وەهمی دەسەڵات
4/8/2023 7:50:00 PM
ئارام سەعید
بە بڕوای فەیلەسوفی سیاسی هانا ئارێنت، دەسەڵات
" توندوتیژی یان زۆرەملێ نییە" بەڵکو دەسەڵات ڕەگ و ڕیشەی لە توانای خەڵکدا
هەیە بۆ کۆبوونەوە و بەشداریکردن لە کردەوەی بەکۆمەڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان.
بە واتایەکی تر دەسەڵات توانایەکی دەستەجەمعییە نەک خاوەندارێتی تاک یان دامەزراوەکان.
ئەمەش بەو مانایەیە کە دەسەڵات شتێک نییە کە تاکەکان یان دامەزراوەکان خاوەندارێتی
بکەن، بەڵکو شتێکە لە کردەی بەکۆمەڵی مرۆڤەکانەوە سەرهەڵدەدات. ئارێنت پێی وابوو
کاتێک دەسەڵات چڕ دەبێتەوە لەدەستی چەند کەسێکدا دەبێتە جۆرێک لە هەژموون کە دیموکراسی
تێکدەدات.
ڕۆسۆ لە کتێبی "گرێبەستی کۆمەڵایەتی"دا
ڕوانگەی لەبارەی دەسەڵات و حوکمڕانییەوە نوسیوەو ئاماژەی بەوەداوە کە تاکە فۆڕمی شەرعی
حکومەت ئەوەیە کە لەسەر بنەمای ئیرادەی گەل بێت، و دەبێت حوکمڕانان لێپرسینەوەیان
لەگەڵ بکرێت لەلایەن ئەو هاووڵاتیانەوە کە خزمەتیان دەکەن. ئەو پێی وابوو هەر جۆرە
حکومەتێک نەتوانێت خزمەت بە چاکەی گشتی بکات، ناشەرعییە و دەبێت بگۆڕدرێت.
ئەفلاتون لە بەرهەمە بەناوبانگەکەی "کۆمار"دا
ئاماژەی بەوە کردووە کە باشترین شێوەی حکومەت ئەوەیە کە لەلایەن فەیلەسوف-پاشاکانەوە
سەرکردایەتی دەکرێت کە ژیر و دادپەروەر و بەفەزیلەتن. ئەو پێی وابوو ئەو کەسانەی بۆ
بەرژەوەندی خۆیان بەدوای دەسەڵاتدا دەگەڕێن، ئەگەری زۆرە بەهۆیەوە گەندەڵ ببن، و تەنها
ئەو کەسانە دەتوانرێت متمانەیان پێ بکرێت کە بە هەستێکی قووڵی دادپەروەری و فەزیلەت
ڕێنمایی دەکرێن بۆ سەرکردایەتیکردنی کۆمەڵگایەک.
ماکیاڤیللی لەکتیبی میر دا زۆر لە پادشاکان بەئاگا
دەهێنیتەوەو دان بەوەدا دەنێت کە دەسەڵاتدارێک بەرژەوەندی خۆی بخاتە پێش خەڵک، ڕەنگە
ڕووبەڕووی بەرەنگاربوونەوەی خەڵک بێتەوە و دواجار دەسەڵات لەدەست بدات. ئەو دەڵێت
حاکمێکی سەرکەوتوو دەبێت بتوانێت خۆی لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکاندا بگونجێنێت و
ئامادەبێت بڕیاری قورس بدات بۆ ئەوەی پێگەی خۆی بپارێزێت.
حکومەتی هەرێم گرنگە لە وەهمی دەسەڵات وەک خاوەندارێتی
تاکە کەسیی تێپەڕێت و درک بەو راستیە بکات کە سروشتی دەستەجەمعی دەسەڵات توانایەکی
گەورەی پێدەبەخشێت و تاککڕەویی لەناوی دەبات. ئەمەش پرسیاری بنەڕەتیە لەبارەی
سروشتی دەسەڵات و ڕۆڵی لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیدا . سیاسەتی حکوومەتی هەرێم بۆ گەشەپێدانی
دیموکراسی، پەیوەندییەکی تەواوی هەیە بە تێگەیشتنی لە دەسەڵات و ڕۆڵی لە کۆمەڵگادا.
ئەگەر حکومەتی هەرێم بیەوێت بە خواستە دیموکراسیەکانی خۆی بگات، دەبێت لەو وەهمە بێتە
دەرێ.
لە کۆتاییدا دەڵێین، حکومەتی هەرێم دەبێت هەنگاوی
کۆنکرێتی بنێت بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکان.
ئەمەش تەنها بە پەرەپێدانی شەفافیەت و ڕێزگرتن لە ئازادی قسەکردن و باشترکردنی سیستەمی
هەڵبژاردن و بەهێزکردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پێشخستنی پەروەردەی مەدەنی بەدەست
دێت. حکومەتی هەرێم بەم کارە دەتوانێت متمانەی خەڵک بۆ دامەزراوەکانی بگەڕێنێتەوە
و دیموکراسییەکی تەندروست و زیندوو بەرەوپێش ببات.