155 تەندروستی

هەندێک زانیاری گشتیی و پێویست بۆ دایکانی ئازیز

09:38 - 16/03/2024

زەمەن - تەندروستی

 
خالید رەزا لەهۆڵەندیەوە ئامادەی کردووە

 شیری خۆت بدە بە مناڵەکەت!

شیرپێدان تەندروستە، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە بۆ هەردووکیان بۆ دایک و بۆ منداڵەکە (کاتێک گەورە دەبێت)، کەم دەکاتەوە.

شیرپێدان و شێرپەنجە

+ ئەگەر تازە بوویت بە دایک یان لەسەر منداڵ بونیت، باشترە شیری خۆت بدەیت بە منداڵەکەت. هەوڵ بدە بۆ ماوەیەکی زیاتر شیری خۆتی بدەیتێ، لە ٦ مانگ کەمتر نەبێت.

+ شیرپێدان ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک کەمدەکاتەوە. ئەو منداڵانەی شیری دایکیان ئەخۆن، کێشیان تەندروست تر و زۆر قەڵە و نابن، لە گەورەیی دا ئەگەری توش بونیان بە شێرپەنجە، کەمترە.

چۆن شیردان ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک  لە دایکدا کەم دەکاتەوە؟

کاریگەری لەسەر هۆرمۆنەکان:

 + شیرپێدان کاریگەری لەسەر ئەو هۆرمۆنانە دەبێت کە کاریگەرییان لەسەر مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک هەیە.

تێکچونی دی ئێن ئەی (DNA)

 دوای شێردان جەستەت ئەو خانانەی ناو مەمک فڕێدەدات کە ڕەنگە DNA یان زیانی پێگەیشتبێت. ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لە داهاتوودا کەمدەکاتەوە.

چۆن شیری دایک  ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە لە منداڵدا کەم دەکاتەوە؟
کێشی تەندروست بەهۆی شیرپێدانەوە:

+ زۆرجار ئەو منداڵانەی شیری دایکیان ئەخۆن کێشیان تەندروستە. کاتێکیش گەورە دەبن و دەچنە تەمەنەوە کێشێکی تەندروستیان دەبێ. کێشی تەندروستیش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە کەمدەکاتەوە.

تا کەی پێویستە شیری خۆمی بدەمێ؟
باشتر وایە بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی شەش مانگ تەنیا شیری خۆتی بدەیتێ. تا زیاتر و زیاتر شیر بدەیت (بۆ نموونە دوو مناڵ یان زیاتر)، مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاتر کەم دەکەیتەوە. دوای شەش مانگ لە شیردان، دەتوانیت لە پاڵ شیری خۆتا خواردنیشی بدەیتێ، وەکو سەوزە و میوە و نان.

ئامۆژگاری و ڕێنوێنی !

+ ئەگەر تووشی کێشە بوویت لە چۆنێتی  شیرپێدان دا، یەکسەر واز مەهێنە و ڕاوێژ بە شارەزای شیرپێدان بکە. 
+ تا دەتوانیت خواردنی تەندروست و جۆراوجۆر بخۆ بۆ ئەوەی دڵنیا بیت کە هەم خۆت و هەم مناڵەکەت مادە خۆراکیە پێویستەکان بەدەست ئەهێنن.
+ کەمێک زیاتر لە ئاسایی شلەمەنی بخۆرەوە، چونکە شیرپێدان وا دەکات ڕێژەی شلە لە لەشتا کەم دەبێتەوە. خواردنەوەی: ئاو، شیر و چای بێ شەکر لە بژاردە تەندروستەکانن.

شێرپەنجە چییە؟

شێرپەنجە یەک نەخۆشی نییە. ناوەکە زاراوەیەکی بەکۆمەڵە بۆ زیاتر لە ١٠٠ نەخۆشی. ئەوەی لە هەموو ئەم نەخۆشیانەدا وەکویەکە ئەوەیە کە چی تر خانەکانی لەش بە شێوەیەکی ئاسایی کار ناکەن. 

خانەکانی لەشمان؛

خانەکان بنەمای بنیاتنانی جەستەمانن. جەستەمان لە ملیارەها خانە پێکدێت. هەر خانەیەک لە جەستەماندا ئەرکی تایبەتی خۆی هەیە.
خانەکانمان بەهۆی زانیارییەکانی ناو ناوکی خانەکانەوە  کار دەکەن و ئاراستە دەکرێن. ئەم زانیاریانە لە ماددە بۆماوەییەکان (DNA)دا هەیە کە لە دایک و باوکەوە بۆ منداڵ دەگوازرێتەوە.

دابەشبوونی خانە؛

جەستەمان خانەی نوێ بەرهەم دەهێنێت بۆ ئەوەی بتوانین گەشە بکەین. هەروەها بۆ گۆڕینی خانە کۆنەکان یان زیان پێگەیشتوەکان. خانە نوێیەکان بەهۆی دابەشبوونی خانەکانەوە دروست دەبن؛ خانەکان وەک بڵێی کۆپییەک لە خۆیان دروست دەکەن.

چۆن وەرەم دروست دەبێت؟

لە دابەشبونی خانەدا ئەشێ هەڵەیەک ڕوو بدات. دەکرێت هۆی جیاجیا بۆئەمانە هەبێت. بەزۆری ئەم هەڵانە لەلایەن خودی جەستەمانەوە چاک دەکرێنەوە، بەڵام هەندێک جار ئەو چاککردنەوەیە ڕوونادات.
ئەگەر کۆمەڵێک هەڵە لە یەک خانەدا ڕووبدات، ئەوا ئەم خانەیە بە شێوەیەکی کۆنترۆڵنەکراو دابەش دەبێت. بەمەش کۆمەڵێک خانە دروست دەبن کە هەڵەیان تێدایە. کۆمەڵە خانەیەکی لەم جۆرە زۆرجار شێوەی گرێ یان ئاوسان(هەوکردن) وەردەگرێت. بەمە دەڵێین وەرەم.

دروستبونی شێرپەنجە: پرۆسێسێکی درێژخایەنە
هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە کاتێک دەست پێدەکات کە DNA لە خانەیەکدا زیانی پێ گەیشتبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەشبوونی خانە هەڵەکان بەبێ کۆنترۆڵ.
شێرپەنجە لەناکاو گەشە ناکات. زۆرجار ئەمە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و کاتێکی زۆری دەوێت. دەبێت گۆڕانکاری زۆر لە خانەکەدا ڕووبدات پێش ئەوەی نەخۆشییەکە گەشە بکات. ئەمەش دەتوانێت ساڵان و هەندێکجاریش تەنانەت دەیان ساڵی پێ بچێ. هەر بۆیە شێرپەنجە نەخۆشییەکە کە زیاتر تووشی ئەو کەسانە دەبێ کە تەمەنیان هەڵدەکشێ.

دایکی دڵسۆز:

تکایە لە خەمی تەندروستی خۆت و مناڵەکەتدابە.
بۆ ئەوەی هەم خۆت لەئەگەری توش بوون بە شێرپەنجەی مەمک بپارێزی و کەمی بکەیتەوە، هەم مناڵەکەت کاتێک کەدەچێتە تەمەنەوە.


سەر چاوە: ماڵپەڕی سندوقی جیهانی توێژینەوەی شێرپەنجە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن