پاڵتۆکەی پارتی
7/24/2022 4:52:00 PM
ئارام سەعید
کۆمەڵێک حزب و
هێزی جیاواز کوردستانیان تەنیوە و بەردەوام لەململانێ و پێکداندان، رەخنە لەیەک دەگرن
و لەیەکتری نارزاین و پێکەوە حکومەت پێک دەهێنن و دوژمنی یەکترن بە میدیا و بڵاوکراوەکانیان،
بەڵام چەندین ریکەوتن و بەرژەوەندی هاوبەشی ژیربەژیریان هەیە.
هەندێکی تر دەمێک
لە حکومەت و دەمێکی تر دەبنە ئۆپۆزیسیۆنی سەرسەخت و سیستمەکە بەخراپ دەزانن و رەخنەی
دەکەن.
ئۆپۆزیسیۆنی
تازە دروست دەبێت و دەکەوێتە رەخنە وقسەکردن لەسەر دەسەڵاتی بنەماڵەیی ومۆدێلی
خراپی حزبی دەسەڵات و پاش ماوەیەکی کەم خۆی دەبێتە هەمان مۆدێل، حزبەکان وەکو کۆیلە
سەیری ئەندام و لایەنگرانیان دەکەن، ئەگەر یەکێتی و پارتی دەیان ساڵیان پێویست بوبێت
تا ببنە بنەماڵەیی و دەستبگرن بەسەرحزبدا ئەوا لای ئۆپۆزیسیۆن ئەم پرۆسەیە خێراترە و زوتر بنەمالە دەست دەگرێت بەسەر
حزبدا.
باس لەناکۆکی
و ململانێی ناوخۆی حزبەکانی دەسەڵات دەکەن و رەخنە لە پرۆسەی بریاردان دەگرن بەڵام
لە جەوهەردا هەمان پرۆسە هەیە لەلای خۆیان بۆ بڕیاردان، باس لەخراپیی میدیای دەسەڵات
دەکەن و خۆیان میدیای حزبیان هەیە، باس لەکۆنگرە خراپەکانی حزبی دەسەڵات دەکەن و ئۆپۆزیسیۆنیش
ئەوئەندامەی سەرۆک لێی رازی نەبێت نابێتە بەرپرسی باڵا.
ئەوکاتەی یەکێتی
دروستبوو وەک هێزێک لە دژی پارتی و لەهەناوی پارتیەوە هاتەدەرێ، کە گۆڕان دروستبوو
وەک هێزێکی دژە یەکێتی لەهەناوی یەکێتیەوە هاتە دەرێ، بەگشتی هەموو ئەو هێزە نوێیانەی
لەهەناوی حزبی دایکەوە هاتنە دەری لەئەنجامدا بونەوە بەهەمان هێز بەڵام بەناوی جیاوازەوە
و ئەوەی گۆڕرا دەموچاوەکان بوو،هەرچەندە لە سەرەتاکاندا ناوی تازەو رەفتاری جیاواز
دەکەن بەڵام دواتر دەچنەوە سەر حزبی دایک کە ئەویش پارتیە، کەواتە چۆن هێزێک کە کۆپیەکی
بچوکی هێزێکی تر بێت گۆڕانکاری وململانێ دەکات لەگەڵ حزبی دایک.
کامەیە ئەو مۆدێلەی
لەکوردستاندا لە مۆدێلی پارتی دیموکراتی کوردستان جیاوازە؟ چیە چیاوازیەکانیان ولەچیدا
جیاوازن؟ گوتار ودیدگایان لەکوێدا جیاوازە؟ ئایا لابردنی ئەو گروپانەی دەسەڵات و جێگرتنەوەی
بەیەکێک لەو ئۆپۆزیسیۆنانە گۆرانکاری دروست دەکات یان هەر گۆڕینی دەموچاوەکانە وەک
ئەوەی لەمیسر رویدا؟ تۆبڵیی ئەگەر یەکێتی و پارتی لاببرێن دەستێکی ئەمین دارێکی سیحری
پێ بێت و بتوانێت گۆڕانکاری ریشەیی بکات؟
دۆخی هاوڵاتیانیش تادێ
خراپتر دەبێت، گومان نیە لەوەی دەسەڵاتی سیاسی ئێستا چارەسەری ئەم دۆخەی ئێستای پێ
ناکرێت و تابڵیی گەندەڵ و ستەمکارە، نارەزایی و بێ ئومێدی گەورە هەیە لەوەی توانای
چاکسازیان هەبێت، ئەوەی زیاتر خەڵک بێ ئومێد دەکات ئەوەیە بەدیلێک نابینێت بۆ رادەستکردنی
ئەم دەسەڵاتەو هەربۆیە هیچ نارەزاییەکی جیدی دەرناکەوێت چونکە هاوڵاتیان باش دەزانن
ئەوهێزانەی ئێستا ئۆپۆزیسیۆنن گەربێت و دەسەڵات بگرنە دەست گەرەنتی نیە کە بەهەمان
شێوە و مۆدێل دۆزەخێک نەخولقێنن چونکە لە رەفتارەکانیاندا ئاماژەیەک نیە بۆ ئەوەی
جیاوازبن و لەجەوهەردا هەریەکێکیان پارتیە بەدەموچاوی جیاوازەوە و هەمویان لەپاڵتۆکەی
پارتیەوە هاتونەتە دەرێ!
کۆتاییهێنان بەدۆخی ئێستا
پێویستی بەدیدێکی روون و ئاشکرا هەیە کە مۆدێلی پارتی نەبێت و بتوانیت گوتاریکی پێکەوەژیان
و ئاشتیانەو قبولکردنی جیاوازی هەبێت و هاتنی هێزی نوێ بەهەمان شیوازی پێشوو بێ
ئومێدی زیاتر و ماڵوێرانی زیاتری بەدواوەیە!