101وتار

ئێران و ئەمریکا: دوژمن یان دۆستی یەکتر؟

2/17/2024 1:49:00 PM
ئیدریس مستەفا

کورد لەو نێوەدا 
پێشبارێکی کورت...

 سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەمووی بە قازانجی ئێران تەواو بووە. لە سیاسەتی ئەمریکادا نیە پەلاماری راستەوخۆی ئێران بدات نەک لەبەرئەوەی ناوێرێت بەڵکو لەبەرئەوەی ئێران خزمەتی سیاسەتەکانی ئەمریکا دەکات لە ناوچەکەدا. ئەو کێشمەکێشەی ئێران و ئەمریکاش لەسەر پاوانخوازی و دەسەڵاتی زیاترە لە ناوچەکەدا بەتایبەت لە کەنداودا. لە یەک حاڵەتدا بەرەو روو دەستەئێخەی یەکتر دەبن گەر هەڕەشەی جدی لەسەر بوونیان هەبێ.  بۆ ئێران ترسی رووخانی رژێمەکەی و بۆ ئەمریکاش بەرژەوەندیە ستراتیجیەکانی لە ناوچەکەدا. 

ئەمریکا ساڵی ٢٠٠٣...

 ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک ئەمریکا عێراقی داگیرکرد، پارێزەرێک و ئەکادیمیستێکی گەنجی ٣٢ ساڵەیان راسپارد بە ناوی "نوح فیڵدمان" تاکو نەخشەی سیاسی دوای روووخانی بەعس دابڕێژێ. پلانی سەرەکی نوح فیڵدمان ئەوە بوو کە شیعەی عێراقی بکەن بە گژ ئێراندا. وەک هەموانیش دەزانین لەمەدا شکستیان هێنا، بەڵام ئەمریکا لە شتێکی تردا سەرکەوتوو بوو، کە لە بنەڕەتیشدا مەبەستەکە هەر ئەوە بوو، ئەویش روخاندنی هەموو راڤەیەکی ئابوری و سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئیداری و مەدەنی و شارستانی عێراق لە نێویدانی شکاندنی شکۆی مرۆڤ لەو وڵاتەدا.
چین مەبەستە...

چین تاکە رکابەری ئابوری ئەمریکایە و هەموو دەنگە جیاوازەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە چین ئابوری ئەمریکا بە چەند شەقاوێک تێدەپەڕێنێ لە داهاتوویەکی نزیکدا. بۆیە یەکێک لە سیاسەتی بنەڕەتیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بریتیە لە دروستکردنی بەربەست بۆ هەر نفوزێک گەر چین بیەوێ دروستی بکات هەرچەندە چین جێ پێی خۆی قایم کردووە. ئەمریکا وەک جاران زۆر پیویستی بە نەوتی کەنداو نیە بەڵام چین لە ئێستادا جێگەی ئەمریکای جارانی گرتۆتەوە کە پیشەسازیەکەی پێویستیەکی زۆری بە نەوت و گاز هەیە. رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بچوک رێژەیەکی زۆری بۆ دابین دەکات بەتایبەت ئێران بەشی شێری بۆ دەنێرێت کە رۆژانە زیاتر لە دە ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی چین دەکات بە زۆر کەمتر لە نرخی بازاڕی جیهانی.

ئێران دوژمنێکی دۆستئامیز...

 ئێران وەک سیاسەتی ئاشکرای دەوڵەتی دوژمنی ئەمریکایە بەڵام لە هەمان کاتدا دۆستێکی دڵسۆزە بۆ ئەمریکا بە رادەیەک هیچ یەکێک لە وڵاتەکانی ناوچەکە ئەوەندە خزمەت بە سیاسەتە ستراتیجیە دەرەکیەکانی ئەمریکا ناکات. لە دوو سێ دەیەی رابردوودا سیاسەتەکانی ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکەدا هاوشانی یەکتر چوونەتە پێشەوە وەی ئەوەی رێکەوتنێکی فعلی لە نێوانیاندا هەبێ (کە هەندێ کات هەبووە). ئەوەی ئێران و ئەمریکا لە کەنداودا دەیکەن رێک بە قازانجی هەردوولایانە بەڵام تەنها کێشەیەک لە نیوانیاندا هەبی بریتیە لە رادەی ئەو نفوز و بەرژەوەندیەی هەریەک دەیەوێت هەیبێت لە ناوچەکەدا. 

رێگەدان بە دەسئاواڵایی ئێران:

 لوبنان و عێراق و فەلەستین و یەمەن وەک نمونەگەلێک..
ئەمریکا خۆی و هەروەها بە هاوکاری وڵاتە هاوپەیمانەکانی وەک عەرەب و ئەوروپیەکان دەیتوانی کە هەر لەسەرەتاو نەهێڵێت ئێران لە لوبنان خۆی قایم بکات، بەڵام رێگەیان پێدا تاکو لوبنان لە ولاتێکی نموونەی مۆدێرن و دیموکراسی و فرە ئاین و فرە فەرهەنگەوە بکات بە کاولەیەک و بنکەیەکی سەربازی و دەسڕۆیشتۆی شیعە، هەروەها کردنی لوبنان بە بەرەیەکی شەڕ لە بەرامبەر ئیسرائیلدا کە جگە لە بەهەدەردانی سامان و ئارامی ئەو وڵاتە هیچ بەرهەمێکی تری نەبووە چونکە لوبنان بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ رکابەری ئیسرائیل بێت چ لە بواری سەربازی و چ لە بواری ئابوریەوە کە ئەم دوانە دوو رەگەزی پایەیی بەهیزی هەر ولاتێکن.

لە فەلەستین ئەمریکا سودێکی ئێجگار زۆری بینی لە ئێران بەوەی گەشە بە ئیسلامی بدات دژ بە هێز و بەرە چەپەکانی فەلەستین لەوانە نایف حەواتمە یاخود حەواتمەییەکان. ئەم سیاسەتە لە لوبنانیش پەیڕەو کرا بەتایبەت لوبنان سەرچآوەی نوسەر و بیرمەند و چاوگەی چاپکردنی بەرهەمە چەپی و پێشکەوتووەخواەکان بوو. عێراق، هەموان دەزانین ئەمریکا عێراقی داگیرکرد و بەشیوەیەکی ئۆتۆماتیکی تەسلیم بە ئێران کرا و عێراق نەک هەر بووە جێگەیەکی گەورەی بێ رکابەری ئێران بگرە بوو بە ئێرانی دووەم لە ەهردوو روی سیاسی و ئاینی و فەرهەنگیەوە. 

حوسیەکان دواترین دیاری ئەمریکا بوو بۆ ئێران تا بتوانێ پایەی سیاسی خۆی لە ناوچەکەدا زیاتر بەهێز بکات. ئەمریکا یەمەنی کرد بە قوربانی ئەو پلانە ئیمپریالیستیەی خۆی کە ناویان لێ نابوو بەهاری عەرەبی. لەو پلانەوە حوسیەکان کە گروپێکی ئیجگار بچوک و بێ بنەمای سیاسی و ئاینی بوون لەو وڵاتەدا بکەن هیزێکی گەورە و نیوەی یەمەنی بخەنە ژیر دەست و لە لیستی تیرۆر دەریان بهێنن و ئیستاش ببێت بەو کەڵەگایەی کە هەڕەشە لە زیاتر سەدا پەنجای بازرگانی دەریای جیهانی دەکات کە هەموو جیهان دەزانێ و خۆشیان نایشارنەوە ئێران پشتیوانی ئەوەڵ و ئاخری سیاسی و دارایی و سەربازیانە.

ئایا ئەمریکا بە ئەنقەست رێگە بە ئێران دەدات؟

 بەخێر بەڵام هەموو سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بیەوێ یان نەیەوێ بە خۆڕسک چوونەتە خزمەتی ئێرانەوە لەوانە داگیرکردنی عێراق و تێکدانی یەمەن. ئەمریکا هەدەفمەندانە یەمەنی کاولکرد وەک ئەڵقەیەک لە ئەڵقەکانی بەناو (بەهاری عەرەبی)، کە دەیتوانی نەهێڵێ حوسیەکان ئاوها پێ بگەن. تەنانەت خودی ئەو هاوپەیمانێتیەی کە لە نێوان سعودیە و ئیمارات و میسر دروستی کرد بۆ لێدان لە حوسیەکان بریتی بوو لە سەرقاڵیەک و هیچی تر بۆیە هەموو وڵاتەکانی تر لێی کشانەوە و ئیستاش ئامادەنین هیچ هاوپەیمانێتیەک لەگەڵ ئەمریکادا دروست بکەن لە ناوجەکەدا دژ بە ئێران و بالەکانی سەر بە ئێران لەوانە حوسیەکان. 

یەمەن وەک رمێک دژ بە سعودیە...

 سعودیە لە دەیەی رابردووەوە دەیەوێ وەک قوتبێکی ناوچەیی و تەنانەت جیهانیش دەرکەوێت وەک ئێران و تورکیا و لەمەشدا هەموو ئامادەییەکی تیدا هەیە. ئەم هەنگاوەی سعودیە بوونی ئەمریکا لە کەنداودا دەخاتە ژێر پرسیارەوە بەتایبەت کە سعوودیە پەیوەندیە دپلۆماسی و سیاسی و حکومیەکانی لەسەر باڵاترین ئاست لەگەڵ ئێران ئاسایی کردەوە. شەڕ و ئاژاوە لە یەمەن کە لەسەر سنوری راستەوخۆی سعودیەیە بەتایبەت نزیک ناوچە شیعە نشینەکانی سعودیەیە پەیامێکی ئەمریکایە کە لەوانەیە پریشکەکەی بگاتە سعودیە و هەروەها وڵاتانی نیمچە دوورگەی عەرەبی بە گشتی. سعوودیە و ئیمارات گەورەترین رێکەوتننامەی ئابوری و بازرگانیان لەگەڵ چیندا بەستووە تا رادەی ئەوەی ئیمارات بەندەرێکی تایبەتی داوە بە چین بۆ ئەو مەبەستە. 

چین و سعودیە...

 چین و سعودیە ئاقڵانە مامەڵەیان لەگەڵ کێشە و تەنگژەکانی ناوچەکە بەتایبەت کەنداودا کردووە بەوەی پەیوەندیان لەگەڵ ئێران و باڵەکانی ئاساییە لەوانە حوسیەکان. بایدن کە هاتە سەر حوکم حوسیەکانی لە لیستی تیرۆر دەرکرد کەچی داوا لە سعودیە و کەنداو و وڵاتانی تری سەر دەریای سور لەوانە میسر دەکات دژی حوسیەکان شەڕ بکەن. پشێوی نانەنەوەی گەورە لە دەریای سور و پڕ چەککردنی ناوچە ئاوییەکانی وەک دەریای سوور و خەلیجی عەدەن بە چەکی گەورە و ترسناک ئامانجەکەی دوو شتە ئەویش رێگەنەدانی تەواو بەوەی چین نەبێتە هێزێکی بەهێز یاخود مشتەریەکی چالاک بۆ کڕینی وزە لە ناوچەکە بۆیە گەمارۆ لەسەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە هەردەم لەبەردەستدایە؛ دووەم، سعودیەیە کە ئەمریکا نایەوێت ببێت بەو هێزەی خۆی دەیەوێت. 

یەمەن لە ئەجێندای ئەمریکادا...

ئەمریکا تاکو ئیستا لە هیچ یەکیک لەم دوو شتەدا سەرکەوتوو نەبووە بۆیە دەیەوێ دەریای سوور و خەلیجی عەدەن بکات بە پێگەیەکی بەردەوامی نائارامی یاخود ناجاری حوسیەکان بکات بە داواکاریەکانی ئەمریکا رازی بن. ئەمریکا لە نیازیدا نیە حەسیەکان تەفروتونا بکات بە تەواوی بەڵکو دەیەوی ناجاری بکات بە دانوستان لەگەڵیدا ئەویش بۆ مەبەستێکی دوور کە لە دوو سبەینێکیەدا بیانکات بە گژ وڵاتانی میرنشینی کەنداودا. حوسیەکان کە پێشتر لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا بوون ئیستا چیتر لەو لیستەدا نین.

ئایا ئەمریکا و ئێران بەیەکدا دەدەن؟

بەو پێودانگەی حوسیەکان راستەوخۆ باڵێکی ئێرانیە لێرەوەیە کە ئێران قازانجێکی گەورە لە سیاستەکانی ئەمریکا دەکات و هەر گومانێک بۆ پێکدادانی راستەوخۆ لە نیوان ئێران و ئەمریکادا دەڕەوێنێتەوە. لەو سیاسەتە نێودەوڵەتیەی کە ئەمریکا و ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە دەستیان بەسەردا گرتووە، هیچ هێزێک لە لیستی تیرۆر نابێ مامەڵەی سیاسی لەگەڵدا بکرێ چ جای دانشتن و گفتوگۆ بۆ دۆستایەتیەکی دەوڵەتی. حزب اللەی لوبنان و حەماس و حوسیەکان ئەو هێزانەن ناویان لە فایلی تیرۆری غەربدا هەیە کەچی بەردەوام پشی پشیان بۆ دەکەن و بگرە هەندێ جار بەکاردەهێنرێن بۆ پەیوەندی گرتن لەگەڵ ئێراندا. سیاسەتی ستراتتیجی دەرەوەی ئەمریکا لە دەمانی رۆناڵد رەیگنەوە تاکو بایدن، جگە لە دۆناڵ ترامپ، ئەوە بووە کە دەسگرتن بە ئێرانەوە زۆر گرنگە و پەیوەندی هەبوون لەگەڵیدا لە هی عەرەب پێویست ترە. ئەمە قسە و سیاسەتی چەند سەرۆکێکی ئەمریکایە لەوانە رەیگن و ئۆباما. 

ئایا ئێران دژ بە ئیسرائیلی هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکایە؟

 لەوەتەی کۆماری ئیسلامی ئێران دروست بووە هیچ سیاسەتێکی نەبۆتە هەرەشەی جدی بۆ سەر ئیسرائیل بگرە زۆربەیانی بە خزمەت ئیسرائیل کەوتوەتەوە. بەشداری کردنی ئێران لە بەکارهێنان و لاوازکردنی وڵاتەکانی وەک عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان خاڵگەلێکی بەهێزن لەوەی بەهیزی و ئاسایشی ئیسرائیل زەمانەتتر بکەن چونکە تێکچوون و پشێوی لەو وڵاتانەدا بە قازانجی ئیسرائیلە و ئەمەش ئامانجێکی تری ستراتیجی ئەمریکایە لە ناوجەکەدا. ئەو بەرە سیاسی و سەربازیانەی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرامبەر یەکتردا بەکاری دەهێنن هەمووی دەچێتە گیرفانی خۆیانەوە و ئەوەی لێی زەرەرمەندە خودی ئەو وڵاتانەن کە بەرەکانی تیدا دروستکراوە.

گەمەی پێکدادانەکان...

 ئەمریکا و ئێران جار نا جاری گورزی ناکاو لە یەکتر دەدەن لەو بەرانەی باسمان کردن بەڵام کاتێک ئەگەری رووبەڕوو بوونەوەکان جدی دەبێتەوە هەردوولایان ئاماژە بەوەدەکەن کە وەڵامیان دەبێت. واتە هیرش دەکەنە سەر بەرژەوەندیەکانیان یاخود پەلاماری باڵەکان و بەرەکانی یەکیتر دەدەن و بۆ ئەمەش جەند رۆژێک پێشتر لێدوانی بۆ دەدەن و ئیتر بە کاوەخۆ هەر یەک هێرشێک دەکەنە سەر بەرەی یەکتر. دیارە هەندێ جار حاڵەتەکان جدین بەڵام لەرزاندنی پایەکانی یەکتر هیچ کات جدی نین. گەر بێتوو وجودی ئەمریکا یا ئیران بە تەواوی بکەوێتە ژێر هەرەشەوە ئەوا پێکدادانی راتسەوخۆ روودەدات لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا. بەڵام ئاخوندە شیعەکانی ئێران زۆر لەوە زیرەکترن کە کارێک بکەن ئەمریکا و ئەوروپا و ئیسرائیل لە خۆیان توڕە بکەن. 

حەوتی ئۆکتۆبەر وەک نموونە...

