ئایا هنری کیسینجەر دپلۆمات بوو یان بکوژ بوو؟ ئایا موسەببکاری مەرگی ٣ سێ ملیۆن مرۆڤ دپلۆماسیەتە؟
12/3/2023 3:22:00 PM
ئیدریس مستەفا
بە پێی ئەو زانیاریانەی لەسەر هنری کیسینجەر بڵاوبوونەتەوە کە هەندێکیان لە زاری خۆی و هەندێکیشیان لە سەرچاوە سیاسیەکانی خودی رۆژئاواوە لەوانە کتێب و رۆژنامە و میدیاکانەوە:
هنری کیسینجەر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بوو لە نێوان ساڵانی ١٩٦٩- ١٩٧٧ لەسەردەمی دوو سەرۆکایەتی ئەمریکا ئەوانیش ریچارد نیکسۆن و جیراڵ فۆرد بوون، ئەمە جگە لەوەی ستراتیجسیەنی ئەمریکا بووە لە ماوەی دوانزە سەرۆکایەتی ئەمریکادا، لە نێویدا جۆو بایدنی ئیستای سەرۆکی ئەمریکا، تا ئەو رۆژەی کۆجی دوایی کرد واتە پێرێکە.
لەو کاتەوەی هنری کیسینجەر هاتە نێو دنیای سیاسەتی ئەمریکاوە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر یەک ستراتیج دەڕواتە رێوە تاکو ئیستا ئەویش چارەسەر نەکردنی هیچ کێشەیەک یا ئەزمەیەک، گەر نەشبوو ئەوا خوڵقاندنی قەیران و شەڕ پیویستیەکی سەرەکی ئەمریکایە بۆ جیهانی دەوەرەی خۆی چونکە لە بەرژەوەندی ئەمریکادایە کە هەموو کێشەکانی جیهان بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە یاخود لە سەداسەد بە قازانجی ئەمریکا بشکێتەوە.
لەو کاتەوەی هنری کیسینجەر پۆستی سیاسی و ئیداری و حکومی وەرگرت جگە لە دانوستانە کارەساتباراویەکانی ناوچەکە و جیهان، راستەوخۆ دەستی وەردایە کاروباری ناوخۆی چەندان وڵات لەوانە: شەڕی ڤییەتنام، جینۆساید لە کامبۆدیا، رۆژهەڵاتی تەیمور و بەنگلادیش، ئاگر خۆشکردنی شەڕی ناوخۆیی لە باشوری ئەفریقیا، دروستکردنی گروپ و دەستی مەرگ لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین لەگەڵ پلان و پشتیوانی کردنی کودەتا بەسەر حکومەتە شەرعیەکانی ئەو کیشوەرەدا... ئەنجامی ئەم دەست تێوەردانانەی هنری کیسینجەر کوشتنی نزیک بە ٣ سێ ملیۆن مرۆڤی لێکەوتەوە ئەمە جگە لە کەم ئەندام بوون و بریندار بوون و زیندانی کردن.
دپلۆماسیەت لە دنیای رۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا و بە تایبەتتر هنری کیسنجەر ئەو تێگەیشتنە رووکەش و سادەیە نیە گوایە بریتیە لە دانوستان و قسەزانی و شارەزایی لە گفتوگۆ و چی و چی بەڵکو دپلۆماسیەت واتە بە کوشتدانی ملیۆنان مرۆڤ و وێرانکردنی شوێنی ژیان و گوزەرانیان؛ لە کەمترین ئاستی تێگەیشتندا دپلۆماسیەت لای کیسینجەر واتە قۆرخکردنی وڵاتان لە پێناوی بەرژەوەندی ئەمریکادا.