تورکیا لە هۆڵی تاقیکردنەوەدا : بژاردە سەختەکانی کورد !
3/23/2025 9:30:00 PM
عادل باخەوان
لە دوو ڕۆژی ڕابودرودا، دۆستانی من چەندین پرسیاریان لەسەر دۆخی تورکیا لێکردوم، بەتایبەتی هەڵوێستی کورد چیدەبێت ؟ ستراتیژیەتی ئەردۆگان چیە؟ ئەوروپا و ئەمەریکا چۆن لەگەڵ دۆخەکەدا مامەڵەدەکەن ؟ گریمانەکان چین ؟ بۆ وەڵامدانەوەی خێرای ئەم پرسیارانە، گرنگە ئێمە دە خاڵە خوارەوە تێبگەین :
1. گرنگە ئێمە لە سروشتی ئەو ڕژێمە تێبگەین کە ئێستا لە ئارادایە. گەر پێمانوابێت لە تورکیادا دیمۆکراسیەکی لیبراڵ لەئارادایە، هەر لەسەرەتاوە بەهەڵەدا چوین. هەروەک گەر پێمانوابێت لە تورکیادا تۆتالیتاریزم یان دیکتاتۆریەت سەرچاوەی ڕژێمە، بەدڵنیاییەوە دیسان بەهەڵەدا چوین. تورکیا لە وەرزی نوێی ئەردۆگاندا بەپێی بنەمای ئۆتۆریتاریزمی کێبڕکێکار بەڕێوەدەچێت.
2. ئۆتۆریتاریزمی کێبڕکێکار بریتیە لە ڕژێمێک کە ڕێگا بە حیزبی سیاسی و هەڵبژاردن و ململانێی مەدەنی دەدات، بەڵام لە پشتی پەردەکانەوە زۆربەی سەرەداوەکان تەنها لەدەستی دەسەڵاتدایە. لەم ڕژێمەدا تۆ دەزگای دادوەریت هەیە، یاسای حیزب و کێڵگەی سیاسیدا هەیە، دەزگای میدیای زەبەلاحت هەیە، بەڵام هەموو ئەمانە، بەجۆرێک لە جۆرەکان کۆنترۆڵکراون، یاخود ئاڕاستەکراون، ڕێک وەک ڕوسیای پوتین و ڤێنزویلای مادۆرۆ.
3. لەسەر ئاستی فاکت، تورکیای سیاسی بەسەر سێ ڕوبەری یەکلاکەرەوەدا دابەشبوە: ڕوبەری ڕاست، ڕوبەری چەپ و ڕوبەری ناوەڕاست. ڕوبەری ناوەڕاست، کە بریتیە لە ئیسلامۆ-ناسیۆنالیزم لەلایەن داد و گەشەپێدانەوە گوزارشتی لێدەکرێت. مەهەپە هەژموونی بەسەر ڕوبەری ڕاست و ڕاستی ڕاستدا کردوە. ڕوبەری چەپیش بەسەر دوو گەورە حیزبدا دابەشبوە، یەکەمیان بریتیە لە جەهەپە کە تورکە و دوهەمیشیان بریتیە لە دەم پارتی کە کوردە. ڕاستە چەندین گروپی دیکە هەن، بەڵام بۆ تێگەیشتنی خێرا، ئەمانە ئەکتەرە سەرەکیەکان.
4. ڕوبەری ڕاست و ڕاستی ڕاست بۆ ئەردۆگان یەکلاییبوەتەوە و دەڤلەت باخچەلی هاوپەیمانی ستراتیژیی داد و گەشەپێدانە لەسەر هەموو ئاستەکان.
5. ساڵی ڕابردو، گەر دەنگی کورد وپشتیوانی کورد نەبوایە، هەرگیز ئەکرەم ئیمامئۆغلو نەیدەتوانی پۆستی سەرۆکی شارەوانی ئیستەمبول لە کاندیداکەی ئەردۆگان بباتەوە. کورد لە تورکیادا بە قورسی باجی ئەم پشتیوانیەی دا و جەهەپەش نەیتوانی ئەم قەرزەی کورد بداتەوە.
6. لە ئێستادا پرۆسێسی ئاشتی زۆر بەچڕی لەنێوان ئۆجەلان و ئەردۆگاندا دەستیپێکردوە و وا چاوەڕێدەکرێت کە لە داهاتوودا پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. لە دۆخێکی وادا کورد لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە و بژاردەکانی سەختن. گەر پشتیوانی لە مەهەپە بکات، گریمانەی کۆتایهاتن بە پرۆسەی ئاشتی بەهێزەوە لە ئارادایە، بەڵام گەر پشتیوانیش لە ئیمامئۆغلو نەکات، پرسی دێمۆکراسی کە بووە بە چەقی ململانێی پەکەکە دەکەێتە ژێر مەترسی زیاترەوە. هەردوو بژاردەکە بۆ کورد پڕن لە مەترسی !
7. لە پاش ڕوداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەرەوە، دوو براوەی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن : ئیسرائیل و تورکیا. ئەو بۆشاییە گەورەیەی کە ئێران و میلیشیاکان و ڕژێمەکەی بەشاری ئەدسەد و تاڕادەیەکیش ڕوسیا بەجێیهێشت، لە ئێستادا تورکیا پڕیکردوەتەوە.
8. هەروەها خواستی وڵاتانی ئەوروپا بۆ دروستکردنی هێزێکی سەربازی تۆکمە و ڕێکخراو و بەهێز لەبەرامبەر ڕوسیادا و وەک وەڵامێکیش بۆ خواستی ئەمەریکای تراپ بۆ کشانەوە لە ناتۆ و لە پاراستنی ئاسایشی ئەوروپا، وادەکات کە ئەوروپیەکان زیاد لە سنور پێویستیان بە تورکیای داد و گەشەپێدان ببێت و کارێک نەکەن کە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بێزاربکەن.
9. لەسەر ئاستی ئەمەریکاش، دوا پرسێک کە دۆنالد ترامپ کێشەی بێت و بیری لێبکاتەوە و خەمی بخوات دیمۆکراسی و کرانەوە و مافی مرۆڤە. بۆیە جگە لە دیکتاتۆرەکان، چیتر کەس گرەو لەسەر ئەمەریکای دۆنالد ترامپ ناکات.
10. لە دۆخێکی ئاوادا، ئیمامئۆغلو وەک حوسەین لە بیابانی کەربەلادا بەتەنها بەجێماوە ! و تەنها و تەنها دەتوێنێت گرەو لەسەر بزوتنەوەی ناڕەزایی ناوخۆبکات و بەس. بەبێ ڕادیکاڵیزەبوونی ئەم بزوتنەوەیەش، چ لەسەر ئاستی چۆنایەتی و چ لەسەر ئاستی چەندایەتی، زۆر زەحمەتە ئیمامئۆغلو و چەهەپە بتوانن ئاڕاستەی ڕوداوەکان بگۆڕن.