190وتار

هەڵەی ستراتیژی سەرکردە و دەرئەنجامەکانی*

4/13/2023 10:29:00 AM
ئارام سەعید

گەر سەرنج بدەین زۆربەی قوربانیانی دوو سەدەی رابردوی جیهان دەرئەنجامی هەڵەی ستراتیژی سەرکردەکان بوون، ناپلیۆن هێرشی کردە سەر روسیا بەنیازی ئەوەی داگیری بکات، بەڵام خراپ دۆڕرا، ژمارەیکی زۆریش قوربانی دا. هێتلەر پێی وابوو هەمان هەڵە دوبارە ناکاتەوە و روسیا داگیر دەکات، بەهەمان شێوە تێکشکا، ژاپۆن هێرشی کردە سەر بەندەری پێرڵ هاربەر بێ ئەوەی حساب بۆ توڕەبون و توانای سەربازی ئەمریکا بکات، دواتر ژاپۆن وێران بوو.

هەروەها پەلاماری ئەمریکا بۆ ڤێتنام، یەکێتی سۆڤیەت بۆ ئەفگانستان، دواتر و دواتر چەندین بڕیاری لەو جۆرە کە کارەساتی گەورەی لێکەوتۆتەوە روویاندا. لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەراستیشدا نمونە زۆرن، کە هەڵەی ستراتیژی بوون، لەوانە گرتنی کوەیت لەلایەن سەدامەوە..هتد

 

لە کوردستان یش چەندین جۆر هەڵەی ستراتیژی لەوجۆرە کراون ئەگەر وورد بیانخوێنینەوە، شەری ناوخۆ، شەری چەندین ساڵەی نێوان حزبە کوردیەکان، رێکەوتن لەگەل رژێمە داگیرکەرەکان بۆ لەناوبردنی هێزێکی کوردی تر، ٣١ ی ئاب ، ئەنجامدانی ریفراندۆم، پشتبەستنی زیاد لە پێویست بەئەکتەرە دەرەکیەکان، فەرامۆشکردنی دامەزراوەسازی و حوکمڕانیی، دووبەرەکی و دابەشبونی هێزەکان، ئەوەی ناونرا ئابوری سەربەخۆ! ..هتد

 

گەر سەرنجی ئەو نمونە مێژوییانە بدەین ئەوا بۆمان دەردەکەوێت ئەوانەی بڕیاری شەڕ و ئاشتی دەدەن سەرکردە سیاسیەکانن ئەوانەی بڕیاڕبەدەستن ئەنجامیان داوە، کە ئەویش لەوە سەرچاوەی گرتووە کە سەرکردەکان گوێ ناگرن لەوانەی بیرکردنەوەیان پێچەوانەی خۆیان بووە،ئەوان ئەو زانیاریانەیان پێ خۆشە کە بەرگری لە بۆچونی خۆیان دەکات، بۆئەوەی ئەو بریارە بدەن کە دەیانەوێت. بۆ نمونە هێتلەر، فەرماندەی سەربازی هەبووە کە پێی وتوە شەڕی روسیا هەڵەیە نابێت بکرێت، ناپلیۆن بە هەمان شێوە، شای ئێران تەنانەت ساواک پێی وتوە کە خەڵک ناڕازیە و بارودۆخ خراپە بەڵام گوێی نەگرت.بارزانیش لە ئاستی ناوخۆ ونێودەوڵەتی پێیان ووت کە ئەنجامدانی ریفراندۆم کارەساتی لێدەکەوێتەوە، بەڵام تەنها گوێی لەوانە گرت کە لەگەڵ بۆچونیی خۆی یەکدەگرنەوە.
گرنگە ئەوە بزانیین لە پشت هەموو سەرکردەیەک کە ڕاویژ ناکات و بڕیاری هەڵە دەدات ستافی شەرمن و بێ هەڵوێست هەیە کە وادەکەن بکەوێتە هەڵەوەو ئەویش خۆی حەزی بەوجۆرە کەسانەیە کە بڕیارە هەڵەکانی پشتڕاستدەکەنەوە.

 

لەو سیفەتانەی ئەو سەرکردانە هەیانە ئەوەیە زانیاریەکان پشتگوێ دەخەن، پشت دەبەستن بە پێشبینی خۆیان، تواناکانی لایەنی بەرامبەر بە کەم مەزەندە دەکەن، دواترینیشیان ڕای جیاواز و گفتوگۆ و راویژ دەخنکێنن. ئەم دیاردەیەش، هەندێ جارلایەنەکانی نەیاری دەسەڵاتیش لێی بێبەری نین و رەنگی داوەتەوەو سەرتاپای پێکهاتەی حزب و سەرکردە لە کوردستاندا جێی ئەوەیە لێکۆڵینەوەو شیکردنەوەی وردیان لەسەر بکرێت کە ئایا تاچەند لە بڕیارەکانیاندا رەچاوی ئەوخاڵانە دەکەن کە پێویستە بۆ ئەوەی بڕیارێکی ستراتیژی بدەن.

 

لە کۆتاییدا ئەو حزب و سەرکردانەی زانیاری دامەزراوەکانیان باش هەلدەسەنگێنن و قبوڵی جیاوازی بۆچونەکان دەکەن، وانەکانی مێژوو پشتگوی ناخەن، ئەو تەمومژەی لەبەردەمیاندایە تەواو روون دەبێتەوە و ئەوکاتە بڕیار دەدەن و دەگەن بەبریاری دروست، کەمتر هەلەی ستراتیژی دەکەن.  مێژوو پڕە لە نموونەی ئەو سەرکردانەی کە هەڵەی ستراتیژی زۆریان کردووە، کە لە ئەنجامدا کارەساتیان بۆ نەتەوەکانیان و جیهان بە گشتی بەدوای خۆیدا هێناوە. گوێنەگرتن لە دیدگا جیاوازەکان، پشتگوێخستنی زانیاریەکان، پشتبەستن بە تەنها پێشبینییەکانی خۆیان و سەرکوتکردنی بیروڕای جیاواز، تایبەتمەندی باوی ئەو سەرکردانەن کە مەیلیان بۆ هەڵەی ستراتیژی هەیە.

 

*تێبینی: بۆ ئەم نوسینە سودێکی زۆرم لە کتێبی " چاوبەستەگی، هەڵە و شەڕەکان:  ئەمریکا و چین دەتوانن چی فێرببن " بینیوە کە لە نوسینی هەرسێ نوسەر(داڤید سی کۆمپێرت، هانز بێندیاک، بانی لین) کە باسی ووردی هەلە ستراتیژەیەکانی مێژوو دەکات و لەوێوە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی ئەمریکا و چین ئەتوانن چی فێربن لە وانەکانی مێژوو.
Blinders, Blunders, and Wars: What America and China Can Learn


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن