بۆچی ئێران هەولێری کردووە بە ئامانج!
1/16/2024 5:48:00 PM
ئیدریس مستەفا
ئەو ئیدیعایەی ئێران دەیکات گوایە هەولێر بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی لێیە بۆیە لێی دەدەین دوورە لە راستیەوە. بۆ؟!
یەکەم:
لە کۆی ئەو (١٣) سیانزە وڵاتەی سنوری ئاوی و عەردیان بە ئێرانەوە هەیە (٧) حەوتیان پەیوەندی دپلۆماسیان لەگەڵ ئێران هەیە کە سەفارەت و کۆنسوڵیەتی ئیسرائیلیان تێدایە. لە کۆی ئەو (٧) حەوت وڵاتەی سنوری زەمینیان هەیە لەگەڵ ئێراندا چواریان توندوتۆڵترین پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە و لە نێویاندا ئازەربایجان گەورەترین سەفارەتی ئیسرائیلی هەیە کە لە ناوجەکە و جیهانیشدا بە گەورەترین سەفارەتی ئیسرائیلی ئەژمار دەکرێت. بە گوێرەی سەرچآوە سەربازی و سیخوڕیەکانی ئێران خۆیان دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی، مۆساد، چەندان بنکەی هەیە کە زۆربەیان لە نزیک سنورەکانی ئێرانەوەن بەڵام ئێران لە زاری جەنەراڵی سەربازی سنورەوە بەناوی ئەحمەد عەلی گودرزی، دەڵێ ترسمان لێێان نیە چونکە لە دوورەوە چاودێریان دەکەین.
دووەم:
عێراق، هەرێمیش وەک بەشێک لەو، چ بە رەسمی یا غەیرە رەسمی هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ ئیسرائیلدا نیە بەڵام ئێران لەسەر مەبنای هەواڵگری سیخوڕی خۆی هەولێر بوردمان دەکات گوایە بنکەی مۆسادی ئیسرائیلی لییە کە ئەمە لە روی قانونی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و رێزی دراوسێیەتیەوە شکاندنی هەر عوورفێکی سیاسیە کەچی بەردەوام پەلاماری هەرێم دەدات و هیچ ناکات لە بەرامبەر ئەو حەوت وڵاتەی دراوسێی کە بە رۆژی رووناک ئاڵای ئیسرائیل لەئاسمانی ئەو وڵاتانەدا دەشەکێتەوە؛ خودی ئێران لە هەمان پایتەختەکانی ئەو وڵاتانەدا کە سەفارەت و کونسوڵیەتی ئیسرائیلی لێیە سەفارەت و کونسوڵیەتی ئێرانیشی لێیە.
سێێەم:
ئەوەی ئێران بۆ بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر هەولێر جگە لەوەی بە پلەی یەکەم بەشێکە لە چوارچێوەی ناکۆکیەکانی لەگەڵ ئەمریکادا، بەشەکەی تریشی ئەوەیە کە هێرش کردنە سەر هەولێر ئاسانترە وەک لەوەی هێرش بکاتە سەر وڵاتەکانی وەک ئازەرباینجان و تورکیا و ئەرمینیا و جۆرجیا و ئیمارات و بەحرەین و تورکمانیستان. هەرێم خاوەن هیچ قورساییەکی قانونی و سیاسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی نیە و بەشێکە لەو وێرانکاریە سیاسیەی عێراقی تێدایە. هەموو وڵاتانی ناوچەکە بنکەی سەربازی و سیخوڕیان هەیە لە هەلێر و شارەکانی تری عێراقیش بە ێاشکرا. لەسەر ئاستی نیوخۆیی هەرێمیش ئێران باش دەزانێ دەسەڵاتدارانی هەرێم هیچ پشتیوانیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و جەماوەری خەڵکەکەی خۆیانیان نەماوە و هەر سەنگینیەک ئەو دەسەڵادارێتیە هەیبێ ئەوا لە وڵاتەکانی دراوسێوە دێت وەک تورکیا و ئێران خۆی ئەمە جگە لەوەی ئیستا لە شوێنەگەیەکی لاوازدایە لە گەڵ بەغداد و لەوپەڕی تەنگژەی ئیداری و مالی و سیاسی خۆیدایە کە خودی قەوارەکەی لەبەردەم هەڕەشەی لە ناوچووندایە بەتایبەت کە دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و جوڵەی سوپای عێراقی لە هاتنە ناوەوەی بەردەوامی بۆ قوڵایی ناوچە جێ ناکۆکەکان هەیە.