 کاتێک ئیسرائیل و ئەمریکا و ئەوروپا بە جدی هاتنە پاڵ ئیسرائیل دژ بە حەماس لە غەززە، ئێران راستەوخۆ کشایە دواوە و گوتی ئەوەی حەماس کردی هەمووی نەخشە و هەولی خۆیانە و دوورونزیک پەیوەندی بە ئێمەوە نیە لە کاتێکدا هەموو جیهان دەزانێ ئەوەی حەماس کردی خاڵ بە خاڵی بە پلان و رەزامەندی ئێران کراوە. تەنانەت ئێران داوای لە حزب اللە کرد کە قەیناکە گەر جار جارە شەڕێک ببێ بەڵام بەهیچ کلۆجێک جەنگ لەگەڵ ئیسرائیلدا بەرپا نەکەن. ئەوەتا جەندان جار زانا فیزیای و ئەتۆمیەکانی ئێران لە ناوخۆی ئێراندا تیرۆر دەکرێن یاخود بنکەی وزە سورشتیەکان دەتەقێنرێنەوە بەڵام ئێران بێ دەنگە و هیچ ناناکات و تا ئێتسا نەیتوانیوە دەست بۆ یەک زانا و دەزگای پیشەسازی ئیسرائیلی بەرێت. 

حەوتی ئۆکتۆبەر، کۆتایی ئێران لە فەلەستین...

 دوێنێکە لیدوانێکی یەحیا سنواری سەرکردەی یەکەمی حەماس لە غەززە کە ئیستا خۆی شاردۆتەوە لە ژێر زەویدا لە خان یونسی غەززە لە سەر زاری بەرپرسێکی فەلەستینیەوە بڵاوبۆیەوە کە ئەو هەرگیز چاوەروانی ئەوەی نەکردووە پەلامارەکەی ٧ی ١٠ی ساڵی پار ئەم ئەنجامە وێرانکەرییەی هەبێ. ئێرانیش بە هەمان شێوە لەو باوەرەدا نەبوو کە ئیسرائیل ئەوە دەکات کە ئیستا دەیکات. هەردوولا وایانزانی ئەو پەلامارە وەک کارە تیرۆرستیەکانی تریان دەبێ و ماوەیەکی کەم گرژی دەبێ و نامێنێ؛ بەڵام نەیانزانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست هەرگیز ناوچەکەی پێش ٧ی ئۆکتۆبەر نیە. بگرە لەوەش واوەترە دەستی ئێرانی بڕی لە غەززەدا چ بۆ ئیستا و چ بۆ داهاتووی نزیک' چونکە پیدەجێ حەماس وجودی نەمێنێ لە غەززە و سەرکردەکانیان بار بکەن و ئەوێ بە جێبهێڵم وەک چۆن هەردەم بەجێیان هێشتووە کاتێک شەڕ دروست بووە. 
دوای ئەمە ئێران چی لێ دێت...

تاکو ئەم ساتە سیاسەتی ستراتیجی ئەمریکا دژ بە ئێران بێ کاریگەری کردنێتی لە ناوچەکەدا ئەویش بە لاوازکردنی و ناچارکردنی بە دانیشتن و گفتوگۆ. گفتوگۆی لایەنی سەرکەوتوو لەگەڵ لایەنی ژێر کەوتوو. لەم نێوەدا مانەوەی بالەکانی ئێران وەک حوسیەکان و حزبوڵلا لەوانەبێ مەترەح بێ بەڵام نابێ بە هاروهاجی بمێننەوە و ئەرکیان تەنها پشێوی بێ گەر پێویست بکات. ئێران گەر بزانێ ئەمریکا و بەریتانیا بە جدی لێی دەدەن و ولاتەکەی بە جەشنی عێراق و سوریا و لیبیا و یەمەن لێدەکەن، کە دەتوانن وای لێ بکەن، ئەوا ئاخوندەکانی ئێران ئەوەندە فەقیر نین کۆمارەکەیان لە دەست بدەن. ئەمریکا هەرگیز ناوچەکە بۆ نفوز و دەسەڵاتی ئێران بە جێناهێڵێ و دەیەوێ سەرداری سیاسی بە تەنها خۆی بێ لە ناوچەکەدا و لە مێژیشە ئەوەندە خۆی قایم کردووە کە بە ئاسانی جێگەی پێ لێژ نەکرێ بەتایبەت وڵاتە گچکەکانی کەنداو، قەتەر بە نموونە، هەمیشە پێویستیان پێیەتی.  
کورد لەو پەیوەندیەدا...

ئەم باسە بۆ جێگەیەکی تر و نوسینێکی تایبەتتر هەڵدەگرین.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن