ئەحمەد بازگر: هونەر و ئەدەبیات لە هەموو سەردەمەکانی تر، زیاتر چینایەتییە
11:20 - 07/12/2019
چاوپێکەوتنی: کولتووری زەمەن
رۆژگارێک گفوگۆیەکی چڕ و هەمەلایەن سەبارەت بە ئەدەب و هونەری کرێکاری هەبوو، ئەم ئەدەبە لەهەوڵدابوو شوناس و پێگە و تایبەتمەندییەکانی خۆی جیابکاتەوە و سنووربەندییەک دروستبکات، ئەحمەدی بازگر یەکێک لە شاعیرەکانی ئەم ئەدەبوو، لەم چاوپێکەوتنەدا ناوبراو دید و تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم ئەدەبە و تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی دەخاتەڕوو.
* گرنگیی پەیدابوونی ئەدەبی کرێکاری چییە؟
- لانی کەم لەم سەد ساڵەی دواییدا وشەی کرێکار بووەتە رەمزێک بۆ ناسینەوەو و پێناسەکردنی بیری چەپ، مارکسیستی، کۆمونیستی و بەشێکی زۆر لەو بیر و باوەڕانەی کە دژی سیستەمی ئابووری و سیاسی نەزمی سەرمایەداری یان بە واتایەکی ئەمڕۆیی کاپیتالیستین!
ئەوەی پێی دەگوترێ ئەدەبی کرێکاری لە راستیدا هەمان ئەدەبە کە لەو بزووتنەوانە هەڵدەقوڵی کە لە دژی فکرییەت و دەسەڵاتی سەرمایەداری لە ئارادا بوون و هەن! بە واتەیەکی تر زەروورەتی ئەو ئەدەبە لە زەروورەتی ئەو بزووتنەوانەوە سەرچاوە دەگرێ! کرێکارو رەنجدەر حەقیەتی بەم گشت زۆڵم و چەوسانەوەیە رازی نەبێ، کە رۆژانە لێی دەکرێ! لە مەسیری ئەم خەباتەدایە کە ئەدبی کرێکاریش لەدایک دەبێ!
* ئەوەی دەیڵێت خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە ئەدەبە لە چیدا خۆی دەبینێتەوە؟
- ئەم ئەدەبە خاوەنی دوو خەسڵەتی سەرەکییە:
یەکەم: ئەوەیە کە ئاوێنەی باڵانوێنی ژیانی کۆمەڵانی کرێکارو بەشمەینەتی ئەو کۆمەڵگایەیە کە لێی هەڵقوڵاوە! ئاوێنەی باڵانوێن دەچێتە سەر هەموولایەنەکانی ژیان و سەرجەم رەنگ، دەنگ، هەست، خولیا، ئاوات و بە گشتی هەموو هەوراز و نشێوەکان و هەموو خۆشی و ناخۆشییەکان دەگرێتە خۆ!
دووهەم: ئەوەیە کە ئاسمانی هیوای رەش نییە و رۆچنەیەک بەرەو داهاتوویەکی گەش بۆ هەموان دەکاتەوە و سەرەڕای هەموو نەهامەتی و ژانەکانی ئیمڕۆ، پەیامی سبەینێیەکی گەشی پێیە!
* چ شتێک وا دەکات ئەدەبەکان جیا بن و ناوێکی دیاریکراویان هەبێت، ئایا ئەدەب هەر ئەدەب نییە؟
- هاوینی ساڵی 85 ی زایینی، ئێمە ژمارەیەک هونەرمەند، شاعیر، نووسەر، رۆژنامەوان، ئارتیست و زۆرێکی تر، پێش دامەزراندنی (کانوونی هونەر و ئەدەبیاتی کرێکاری کوردستان) کۆمەڵێک سیمینار و کۆبوونەوەمان سازکرد کە باسی سەرەکی و پڕ موناقەشەی هەموو سیمینارەکان، ئەم دەستەواژەی “هونەر و ئەدەبیاتی کرێکاری”یە بوو. بەداخەوە بەڵگەیەکی تۆمارکراو لەو باسانە لەبەردەستدا نییە، یان باشترە بڵێم ئێمە ئەو کات لەو بابەتەوە زۆر کەمتەرخەم بووین کە باسەکانمان بۆ دواڕۆژ تۆمار نەکرد.
ئێمە نە ئەو کات و نە دواتریش کە کانوونمان دروست کرد و گۆڤاری پێشەنگمان دەردەکرد، کۆدەنگیمان لەسەر ئەو دەستەواژە نەبوو! ژمارەی ئەو هەڤاڵانەی کە هەر وەک لە پرسیارەکەی تۆدا هاتووە، پێیان وانەبوو کە هونەر و ئەدەب دەکرێ چینایەتی بکرێ کەم نەبوون. گێڕانەوەی ئەم کورتە بیرەوەرییە، بۆیە زۆر ئەهمییەتی هەیە کە دامەزرێنەرانی کانوونی هونەر و ئەدبیاتی کرێکاری، هەموومان پێشمەرگەی کۆمەڵە بووین بە بیر و باوەڕی تەواو چینایەتییەوە! بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەشی زۆرمان لەسەر ئەدەبی کرێکاری کۆک بووین و ئەو هەڤاڵانەش کە ئەم دەستەواژەیان بۆ لەژێر پرسیاردا بوو، زۆریان کەڵەوەکێشی نەکرد و ساغ بووینەوە بە یەکەوە کانوون دابمەزرێنین!
لە وەڵامی پسیارەکەی تۆدا دەبێ بڵێم من ئێستاش دوای ئەو هەموو ساڵە ناتوانم وەڵامێکی سەرڕاست بەم پرسیارە بدەمەوە. ئەوەی شکم تێیدا نییە بەشێکی زۆر لە هونەر و ئەدەبیات، ناوەرۆک و پەیامی چینایەتی هەیە. شیعر، رۆمان، سینەما، تیاتر، پەیکەرتاشی لەو نەوعە هونەرەن. بەڵام وەختێک دەچیە نێو دنیای مەسەلەن مۆسیقی (مۆسیقی بێ کەلام) و نەققاشی، وەڵامەکە بڕێک موشکیل دەبێتەوە!
بۆ ئەوەی هیچ دڕدۆنگییەک ساز نەبێ، من خۆم کە تاکێکی نێو ئەم دنیا وەحشییەم کە تێیدا بێحورمەتی بە ئینسان، چەوسانەوە، داگیرکەری، ناعەداڵەتی، بێمافی و بێ مافکردن و زۆر دیاردەی قیزەونی دیکە بوونەتە نۆرم، دنیایەک کە تێیدا لە هەمیشە زیاتر و ئاشکراتر بە مافی مرۆڤ شەپشەپێن دەکرێ، ناتوانم بڵێم ئەدەب هەر ئەدەبە، بەڵکو بە پێچەوانەوە پێموایە لەم سەردەمەدا هونەر و ئەدەبیاتیش زیاتر لە هەموو سەردەمەکانی پێش خۆی چینایەتییە!
* مانەوەی ئەدەب لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیدا، نابێت بە بکوژی رۆحییەتی داهێنان؟
-مەبەست ئەدەب لە چوارچیوەی ئایدۆلۆجیا دا چییە؟ وەڵامەکانی ئەم پرسیارە بێشک هەم بە ژمارە زۆرن و هەم هەرکامەیان کورد گوتەنی زۆر ئاو هەڵدەگرن. تەنیا نوکتەیەک کە من لە ئەزموونی چەندین دەیەی ژیانی ئەدەبیمدا بۆم دەرکەوتووە ئەوەیە کە وەختێک لە سەر “ئایدۆلۆجیا و ئەدەب” باس و پرسیار دێنە پێش، زۆرتر مەبەستەکە یان رووی “رەخنەکە” لە ئەدیب و هونەرمەندانی “چەپە” ئەم هەموو بەرهەمە ئیسلامییانەی(شیعر، رۆمان، لێکۆڵینەوە، فیلم، چیرۆک، هتد) کە بە قەوارە چەندین بەرابەری بەرهەمە چەپییەکانە و زۆربەی هەرە زۆریشیان لە “چوارچیوەی ئایدۆلۆجیا”دا نووسراون و خوڵقاون، کەم کەوتوونە بەر رەخنەی رەخنەگران. من دەزانم کە هەموو تاکەکانی کۆمەڵ بە (هونەرمەند و نا هونەرمەندیەوە) بۆ خۆیان بزانن یان نەزانن، باوەڕ و تێگەیشتن و چۆنییەتی روانینیان بۆ رووداوەکان، لە ئایدۆلۆجیایەکەوە سەرچاوە دەگرێ. بەگشتی کەسی بێ ئایدۆلۆجیت لە هیچ جێیەکی ئەم دنیایە گیر ناکەوێ.
پرسیار ئەوەیە ئەدیبێک کە ئەدەبەکەی دەکات بە قوربانی ئایدۆلۆجییەکەی ئەدیبە؟ بەرهەمەکەی ئەدەبە؟
* سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان، لە باشووری کوردستان ئەم جۆرە ئەدەبە پێگەی تایبەتی هەبوو، بەڵام ئێستا نەماوە... پێتوایە ئەمە پەیوەندی بە پاشەکشەی رەوت و بزووتنەوەی سیاسی و چینایەتییەکەوە هەبێت؟
- مەبەستت حەتمەن لەم جۆرە ئەدەبە، ئەدەبی نێو چوارچێوەی ئایدۆلۆجیایە، بەداخەوە من شارەزاییەکی وەهام لە ئەدەبی ئەم دەورەیەی کە تۆ باست کردووە (سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان) لە کوردستانی باشوور نییە. یان باشترە بڵێم شارەزاییەکەم ئەوەندە نییە کە پێی پشت ئەستوور بم!
ساڵەکانی سەرەتای نەوەدەکان ساڵی زۆر نایابن لەو هەلەی کە بەگشتی بۆ کوردستانی باشوور، بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و بۆ چەپ و بۆ ئەدەبی چینایەتی خوڵقان! من پێم وایە لەو هەلە مێژووییە بۆ کورد لە باشوور، بۆ کرێکار و بە گشتی بۆ ئینسان لەم پارچە لە کوردستان، مومکین نەبوو لەوە خراپتر کەڵکی لێ وەرگیردرێ. خراپترین سوود لە باشترین هەل! هۆیەکان زۆرن و جێگەی ئێرە نییە.
ئەم چاوپێکەوتنە لە ژمارە 24 پاشکۆی کولتووری زەمەن بڵاوکراوەتەوە