هاڕاندنی هەرێم
3/26/2023 5:37:00 PM
ئیدریس مستەفا
سەردێڕی هەواڵ: هەرێم چیدی ناتوانێ نەوتی هەرێم
بفرۆشی یا هەناردەی دەرەوەی بکات بە سەربەخۆییانە و هەموو دەرگاکانی لێ داخرا.
یەک دوو جار هاوڕێیەکم پێی گوتم: تۆ بۆ هەر لەسەر
ململانێ نێودەوڵەتیەکان دەنوسی و لەسەر هەرێم زۆر کەم شت دەڵێی؟ منیش پێم گوت:
چونکە لەو هەرێمە سیاسەت ناکرێ تاکو من شتێکی لەسەر بڵێم و کاری منیش ئەوەیە قسەوباس
لەسەر سیاسەت بکەم. ئەگەر لەسەر هەرێم قسەبکەم ئەوا دەبێ بچمە دەرگایەکی ترەوە کە
من نامەوێ لەو دەرگایە بدەم چونکە دوورم دەخاتەوە لەو لۆجیک و دیدە بابەتیەی من بۆ
سیاسەت بەکاری دەهێنم.
ئەوەی دوێنێکە گوێ بیستی بووین و وا ئیستا گوێ
لە هاڕەکەی دەگرین ئەنجامەکەی ئەوەیە لەو هەرێمەدا، مەبەستم لە دەسەلاتەکەیەتی، سیاسی
یاخود سیاسەتمەدار نیە تاکو سیاسەت بکەن و لە دنیای سیاسی تێبگەن. بردنی سامانی بۆریە
نەوتەکان و خاڵە گومرگیەکان و بەرزکردنەوەی بالەخانەی بەرز و کردنەوەی کەناڵی میدیایی
و بە سەماخستنی کچ و ژنی تێیدا و بە کرێ گرتنی کۆمەڵێ مەلا و بانگخوازی ئاینی بۆ گیان
ئەوانی دی... ئەوە سیاسەت نیە بەڵکو ئەوەی کۆمەڵێ گەمەی خراپی دەسەلاتدارێتیە بۆ گیرفان
پرکردنی خۆ و هەرا نانەوە و ناشیرینکردی کۆمەڵگە.
سیاسەت ئەوەیە پرسێکی نەتەوەیی، نیشتمانی، چینایەتی،
دەوڵەتیت هەبێ و جومگەکانی ئەم شتانە بوونی هەبێ لە ناو هەر دام و دەزگایەک و گروپ
و تاکێکی حزبی و حکومی و ئەکادیمی و پەروردەیی و..هتد. سیاسەت ئەوەیە تۆ راوێژکار
و ئەنجومەنی سیاسیت هەبێ کە لە سیاسەت بزانن و لە سیاسەت تێبگەن؛ سیاسەت لە قەوارەیەکدا
ئەوەیە دەزگا و کەسانی ئەکادیمی تایبەت بە بوارە جیاوازەکانت هەبێ تا پرس و راوێژیان
پێ بکەی و گوێیان لێ بگری.....هتد ئایا ئەمانە وجودی هەیە لەو هەرێمە؟
لەو هەرێمەدا وەک دەیڵێمەوە دەسەڵاتدار هەیە و
کۆمەڵێ یار و یاوەری بە دەورەوەیە لە ئیدارەکەیدا و لە دەرەوەش سوپایەک لە چەکدار
و لایەنگری بە پارە کڕدراوی هەیە و لێرەوەیە کە هەر چی بینا و دەزگایەکی وەک پەرلەمان
و سەرۆکایەتی حکومی و هەرێمی هەیە هەمووی لە خزمەت یەک مەبەستدایە ئەویش سەروەت و
سامان کۆکردنەوە بۆ خێزان و بەرپرسەکان و بەردارەکان و ....هتد گەر وانیە باشە دەکرێ
بە یەک بڕیارێک ئە وهەرێمە هاڕەی لێ بێ؟ هەرچەندە ئەوان نازانن هاڕە چیە چونکە ئەوان
دەتوانن لە دوو سبەیدا بە دزیەوە بکەونە فرۆشتنی نەوتەکە و وڵاتانی ناوچەکەش بەوپەڕی
خۆشحاڵیەوە ئەو قاچاخچێتییەیان لێ قبوڵ دەکەن.
سیاسەتی نەوتی ئەوە نیە هەر نەوت لە بۆڕیەکانەوە
بفرۆشی بەڵکو ئەوەیە چۆن پرسە سیاسیەکانی وڵاتی پێ دەبەیتە رێوە. سیاسەت ئەوە نیە
باڵەخانە بەرزبکەیتەوە بەڵکو ئەوەیە چۆن وڵات دەکەیتە باڵەخانەیەک و لە جیهان بڕوانی؛
سیاسەت کۆمەلی سەفقە نیە و هەرجارە تەنازولێک یا شتێکت لێی دەست بەکوێ بەڵکو سیاسەت
جێگیرکردن و پیداگرتنی پرسەکانە. جا چونکە چونکە ئەو دەسەڵاتدارێتیەی هەرێم خاوەن
هیچ پرسێک نیە بۆیە کاتێک توشی تەنگژەیەکی سیاسی ناوچەیی یا نێودەوڵەتی دەبێ توشی
شکستی ئێجگار خراپ دێن کە باجەکەشی تەنها و تەنها خەڵکی هەرێم دەیدەن.