رێکخراوی مەدەنی یان ئۆپۆزیسیۆن!
5/5/2021 2:54:00 PM
ئارام سەعید
سروشتی رژێمی بەعس وابوو لەسەر بنەمای تەنها حزب و تەنها سەرکردە کاریدەکرد، زۆرن ئەو دەسەڵاتانەی بەوشێوەیە کاردەکەن، کە تێیدا ئەولەویەت بۆ دامەزراوەکانی پاراستنی سەرۆکە لەسەر حسابی کۆمەڵگە، بۆجێبەجێکردنی ئەوئامانجە یاسای دارشتبوو لەهەموو بوارەکاندا بەئاراستەی خزمەتی سەرۆک کار بکرێت. بۆ رێکخراوە مەدەنیەکانیش بەهەمان شێوە تا بە ویستی خۆی دابمەزرێن، میدیاش هەر تەنها خۆیان هەیانبوو، ئەو رێکخراوانەی دروستیشیان دەکردن هەر لەسەرەتاوە بە شێواوی لەدایک دەبون چونکە بۆئامانجی خۆیان بوو نەک کۆمەڵگا .. بەم پێیەش زۆربەی وزەی کۆمەڵگا پەکی کەوتبوو.... لەهەرێمی کوردستاندا هەرچەندە یاساکان بڕێکی باش رێگەی کارکردنیان ئاسانکردوە،بەڵام ئەقڵی دەسەڵاتی ئێستا ئەو یاسایانەی پێ باش نیە و تابکرێت بە دەرکردنی رێنمایی لەلایەن حکومەتەوە دوور لە یاساکان رێوشوێنی دژ بە یاساکە دەگرنە بەر کەنمونەکانی وەزارەتی رۆشنبیری و رێنماییەکانی بۆ داخستنی میدیاکان دیارن..
چالاکی و کارکردنی مەدەنی لە هەموو کۆمەڵگایەکدا ئەڵقەیەکی گرنگ و کاریگەرە بۆ هاندانی گۆرانکاری، لە دەسەڵاتی تاککڕەودا حکومەت هەموو دەرگاکان بەرووی کاری سەربەخۆی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و میدیای ئازادا دادەخات، هەر بۆیە ئەو رێکخراوانەی یان ئەو دامەزراوە میدیایانەی نایانەوێت بچنە ژێرباڵی حکومەت یان دەبێت بچنە پاڵ ئۆپۆزیسیۆن یان ئەگەر بتوانن بە سەربەخۆیی بمێننەوە بە دەستی ئۆپۆزیسیۆن تۆمەتبار دەکرێن، لەکاتێکدا کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی جیاوازە لە ئۆپۆزیسیۆن و حکومەت و سیاسەتکردن، ئەرکی سەرەکی ئەوان چاودێری و کاری هاوبەشە لەگەڵ حکومەت...
لە کاتی نەبونی هاوکاری لەنێوان ریکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و دامەزراوەکانی حکومەت، پەیوەندیەکان ئاڵۆز دەبن. لەسایەی حکومەتی داخراودا رێکخروەکانی کۆمەڵی مەدەنی تەنها پەنا دەبەنە بەر رەخنە گرتن لە حکومەت لەجیاتی پێکەوە کارکردن، وەک چۆن لەسەردەمی رژێمی بەعسدا دەیان رێکخراوی عێراقی و کوردستانی هەبوون لەدەرەوەی وڵات کاریان دەکرد و هەمیشە لەدژی رژێمی بەعس بوون. لەکاتێکدا ئەرکی سەرەکی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە سیستمێکی دیموکراسیدا ئەوەیە نەک تەنها رەخنەگر بیت بەڵکو دەبێ هاوکار و چاودێربێت. هەماهەنگی تەواوی هەبیت لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت. ئەم دەرئەنجامەش هۆکارەکەی سیاسەتەکانی حکومەتە وا دەکات ئەرکی رێکخراوەکان ومیدیاکان بگۆڕێت بۆ کاری ئۆپۆزیسیۆن بوون.
لەهەرێمی کوردستاندا لەسایەی داخراویی حکومەت و رێگری کردن لە کاری هاوبەش ونەدانی زانیاری بە رۆژنامەنوسان کۆمەڵێک کێشەو ئالنگاری لە بەردەم رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ومیدیای ئازادداهەیە لەوانە بونیی ژمارەیەکی کەم لە میدیای ئازاد و سەربەخۆ و لەبەرامبەردا دامەزراندنی میدیای زەبەلاح لەلایەن خودی حکومەت و دەسەڵاتەوە کە بائاراستەی بەرژەوەندی حزب و حکومەت کاردەکەن. نەبونی دەستپێشخەری مەدەنیانەی سەرکەوتوو لەلایەن رێکخراوەکانەوە کە کاریگەر بن لەسەر حکومەت. زۆربونی رێکخراو ومیدیای سەربە دەسەڵات کاریگەری کردۆتە سەر لەدەستدانی متمانەی رێکخراوەکان ومیدیا بەتایبەتی لە قەیرانە سیاسیەکاندا کە رۆڵیان دەبیتە پارێزەری دەسەڵات. کەمیی دەرفەت هەیە بۆ رێکخراوەکان بۆ گوشارکردن و چاکسازی لە حوکمڕانیدا بەهۆی نەبونی سەروەری یاسا و کۆنترۆلکردنی میدیاو دەسەڵاتی قەزاییەوە.
رێکخراوە ناحکومیەکان دەبێ دوور لە کۆنترۆڵی حکومەت کاربکەن، قازانج نەویست بن، چونکە رۆڵی ئەوان بریتیە لە نێوەندگیری نێوان کۆمەڵگە و حکومەت. ئەوکاتەی حکومەت بابەتێکی گرنگی کۆمەڵگە پشتگوێ دەخات و چارەسەری ناکات،رێکخراوەکان ئەوبابەتە دەگەیەننە لای دەسەڵاتداران و کار بۆ چارەسەری دەکەن بۆیە دەبێت بێلایەن بن بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانە.
بەکورتی لەبەرئەوەی ئامانجی رێکخراوی ناحکومی و میدیای ئازاد ئەوەنیە بگاتە دەسەڵات و ئامانجی سیاسی نیە، ئەرکەکەی جیاوازەو دەیەوێت ئەو دەسەڵاتەی لەسەر حوکمە بە باشترین شێوە کارەکانی ئەنجام بدات و چاودێر و هاوکاربێت. بۆئەوەی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و میدیای ئازاد بتوانن ئەو ئەرکە ببینن کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگ لە حکومەتەوە پێویستە حکومەت بەرەسمی دان بنێ بە رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ومیدیای ئازاد وەک ئامرازێکی چاودێری گشتی. رێکخراوەکان ومیدیا سەربەخۆ بێت لە رووی داراییەوە ولەژێر کۆنترۆڵی حکومەت و حزبدا نەبێت. گرنگە رێکخراوەکان خۆیان لەنێوان خۆیان هەمئاهەنگیان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن کاریگەربن لەسەر سیاسەتەکانی حکومەت بۆخزمەتی هاوڵاتیان...
لەکۆتاییدا رێکخراوە ناحکومیەکان،یان رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە وڵاتانی جیهاندا کۆمەڵیک ئەرکی گرنگ جێبەجی دەکەن کەئامانج لێی خۆشگوزەرانی و پەرەپیدان و دروستکردنی گۆڕانکاری باشە لە کۆمەڵگادا، رەنگە لەرووی هەیکەلی ئیداری و چالاکیەوە جیاوازبن بەڵام بەگشتی دەبێت لەدەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن بن و هەروەها قازانج نەویستبن.