523وتار

کاتێک هاوڕێی سایکۆپاتیت

2/8/2022 10:13:00 AM
ئارام سەعید



فەیسبوک ماڵێک بۆ سایکۆپاتەکان

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەهەموو سوچ و قوژبنێکی ژیانماندا هەن، ئایا پەیوەندیکردن و دۆزینەوەی هاوڕێ لەسەر فەیسبوک و تویتەرو ئەنستاگرام هەمان پەیوەندییە کە لە واقیعدا هەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دوو بەرە هەیە، یەکێکیان دژو ئەوی تر لەگەڵ ئەو هاوڕێەتییە، چونکە لەپشتی شاشەکانەوە هەندێک کەس خۆیان مەڵاس داوە بۆ بڵاوکردنەوەی رق و کینە، هەر بۆیە گرنگە بزانین ئەو هاوڕێانەی لەسەر فەیسبوک لە واقیعدا هەمانە تاچەند دەچنە خانەی سێکوچکەی تاریکییەوە، چۆن بیانناسینەوە؟

لە زۆر ناوەندی پزیشکیی و زانکۆ لە جیهاندا کار لەسەر ئەوەکراوە کە کاردانەوەی مێشکی سایکۆپاتەکان چۆنە لەکاتی روداوەکاندا یان ئەو بەشەی مێشکیان کە پەیوەندی بەسۆزدارییەوە هەیە لەکاتی بینینی تەنگژەکاندا کاردانەوەیان چۆنە. بۆ ئەوەی ئەو هۆکارە بدۆزنەوە کە بۆچی سۆزداریان نیە زۆر تاقیکردنەوەیان لەسەر نەخۆشەکان ئەنجامداوە، کە ئەنجامەکانی زۆر سەرنجڕاکێش بوون، لە یەکێک لە تاقیکردنەوەکانی زانکۆی شیکاگۆ وێنەیەک نیشانی کەسی سایکۆپات دەدەن کە وێنەی کەسێکە بۆ نمونە دەستی بووە بەدەرگایەکەوە، دوو پرسیاری لێدەکەن یەکێکیان ئەگەر تۆ وات لێ بێت، دووەم ئەگەر کەسێکی تر وای بەسەر بێت، لەکاتی پرسیاری یەکەم کە پەیوەندی راستەخۆی بەخۆیانەوە هەیە ئەو بەشەی مێشکیان کە پەیوەندی بە سۆزدارییەوە هەیە چالاکی تیا دروست دەبێت و هەستی پێدەکەن، بەڵام کاتێک دەپرسن ئەگەر کەسێکی تر ئەوەی بەسەر بێت ئەوکات مێشکیان و ئەوبەشەی کاردانەوەی سۆزداری تێدایە هیچ ناجوڵێت و کاریان تێناکات...

سایکۆپاتەکان هەمویان پیاوکوژ نین و لە زیندانەکاندا بن، جۆریان زۆرە، هەندێکیان ئاستی بیرکردنەوەو مێشکیان نزمە بۆیە دەبنە پیاوکوژو لە زیندانەکاندان، بەڵام هەندێکی تر ئاستی بیرکردنەوەیان بەرزەو ئەوانە دەبنە بەڕێوەبەری گەورە یان سیاسی یان بزنزمانی گەورە.

سایکۆپات رەنگە کەسێکی نزیکت بێت و رۆژانە بیبینیت، رەنگە بەڕێوەبەر یان بەرپرست بێت، یان خۆشەویستت بیت، چونکە ئەوان لە روخساردا هیچ جیاوازیان نیە لە کەسی ئاسایی بەڵام لەدەرونیاندا هیچ ویژدانێکیان نیە، هەربۆیە دەکرێت لەتەنیشتمانەوە سایکۆپات هەبێت و نەزانین.

ئەوان خۆیان خۆشەویست دەکەن، هەلسوکەوتیان وایە کە سەرنجت رابکێشن، ئەو گۆرانییە دائەنێن لە سۆشیاڵ میدیا کە تۆ حەزی پێ دەکەیت، ئەو قسانە دەکەن کە تۆ بڕوات پێیەتی. هەمیشە هەوڵ دەدەن پێت بڵێن کە زۆر خاڵی هاوبەش هەیە لەنێوانتاندا، تا ئەوکاتەی بەو هەلسوکەوتانەی دەتکاتە هاوڕێ و ئیتر ئارامیی لەژیانتا ناهێڵێت. لەکۆتایی فیلمەکەی کەباسی تێد باندی سیاکۆپات دەکات نوسراوە "تاوانبارەکان شەو بە ددانی درێژەوەو لیکی زۆرەوە دەرناکەون، خەڵک نازانێت کە پیاوکوژێک لەناویاندایە، ئەو کەسانەی خۆشیان ویستووەو لەگەڵی ژیاون و کاریان لەگەڵ کردوون، تا ئەوکاتەی رۆژی دواتر کە ئاشکرا ئەبن ئەوکات ئەزانن لەگەڵ چ شەیتانێک بوون".

ئەو کاتەی هاوڕێی سایکۆپاتیت ئیتر دوودڵی تۆ و دەسەڵاتی ئەو دەست پێدەکات.. سایکۆپات هەمیشە یاریت پێدەکات هەرکاتیش بەبەڵگەوە بۆت سەلماند کە یاری دەکات، ئەو بەتوندی رەخنە دەگرێت و رەتیدەکاتەوە کە ئەوکارەی کردبێت. کارێک دەکەن تۆ پێویستت پێیان بێت و بەئەنقەست فەرامۆشت دەکەن بۆ ئەوەی رابکەیت بەدوایانا... ئیتر هێمنی و ئاسایش لەناختدا ناهێڵن. ئەو هاوڕێیانەی بەردەوام درۆ دەکەن ئەوە بەلگەیەکی گرنگە بۆئەوەی بزانیت کە سایکۆپاتن، چونکە داهێنەرن لە دروستکردنی درۆدا، دەیان و سەدان چیرۆکی گەورەی درۆ هەیە کە دروستکراوی سایکۆپاتەکانە وەک ئەوانەی تێد باندی دەیکات و تەنها خۆی بەر لەسزای کورسی کارەبایی دانی نا بە کوشتنی ٣٠ کچدا کە رەنگە هەندێکیانی باس نەکردبێت کە دادگایی و تاوانبارکردنەکەی چەندین ساڵی خایاندو تۆمەتەکانی رەتدەکردەوە تا کورسی کارەبایی بووە هەڕەشەیەک ویستی تەمەنی دریژتر کات بەو دانپیانانە کە ئەویش فریای نەکەوت.

ئەو جۆرە لە هاوڕێ لە فەیسبوک پاش ئەوەی بوون بەهاوڕێت ئیتر هەوڵ ئەدەن ئیرەییت تیادا بچێنن، دوای تۆ گرنگی بە کەسانی تر ئەدەن، ئەگەر پێشتر هەندێک گۆرانی لەبەر تۆ دانابێت ئیتر بیر لەوە دەکاتەوە ئەوگۆرانیانە دابنێت کە تۆحەزی پێ ناکەیت، ئەچنە ئەو لاپەرانەی ترەوە کۆمێنت دەنوسن و بۆ تۆی نانوسن، فەرامۆشت دەکەن، چونکە سایکۆپاتەکان زوو هەست بە بێزاری دەکەن و دوور دەکەونەوە لەوەی هاورێیەتی نزیک ودرێژخایەن و سۆزداری دروست بکەن کەسیش ناتوانێت ئەو بۆشاییەی رۆحی ئەوان پڕبکاتەوە، ئەوان خۆشەویستی دەگۆڕن بۆ ترس و دڵەڕاوکێ، هەموو بەیانیەک کە لەخەو هەڵدەسیت هەست بە نیگەرانی و دوودڵی دەکەیت... پارە و تواناکات نامێنێت هەموو ئەمانە ئەو سیفەتانەن کە کەسی سایکۆپات هەیەتی لە خۆشەویستی و هاوڕیەتیدا....

لەو نمونانەی کە تەواو بیرکردنەوەو هەلسوکەوتی سایکۆپاتمان نیشان دەدات زنجیرە درامای "تۆ- You"ی جۆ گۆڵدبێرگە کە ئێستا لە نێتفلێکس هەیەو چیرۆکی ئەو زنجیرەیە باسی کوڕێکی گەنج دەکات کە بەرێوەبەری کتێبخانەیەکەو چەند هەست و خولیایەکی سەیری هەیە و بەبینینی هەموو زنجیرەکە تێدەگەین بۆچی کەسێک دەکەوێتە داوی خۆشەویستی سایکۆپاتێکەوەو چی بەسەردێت لەو پەیوەندیەدا؟ گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو پاڵەوانە وادەکات لەسەرەتاوە بینەر پشتگیری لە هەلسوکەوتەکانی بکات سەرەڕای فێل و کارە خراپەکانی چونکە هەمیشە پاساوی هەیە بۆ تاوانەکانی و دەبینیت چۆن لەهەموو ئەو تاوانانە خۆی قوتار دەکات...رەنگە زۆر لەو بینەرانەی زنجیرەکە حەزبکەن پەشیمان بێتەوە لەو کارانەی، بەبینینی زنجیرەی "تۆ" تەواو تێدەگەین لە تواناو ئاستی بیرکردنەوەی خۆشەویستی و هاوڕێی سایکۆپات...

هاوڕێەتی سایکۆپات زیانێکی درێژخایەنی دەبێت کە هەندێک گومان و هەستی جیاوازت لا دروست دەکەن کە هەمیشە هەست بکەیت هەڵەیت، باشترین رێگاش بۆ دورکەوتنەوە لێیان ئەوەیە کە هیچ پەیوەندییەکی نامەو سۆشیاڵ میدیاو تەلەفونیت لەگەڵیان نەمێنێت تا رێگە بگریت لەو نائارامیەی لەدەرونتدا دروستی دەکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن