ئۆپۆزیسیۆن لەنێوان بەرداشی دەسەڵاتدا!
7/13/2021 10:24:00 AM
ئارام سەعید
گومانی تێدا نیە کە دەسەلات بەرپرسیارە لە دۆخی
ئێستای هەرێمی کوردستان، بەڵام ئۆپۆزیسیۆنیش پشکی بەرپرسیارێتی بەردەکەوێت، چونکە
لەساڵانی رابردودا هێزە ناڕازیەکان چەندین هەڵەی ستراتیژیان کردوە کەهێندەی تر دەسەڵاتی
بەهێزکردوە. ئۆپۆزیسیۆن لەهەرێم لەنیوان بەرداشی یەکێتی وپارتیدا هاڕراوە، بەهەڵوێستی
سیاسیاندا دەردەکەوێت کە خوێندنەوەیان بۆدۆخی دەسەڵات لەهەرێم دروست نیە.
یەکەمیان: زۆرکات لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەڵەیەکی کوشندە دەکەن کە ئەویش
ئەوەیە لەگەڵ پارتی رێکدەکەون دژی یەکێتی یان لەگەڵ یەکێتی رێکدەکەون دژی پارتی، بێ
ئاگا لەوەی کە هەردوو هێزی دەسەلات هێندە بەرژەوەندیان پێکەوەیە هێزی بچوک کە دەچێتە
نێوانیانەوە ووردوخاش دەبێت لەنێوان دەباشان و سەری رەشدا.
هێزی ئۆپۆزیسیۆن لەجیاتی ئەوەی خۆی پێناسە بکات و هەڵوێست و ستراتیژی
روونی خۆی هەبێت دەبێتە پاشکۆو ناسنامەی خۆی لەدەست دەدات. بێ ئاگا لەوەی پارتی ویەکێتی
پەیوەندی ژیانیی و ستراتیژیان پێکەوە هەیە، دوو هێزی گەورەن وچونە پاڵ یەکێکیان دژی
ئەویتر هاوکێشەکە لە بەرژەوەندی یەکێک لەهێزە گەورەکان کۆتایی دێت نەک هێزێکی
بچوک، کە تەفروتونا دەبێت لە ململانێکەدا ،هاوسەنگیی لە ململانێکەدا نیە، چونکە بەرژەوەندیەکانی
ئەو دوو هێزە گەورەترن لەوەی رێگە بەوانی تر بدەن گەشەبکەن لەنێوانیاندا. هەربۆیە
تائیستا ئۆپۆزیسیۆن سەرکەوتونەبوە چونکە ئەوهەنگاوانەی دەچێتە خزمەتی ستراتیژی دەسەڵات
و لەئەنجامدا زەرەرمەند بوە.
دووەم: کاتێک هێزیکی دیاریکراو ستراتیژ دادەنێت بۆ گەیشتن بەئامانجیکی
گەورە مانای ئەوەیە پلانێکی درێژخایەن دادەنێت، هەوڵ دەدات بەچەند قۆناغێک نزیک بێتەوە
لەئامانجەکەی و بۆئەوەش پێوستی بە تاکتیک هەیە، ئەگەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن ئامانج
وستراتیژیان ئەوە بێت بگەنە دەسەڵات و گۆڕانکاری ریشەیی بکەن ئەوا ئەو تاکتیکەی بەکاری
دەهێنن نایانگەیەنێتە ئەو ئامانجە بەڵکو دەیانکاتە پاشکۆ و ناتوانن ئامانجەکانیان
بەدیبهێنن لەبەرئەوەی بەرگەی ئۆپۆزیسیۆنبونی تاسەر ناگرن وپەلە دەکەن لەگەیشتن بە
دەسەڵات. دەستێکیان لەناو دەسەڵات و دەستێکیان لەئۆپۆزیسیۆندایە..ئەگەر بزوتنەوەی
گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو تا ئێستا ئۆپۆزیسیۆن بونایە دەیانتوانیی گۆڕانکاری گەورە
بکەن و دۆخەکە بە ئێستا نەدەگەیشت و جیاواز دەبوو، دەسەڵات هێندەی ئێستا دەستکراوە
نەدەبوو بەرامبەر چالاکەوان و خودی ئەندامانی خۆیان.
سێهەم: ئایا دەنگدەر بە تەنیا بەوە رازی دەبێت
کە ئۆپۆزسیۆن دژی حکومەت و هێزە حوکمرانەکانی بێت؟ بەتەنها باسکردنی گەندەڵی حکومەت
بەسە بۆئەوەی بڵێین نارازیەکان ستراتیژیان هەیە؟ خۆدەسەڵات خۆشی باسی گەندەڵیی و کەموکوڕیەکانی
دەکات! پێداگری لەسەر چاکسازی دەکات، هەندێک چالاکەوان بەتەنها لەرێگەی پەیجی خۆیانەوە
دەیان رەخنە دەگرن و چالاکن، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن بوون بەتەنها لە حزبدا کورت ناکرێتەوە
بەلکو کەلتورە بەر لەهەموو شت، واتە کەلتورێکە دەبێت هێزەکانی کۆمەڵگە لەناو خۆیاندا
جیاوازیان قبوڵ بێت، بەڵام لەکوردستاندا هێزی ئۆپۆزیسیۆن جیاوازی بیرورایان قبوڵ نیە
لەناو حزبەکانیاندا. کەواتە چی جیایان دەکاتەوە لەدەسەڵات؟ لەکاتێکدا نمونەیەکی جیاوازیان
پێشکەش نەکردوە.
پرسیاری کۆتایی ئەوەیە ئەگەر لە وڵاتێکدا دەسەڵاتی
دادوەری و هێزە ئەمنیی و سەربازیەکان بەدەست حزبەوە بن ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێت چی
بکات؟ بارودۆخی لەهەڵبژاردندا چۆن دەبێت؟ ئایا ئۆپۆزیسیۆن لە واقیعدا سنورەکانی تا
کوێ دەڕۆن؟