست ناکات بەڵکو ئەوە لاوازی ئۆپۆزیسیۆنە کە ناتوانیت وێنەیەک نیشان بدات کە پێکەوەییان و هاوپەیمانێتی بەهێز دەتوانێت گۆرانکاری لە سیاسەتدا دروست بکات.

ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن ئەمانە نەکات ئەوکات حەقیقەتی دەسەڵاتی کوردی دەشارێتەوە و دیۆێکی ترمان نیشان دەدات چونکە ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن دەیکات نابێتە کێبڕکێ بۆگرتنە دەستی دەسەڵات بەڵکو دەبنە یاریزانێکی باش کە بەکاردەهێنرین لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆجوانکردنی هەنگاوەکانی دەسەڵات. ئەو هەموو سەرکوتکردنە کە هەیە دەشارنەوە شەرعیەت دەدەن کەئازادی هەیە بۆیە ئەوان بەردەوام رەخنە دەگرن بێ ئاگا لەوەی ئەوەی دەیکەن هەمان ئەو قسانەیە کە دەسەڵاتیش دەیکات بەڵام بەشیوازی جیاواز هەربۆیە بەم رەفتارەیان چەکێک دەدنە دەسەڵات بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە و نابنە مەترسی بۆ کورسی دەسەڵات. 

سەرکوتکردن و راکێشانی ئۆپۆزیسیۆن بەلای خۆیاندا کارێکی کردوە نەبنە هێزیک کە توانای گۆڕانکاری هەبێت، بەپێچەوانەوە بەکاردەهێنرێن و وینەیەک نیشان دەدەن کە فرەحزبی هەیە هەرچەند بەشیوەیەکی رەمزیش بێت و بەوەش دەسەلاتی تاک حزب و بنەماڵە روپۆش دەکەن، پێکەوە لەگەڵ دەسەڵات دەڵێن دیموکراسی بۆئەم هەرێمە نابێت وەهمێکی گەورەیە. بەدریژایی ماوەی دەسەڵاتدارێتی پارتی و یەکێتی لەهەرێم هەوڵیان داوە حکومەت قووت بدەن، دواتر پارلەمان،دواتر دەسەڵاتی قەزایی و میدیا لەکۆتایدا نۆرەی ئۆپۆزیسیۆن هات!   

ئۆپۆزیسیۆن بوون بەتەنها مانای بۆڵەبۆڵ نیە، مانای چارەسەرە، ستراتیژە، بەدیلی دەسەڵاتە نەک بەتەنها نارازی بوون. هەربۆیە ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی ئێستا هەیە بەئاگایی بێت یان بێ ئاگایی دەچێتە خانەی جوانکردنی دەسەڵات، کەلە ناوەو دەروەی وڵات وێنەیەک نیشان بدەن لەهەرێمەکەماندا فرەحزبی هەیە و رەخنە و نارەزایی لە حکومەت هەیە، بەردەوام پارلەمانتاران رەخنە دەگرن و نمایشی گەندەڵیەکان دەکەن و باسی نادادپەروەری دەکەن بەبێ ئەوەی بتوانن هیچ کاریگەریەک دروست بکەن، کەسیش ناپرسێت ئەو هەموو رەخنەیە بۆ کوی دەروات! ئەی ئەو سەرکوتکردن و دەستگیرکردنەی چالاکەوانان بەکوی گەیشت؟ ئۆپۆزیسیۆن چ گوشارێکی دروستکرد؟ پارلەمانتارانی گۆڕان کە لە حکومەتدان هەمیشە باسی گەندەڵیەکان دەکەن و بزوتنەوەکەشیان لەدەسەڵات بەشدارە، یەکێتی و پارتیش پارلەمانتارەکانیان رەخنە دەگرن و باسی هەبونی گەندەڵی دەکەن! هەربۆیە ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن بەتەنها رەخنە نیە بەڵکو دانانی ئەو ستراتیژەیە کە دەبێتە هەرەشەی کرداری بۆ کورسی دەسەڵات نەک جوانکردنی دەسەڵات!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن