11349 کوردستان

یه‌كێتی ده‌قی پرۆژه‌ی لامه‌ركه‌زی بڵاوكرده‌وه‌

12:22 - 18/01/2021

زه‌مه‌ن_هه‌رێمی كوردستان


یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پرۆژه‌ی لامه‌ركه‌زی بڵاوكرده‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت مەبەستەکانی بریتییە لەدابەشکردن و دابەزاندنی دەسەڵاتە کارگێڕی و دارایی و تەکنیکی و یاساییەکان لەنێوان حکومەتە خۆجێیەکان و دامەزراوە ناوەندییەکان لە هەرێمی کوردستان .

 پرۆژه‌كه‌ له‌ 11 ماده‌ پێكهاتووه‌، له‌ ماده‌ی دووه‌مدا ئامانجەکانی ئەم پەیڕەوە بریتین له‌؛ چەسپاندنی لامەرکەزییەتی ئیداریی پارێزگاکان و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتی. نەهێشتنی ڕۆتین و خێرا ڕاپەڕاندنی کاری هاوڵاتییان .


 
 ڕەشنووسی پەیڕەوی ژمارە (    ) ساڵی ٢٠٢٠
پەیڕەوی نا ناوەندێتی بەڕێوەبردن و دارایی لەهەرێمی کوردستان – عێراق

پاڵپشت بە بڕگەی ( ٣ ) لەمادەی ( هەشتەم ) لە یاسای ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ( ٣ )ی ساڵی ١٩٩٢ هەموارکراو، و ئاماژە بە ئاستی کارگێڕی هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و پشت بەستن بەیاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ژمارە ( ٣ ) ساڵی ٢٠٠٩، و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارە ( ٤ )ی ساڵی ٢٠٠٩، و یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە ژمارە ( ١ )ی ساڵی ٢٠١٥، و بڕیاری پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە پاڵاوتن و پەسەندکردنی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان ژمارە ( ١ )ی ساڵی ٢٠١٥، و پشتبەستن بە ئەحکامی مادەکای ( دووەم ) و ( پێنجەم ) و ( شەشەم ) لەیاسای ژمارە ( ٣ )ی ساڵی ٢٠٠٩، و بەمەبەستی ڕێکخستنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و کارگێڕییان لەهەرێمدا و پەرەپێدانیان، و لەپێناو بەدیهێنانی پرەنسیبی ناسەنتەرت لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەمەبەستی ئاسانکاری و چاککردنی گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان بە هاوڵاتییان و پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی دانیشتوانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەسەر بنەمای دادپەروەری و شایستەبوون، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ژمارە (   ) لە ڕۆژی (    /     /٢٠٢٠ ) ئەم پەیڕەوەی خوارەوەی دەرکرد :

مەبەست لە ناناوەندێتی بەڕێوەبردن و ئامانجەکانی

مادەی یەکەم /
بۆ مەبەستەکانی ئەم پەیڕەوە ( ناناوەندێتی بەڕێوەبردن ) بریتییە لەدابەشکردن و دابەزاندنی دەسەڵاتە کارگێڕی و دارایی و تەکنیکی و یاساییەکان لەنێوان حکومەتە خۆجێیەکان و دامەزراوە ناوەندییەکان لە هەرێمی کوردستان .

مادەی دووەم /
ئامانجەکانی ئەم پەیڕەوە بریتین لەمانەی خوارەوە :
1- چەسپاندنی لامەرکەزییەتی ئیداریی پارێزگاکان و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتی.
2- نەهێشتنی ڕۆتین و خێرا ڕاپەڕاندنی کاری هاوڵاتییان .
3- زامنکردنی دابەزاندن و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە کارگێڕی و دارایی وتەکنیکی و یاساییەکان لە وەزارەت و دەستە و دەزگا و ئەنجومەنە ناوەندییەکان بۆ فەرمانگەکان و سنوری پارێزگاکان و یەکە کارگێڕییەکان .
4- زامنکردنی دابەشکردنی داهاتە گشتییەکان لەهەرێم لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەسەر بنەمای دادپەروەری و شایستەبوون .

مادەی سێیەم /
1- دابەشکردن و دابەزاندنی ئەو دەسەڵاتە کارگێڕی و دارایی و تەکنیکی و یاساییانەی لەخشتەی هاوپێچی ئەم پەیڕەوە هاتوون بە پارێزگار کە لانی کەم دەسەڵاتەکانە و دەکرێت دەسەڵاتی زیاتر لەوانەش دابەزێندرێت .
2- پێویستە لەسەر پارێزگار بەشێک لەدەسەڵاتەکانی هاتوو لەبڕگەی ( ١ )ی سەرەوە دابەزێنێت بۆ سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان.
3- خشتەی هاوپێچکراوی ئەم پەیڕەوە هەمان ‌هێزی پاپەندکاری پەیڕەوەکەی هەیە.

