1854 کەلتور

بیرەوەرییەکانی “حسێن عارف”

06:12 - 23/02/2019

ڕانانی: کامەران 

بیرەوەرییەکانی “حسێن عارف” 

چەند پەڕەگرافێک

*لە “چیرۆکی چای شیرین”ەوە، چوومە ماڵە پر لە دەرگاکانی ئەم نووسەرەو لەماوەیەکی کەمدا، بەشی زۆری بەرهەمەکانیم خوێندەوە.”

*دواهەمین بەرهەمی ئەو، بیرەوەرییەکانییەتی بەناوی “تەمەنێ لە بندەستی ڕوداوو کارەساتەکانەوە” کە نزیکەی ٧٥٠ لاپەڕەیەو لە دوو بەرگدا بڵاوبوەتەوە. لە ڕەچەڵەکی خێزان و بنەماڵەکەی خۆیەوە، دەست بە گێڕانەوە دەکات، تا ڕوداوەکانی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ لەوێدا کۆتایی بە بیرەوەرییەکانی دێنێ!

*خوێندنەوەی بیرەوەریی نووسەرو ئەدیبە گەورەکانی دونیا، بایەخ و کاریگەریی خۆی هەیە. “م. حسێن عارف”یش چیرۆکنووسێکی دیارو یەکێکە لە دامەزرێنەرانی “گروپی روانگە”و یاساناس و پەرلەمانتاربووە. لەوێوە، ئاگای لە ناوەوەی بەشێ لە ڕوداوەکانی کوردستان بووە. بەتایبەتیش ئەو ڕوداوە سیاسیی و ئەدەبییانەی ساڵانی ١٩٧٠ بۆ ٢٠٠٠ لە کوردستان و عێراق ڕویانداوە!

*سەرنجی تایبەتی من لەم بیرەوەرییانە، لەسەر زمانی گێڕانەوەکەیەتی. دەبوو بیرەوەرییەکانی بەو زمانە ئەدەبییە بنووسێ کە چیرۆک و دەقە ئەدەبییەکانی پێ نووسیووە. بەڵام بە پێچەوانە، بەزمانێکی ڕەقی جەبریی، ئەم بیرەوەرییانەی نووسیووەتەوە، کە نزیکە لە زمانی یاساو دادگاوە. ڕەنگە ئەمەش بۆ پیشەی دووەمی خۆی بگەڕێتەوە. لەکاتێکدا ئەو زیاتر وەک چیرۆکنووس ناسراوە، نەک یاساناس و پارێزەر.!

*لە روداوە گرنگ و گەرمەکاندا، زۆر لایەنی شاراوەی باسکردووە. بەتایبەتی، سەبارەت بە کێشەی نووسەرانی کورد لەدوای بەیاننامەی ١١ی ئازارو دامەزراندنی گروپی ڕوانگەو کێشەو ململانێکانی نێوان نووسەرانی کورد لە بەغدا و کوردستان. هەندێ لەو ڕوداوانە، بەدەر لە گێڕانەوەی ئەم بیرەوەرییانە مایەی لەسەر وەستان و قسە لەسەرکردنە.!

* لە نسکۆی شۆڕشی کوردیی، ساڵی ١٩٧٤ بەو پێیەی لە راگەیاندنی شۆڕش کاری کردووە، هەندێ حاڵەتی گرنگ و هەستیار باس دەکات، لای من لە هەمووی گرنگتر، ئەو فەزا ئازادییە کە لەو ڕۆژگارەدا گوایە شۆڕش لە ناوچە ئازادەکان فەراهەمی کردووە، بەڵام لەسەر بڵاوکردنەوەی چیرۆکێ لە یەکێ لە گۆڤارەکانی شاخ، بەرپرسانی شۆڕش خەریکە یەکێتی نووسەرانی کورد دادەخەن و توندترین سزای چیرۆکنووسەکەش دەدەن! دەبوو لەو ڕۆژگارەوە بمانزانیایە، ئەمەیە بەرهەمی شۆڕش و بەناو شۆڕشگێڕەکان بۆ ئازادی.!

*دنیا خامۆشە، گوێم لێیە ئێزگە لە ئاگادارییەکدا دەڵێت: (لەبەر چەند هۆیەکی هونەریی لە سبەی شەوەوە ئێزگە لەکار دەکەوێ!... کام هۆی هونەریی؟ تۆ بڵێی بورغییەکی شکابێ و بنێرن لە تاران بۆمان بێ؟ ئای چەند حەزدەکەم ئێستا بچم و لە ئێزگە خۆیەوە بڵێم، درۆیە....درۆیە، کاکی گوێگر درۆیەو درۆیەکی شاخدار.! هۆی هونەری نیە، هۆی سیاسییە! سیاسییەکی تاڵتاڵی ژەهرئاسای کوشندەو دۆست پێمان دەنۆشێ!) ئەمە ئەو دیمەنەیە، یەکەمجار لە شاخ، حسێن عارف گوێی لیدەبێ و بانگەوازی ئاشبەتاڵ لە ڕادیۆی شۆڕشەوە ڕادەگەیەنرێ!

*لەبارەی ڕووداوەکانی ٣١ی ئاب، کە ئەو ڕۆژگارە ئەو یەکێ بوو، لەو پەرلەمانتارانەی بۆ ماوەی زیاتر لەمانگێ لەگەڵ کۆمەڵێ پەرلەمانتاری تر، لەناو پەرلەمانی کوردستان، دژ بە شەڕی چەکداریی (یەکێتی و پارتی) مانی گرتووە. ئەم بەشە، وەک دیکۆمێنت و ڕوداوی ڕۆژگارە تاریکەکانی ئەو ڕۆژگارو قۆناغە، بەلای منەوە گرنگترین و کاریگەرترین بەشی ئەم بیرەوەرییانەیە، چونکە زۆر بێلایەنانە ئەو ڕوداوانەی گێراوەتەوە. لە داهاتوودا، دەتوانرێ وەک دیوی ناوەوەی روداوەکانی ٣١ی ئاب و پێش و پاش ڕوداوەکە، خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ بکرێ.!

*هەندێ بەسەرهاتی خۆش و کاریگەریی لەگەڵ هاوڕێکانیدا گێڕاوەتەوە، خۆشی لە هەندێ پرسیارو گومان و ڕوداوی ئەو ڕۆژگارە لاداوە. بەتایبەتییش کارکردن لە گۆڤارو ڕۆژنامەکانی ئەو ڕۆژگارەی سەردەمی بەعس و حکومەتی عێراقدا.!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن