ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی شێرپەنجەیە. هەندێک راستیی سەلمێنراوی زانستی لەسەر نەخۆشیی شێرپەنجە:
01:33 - 06/02/2025
زەمەن _ تەندروستی
یەکەم:
بۆ هەموو تووشبووانی شێرپەنجە، گرنگە ئەوە بزانن کە هەموو جۆرێکی شێرپەنجە یەکسان نییە بە مردن! بەشێکی بەرچاوی شێرپەنجەکان دەتوانرێت بەتەواوی بنبڕبکرێت بەتایبەت ئەگەر لە قۆناغی سەرەتایی نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێت.
دووەم:
خۆپاراستن لە شێرپەنجە کۆمەڵێک رێگەی سەرەکیی هەیە کە بۆ هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە گرنگن لەوانە: دوور کەوتنەوە لە کێشانی تووتن، ماددە کحولییەکان، وەرزشێکی رێکی ڕۆژانە، خواردنێکی تەندروست و کێشێکی تەندروست.
سێیەم:
یەکێک لەهەرە گرنگتریین رێگەکانی بەرەنگار بوونەوەی شێرپەنجە بریتییە لە سیستمی سکرین یان دەستنیشانکردنی پێشوەختە بۆ نەخۆشیی شێرپەنجە، لەوانە سکرین کردن بۆ شێرپەنجەی مەمک، ملی منداڵدان، کۆڵۆن، شێرپەنجەی سییەکان و هتد. تکایە سەردانی پسپۆڕی نەخۆشییەکە بکە لە ڕاوێژکارییەکان بۆ ئەوەی بزانیت ئەو سیستمە بەڕێزت دەگرێتەوە یان نا.
چوارەم:
هیچ کەسێک لە پزیشکەکەی خۆت زیاتر لە نەخۆشییەکە و چارەسەرەکەی نازانێت، متمانەی تەواوت بە پڕۆسەی چارەسەرییەکەت هەبێت و ئارام بگرە چونکە هەموو کات هیوایەک هەیە بۆ چاک بوونەوەت و نەکەیت بە قسەی نازانستیی و لابەلا دەست لە پرۆسەی چارەسەریی هەڵگریت.
پێنجەم:
بۆ کەس و کار و خێزان و نزیکانی تووشبوو بە شێرپەنجە، رۆڵی ئێوە زۆر گرنگە، ئەو سترێس و ماندووبوونەتان جێگەی پێزانینە، تکایە هەڵسوکەوتتان لەگەڵ نەخۆشی تووشبوو بە شێرپەنجە تایبەت بێت، بەڵام با ئاسایی بێت.
لە کۆتاییدا هیواخوازم خوای گەورە شیفای تەواوی هەموو تووشبووان بدات و کارئاسانیی بۆ خۆیان و کەس و کاریان فەراهەم بکات.
د. زانا دزەیی، پسپۆڕی ورد لە نەخۆشییەکانی هەناسەدان و سییەکان