241 تەندروستی

وەزارەتی تەندروستی لەبارەی پەتایەکەوە هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان

06:03 - 09/11/2023

زەمەن - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان هاوڵاتییان لە پەتای وەرزی ئاگاداردەکاتەوە و رایگەیاندووە، ئەم پەتایە زۆربەی جار لە کاتی گۆڕانی کەشوھەوا توشی مرۆڤ دەبێت و کۆمەڵە نیشانەیەکی هەیە ئەوانیش ( بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش ( تا ) ، کۆکە ، لەش داھێزان و بێ تاقەتی ، سەر ئێشە و قورگ ئێشە.

 وەزارەتى تەندروستیی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، پەتای وەرزی یەکێکە لە ھەوکردنە ڤایرۆسییەکان کە لەسەر ئاستی جیھان بە یەکێک لە بەربڵاوترین پەتاکان دادەنرێت و زۆربەی جار لە کاتی گۆڕانی کەش و ھەوا توشی مرۆڤ دەبێت و کۆمەڵە نیشانەیەک بە دیار دەکەون ئەوانیش ( بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەش ( تا ) ، کۆکە ، لەش داھێزان و بێ تاقەتی ، سەر ئێشە و قورگ ئێشە ، ) نیشانەکان دەکرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاواز بن .
دەشڵێت، بۆ ئەوەی لەم پەتا وەرزییە پارێزراو بیت ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکە :
— ڤاکسین : باشترین رێکاری خۆپارێزی دژی پەتای وەرزی بریتییە لە خۆکوتان بە ڤاکسینی دژە ئەنفلەوەنزا ، خۆشبەختانە وەزارەتی تەندروستی توانیویەتی ڤاکسینی دژە ئەنفلەوەنزا لە بنکە تەندروستییە سەرەکییەکان لە ھەرێمی کوردستان دابین بکات . ئەم گروپە لە کۆمەڵگا لە پێشینەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی دژە ئەنفلەوەنزا :.
* ئافرەتی دووگیان
* منداڵی تەمەن شەش مانگ تا پێنج ساڵ
* کەسانی بەساڵاچوو ( سەروو ٦٥ ساڵ )
* ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە
* پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی
— گرنگیدان بە پاک و خاوێنی و شۆردنی دەستەکان
— داپۆشینی دەم و لوت لە کاتی کۆکە و پژمین
— مانەوە لە ماڵ لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکان و پشوودان
—دوورکەوتنەوە لەو کەسانەی نیشانەکانی پەتای وەرزییان ھەیە
— دەستنەدان لە دەم و چاو و لوت پێش دەست شۆردن
— لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی پەتای وەرزی ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکە :
* پشوودان
* خواردنەوەی بڕێکی باش لە ئاو و شلەمەنییەکان
* گرنگیدان بە خواردنی میوە و سەوزەوات
* ھەر کاتێک نیشانەکان قورس بوون و تەندروستیت تێکچوو راستەوخۆ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن