دنیا و کورد لە سیاسەتی دەرەوەی بایدن و ترامپدا
7/22/2024 2:37:00 PM
ئیدریس مستەفا
ماوەیەک لەمەوپێش لە یەکێک لە کەناڵە کوردیەکاندا بەرنامەیەک پێشکەش کرا دەربارەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا. لەوێدا چ میوانەکان و چ پێشکەشکارەکەش لەسەر ئەوە کۆک بوون کە سیاسەتی دیموکراتەکان ئاشتیخوازترە لە هی کۆماریەکان. فەرموون با بزانین وایە!
لەسەردەمی هەشت ساڵەی ئۆبامادا زۆرترین وڵات توشی شەڕی ناوخۆیی و شڵەژانی سیاسی بوو ئەوەی کە خۆیان ناویان نا بەهاری عەرەبی، کە سەدان مرۆڤ بوونە قوربانی و بڵاوبوونەوەی کۆنەپەرستی و هەژاری زیاتری ئەو وڵاتانە. داعش لە سەردەمی ئۆبامادا دروست بوو کە لە مێژووی ئەم سەدەیەدا رەشترین و خوێناویترین و کۆنەپەرسترین هێز بوو، بەرچاوی ئەمرکا و بگرە بەهۆی ئەمریکاشەوە دروست بوو. بەڵگەکانی دانیشتنی نوێنەرانی ئەمریکا لەگەڵ ئەبوبەکر بەغدادی دوو سێ ساڵ پێش دروست بوونی داعش خاڵی حەسمی ئەو راستیەیە.
لە سەردەمی بایدندا تاڵیبان وەک باوە گەورەی هەموو بزووتنەوە سیاسیە توندڕەوە کۆنەپەرستەکانی دنیا دوای ٢١ ساڵ لە دەرپەڕاندنی لە ئەفغانستان هاتەوە سەر تەختی دەسەڵات کە ئیستاشی لەگەڵدا بێ ژنانی ئەو وڵاتە دوعای مەرگ لە بایدن و ئەمریکا دەکەن چونکە ژنان ئەوەڵ و ئاخیری قوربانی دەستی تاڵیبان و بایدنن.
بایدن حوسیەکانی یەمەنی لە لیستی تیرۆر دەرکرد و دواتر خستینیە ناو لیستی تیرۆرەوە. بێدەنگی کرد لەوەی ئێران پر چەکی کردن و ئێستاش خۆی و بەریتانیا لە بوردومانی بەردەوامی یەمەندان.
شەڕی روسیا و یوکراین لەسەدەرمی بایدندا بوو کە بە هەموو داتا و زانیاری و دیدە سیاسی و ئەکادیمی و سەربازیەکانەوە بایدن بەرپرسە لە بەردەوامی دانی ئەو شەڕە کە تا ئیستا جگە لە وێرانبوونی جوانترین وڵات کە یوکراینە هەزاران مرۆڤ گیانیان لە دەست داوە و ترسی گەورەی جیهانیش لەوەدایە کە جەنگی جیهانی سێیەم گەر رووبدات ئەوا بەهۆی یوکراینەوەیە کە جیهان لەگەڵ خۆیدا تەواو دەکات.
بایدن کاتێک هات بۆ عێراق لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ -٢٠٠٥دا داوای لە ئەمریکا کرد عێراق بکەن بە سێ دەوڵەتی کورد و سوننە و شیعە بەڵام کە بووە جێگری ئۆباما و کە بووە سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی بەلایدا نەچوو ئەم بابەتە بوو کە بە یەکێک لە درۆ گەورەکانی بایدن دادەنرێت. خودی ئۆباما وا جاوەروان دەکرا کە ئەو خۆی رەشپێستە لەوانەیە بەزەییەکی بە کوردیشدا بێتەوە کە هاتە سەرحوکم و سەردانی تورکیای کرد و یەکەم شت کە گوتی لە قەڵەمدانی پ ک ک بوو بە رێکخراوێکی تیرۆرستی لە کاتێکدا پ ک ک قاچی مریشکێکی ئەمریکایی نەشکاندووە.
لە سەردەمی ترامپدا...
لە مێژووی هیچ سەرکردەیەکی ئەمریکادا، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەندە بێ سەر ئێشە نەبووە. هیچ شەڕێک لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا رووی نەدا بگرە زۆرێک لە کێشە گەورەکانی دنیا ئارام کرانەوە گەر چارەسەریش نەبووبن، یاخود هەرهیچ نەبێ چیلکەیان تێوە نەژەنی، لەوانە: هێورکردنەوەی سەرۆکە گەنجەکەی کوریای باکور و دانیشتنی لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشور بوو کە خودی ترامپ لە بەیندا بوو.
پرۆژەی رێکەوتنی ئەبراهام بوو لە نێوان ولاتانی عەرەبی و ئیسرائیل کە تەنگژەیەکی ناوچەیی کەمتر کردەوە بەوەی هەندێک وڵاتی عەرەبی پەیوەندیەکانیان ئاسایی کردەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا لەوانە ئیمارات و بەحرەین وا خەریکە سعودیەش دەچێتە ئەو خانەیەوە.
لەسەردەمی ترامپدا، بە بەراورد بە سەردەمی ئۆباما و بایدن، کەمترین پەنابەری مەسکی و ئەمریکای لاتین دیپۆرت کراونەتەوە.
ترامپ و رۆژاڤا...
دۆناڵد ترامپ بە ئاشکرا ستایشی جەنەراڵ عەبدی رۆژاڤای کرد و ویستی بە رەسمیش دەعوەتنامەی بۆ بنێرێت کە سەردانی کۆشکی سپی بکات بەڵام لەبەر چەند هۆیەک ئەوە نەکرا. خودی تەلەفۆنەکەی لەگەڵ جەنەراڵ عەبدی کە بڵاوبۆیەوە پیشانیدا ترامپ ئەو بابەتەی بۆ گرنگ بووە لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا. دیارە لەسەرەتاوە دۆناڵد ترامپ ویستی رۆژاڤا بکاتە قوربانی سیاسەتێکی تر بەڵام دواتر ئەوانەی دەوروبەری و خۆیشی تێگەیشت کە رۆژاڤا جگە لە مەسەلەیەکی سیاسی گەورە لە سوریا و ناوچەکەدا مەسەلەیەکی ئەخلاقیشە کە بۆ یەکەم جارە ئەخلاقێک لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کەمێک بە جوانی ببینرێ.
رۆژاڤا تازە بووە بە مەسەلەیەکی گەورەی مۆراڵی سیاسی بۆ ئەمریکا کە هیوادارم لە سیاسەتی چوراساڵی دادێی ئەمریکادا جا هەر کەسێک سەرۆک بێ پابەندبن بەو مۆراڵە ساسیەوە و پاریزگاری لەو قەوارەیە بکەن. وەک خۆم هیچ هیوایەکم نیە بە ئەمریکا بە داخەوە بۆیە هەردەم گوتوومە رۆژاڤا باشترە لەگەڵ دیمەشقدا رێبکەوێت چونکە رۆژاڤا لە ئەفگانستان گرنگتر نیە بۆ ئەمریکا کەچی دەسبەرداریشی بوون.
سەبارەت بە باشوور، وەزیری دەرەوەی دۆناڵد ترامپ "ێکس تێڵەرسن" ساڵی ٢٠١٧، بە نامەیەک ئاراستەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کرد کە دەسبەرداری رۆفراندۆم ببن چونکە ئەنجامەکەی لە قازانجی کورد نابێ ئەوە بوو کە دیتمان چی روویدا. ئەو ریفراندۆمە کە بە یەکێکە لە شکستە گەورە سیاسیەکانی کورد لە باشور دادەنرێت چەندە لە ئەستۆی سەرکردایەتیەکەیدا بوو ئەوەندەش لە ئەستۆی ئەو راوێژکارە سیاسیانەدا بوو کە ئاگادار و بەرنامە داڕێژەری ئەو ریفراندۆمە بوون؛ چونکە خودی ئەو نامەیە سیاسەتی ژیرانەی ترامپی پیشاندا سەبارەت بە کورد و پێگەکەی لە عێراقدا؛ لە هەمان کاتدا خوێندنەوەیەکی ناژیرانە و ناسیاسیانەی کوردیش بوو بۆ ئەو نامەیە لە لایەن کورد خۆیەوە.