مادەی چوارەم /
یەکەم : داهاتەکان 
تۆمارکردنی سەرجەم داهاتی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەجیا لە ئەژمارێکی بانکی تایبەت بە پارێزگا یان ئیدارەی سەربەخۆ کە لەم سەرچاوانەی خوارەوە بەدەستدێت:
1- داهاتە نانەوتی و گازییەکان .
1- باجەکان .
2- گومرکەکان .
3- رسومات .
4- داهاتە جۆربەجۆرەکانی خزمەتگوزاری دەروازە سنوورییەکان .
5- داهاتی بەکرێدان و موساتەحە و فڕۆشتن و ڕەفتارکردن بە موڵک و ماڵی گشتی گواستراوە و نەگواستراوە .
6- سزا داراییەکان ( غرامات )
2- بەخشین و هاوکاریی و پیتاکی بەخشراو .
3- بەشە بودجەی پارێزگا لە بودجەی گشتی ساڵانەی عێراقی فیدڕاڵ .

دووەم /
 هەموو قۆناغەکان و چالاکییەکانی پەیوەست بە پرۆسەکانی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان بە هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ پارێزگا، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆ ئامادەی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباەی نەوت و گاز دەبێت لەکاتی گفتوگۆکردن و بڕیاردان لەسەر ئەو قۆناغ و چالاکییەی دەکەوێتە سنوری جوگرافیاکەی و بەپێی تایبەتمەندیتی بۆ زامنکردنی بەشداری لەبڕیاردان و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی و پاراستنی بەرژەوەندی دانیشتوانەکەی .

مادەی پێنجەم / 
خەرجیەکان
لەدوای داشکاندنی بڕێک لەداهاتی ناوخۆی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کەبەدەستدەهێنرێن لە سەرچاوەکانی هاتوو لەمادەی ( چوارەم )ی ئەم پەیڕەوە، بۆ مەبەستی بەشداری لەخەرجییەکانی بەکاربردنی دامودەزگا ناوەندییەکانی سەر ئاستی هەرێم و تەواوکاریی تەرخانکراوی سەرباری بۆ مووچە و خەرجییەکانی کارەبا بەپێی ڕێژەی دانیشتوانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ و بەپێی ڕێککەوتن، ئەوا پارێزگا  و ئیدارەی سەربەخۆ دەسەڵاتی خەرجکردنی ئەمانەی لای خوارەوەی دەبێت لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییە داراییەکان دوای داڕشتنەوەی ئەو ڕێنماییە داراییانەی بەجۆرێک لەگەڵ ئەحکامەکانی ئەم پەیڕەوە بگونجێت :
1- خەرجکردنی بودجەی بەکاربردنی پەسەندکراوە ( جگە لەمووچە ) لەسنوری پارێزگا .
2- خەرجکردنی بوودجەی وەبەرهێنان بە پەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا .

مادەی شەشەم /
1- بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم پەیڕەوە ئەنجومەنێک پێکدێت بەناوی ( ئەنجومەنی هەماهەنگی لەگەڵا حکومەتە خۆجێتییەکان ) بەسەرۆکایەتی ( سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ) و جێگرایەتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، و ئەندامێتی هەریەک لە ( وەزیری دارایی و ئابووری ، وەزیری سامانەسروشتییەکان ، وەزیری ناوخۆ ، وەزیری پلاندانان ، سەرۆکی دیوان ، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ، پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ) کە دواتر بە پەیڕەوێکی ناوخۆیی وردەکاری ئەم ئەنجومەنە ڕێكدەخرێت .
2- ئەم ئەنجومەنە کاردەکات بۆ :
1- چۆنیەتی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان.
2- چاودێری جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکان لە پارێزگاکاندا .

مادەی حەوتەم /
لەکاتی دروستبوونی هەر دۆخێکی نەخوازراو کە ببێتە هۆی ئەوەی بودجەی ساڵانە پەسەند نەکرێت لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، ئەوا ئەو پارێزگایە پڕۆژە بودجەکەیان بەرکار دەبێت .

مادەی هەشتەم /
پارێزگار دەسەڵاتی دەرکردنی ڕێنمایی هەیە دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی پارێزگا بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکان .

مادەی نۆیەم /
لەکاتی دەرکردنی هەر پەیڕەو و بڕیارێک لە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری هەبێت لەسەر بڕگە و مادەکانی ئەم پەیڕەوە، دەبێت ڕەزامەندی پارێزگاکە وەربگرێت .

مادەی دەیەم /
کار بەهیچ پەیڕەو و بڕیار و ڕێنماییەک ناکرێ بە پێچەوانەی بڕگە و مادەکانی ئەم پەیڕەوە بێت .

مادەی یانزەیەم /
 ئەم پەیڕەوە جێبەجێ دەکرێت لەڕۆژی پەسەندکردنییەوە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن