وێنەی ئەو فەرماندەی پۆلیسەی کوژرا
09:40 - 06/11/2024
زەمەن _ عێراقی
لە ناوجەی نەهرەوان لە بەغداد، فەرماندەیەکی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوی داواکراوێکدا کوژرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٦ی تشرینی دووەم ٢٠٢٤، عەمید حوسێن عەلی، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسیی رەسافە-ی شاری بەغدا، ڕایگەیاند: لەکاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی یەکێک لە داواکراوان لە ناوچەی نەهرەوان-ی بەغدا رووبەڕووبوونەوە روویداوە و ئەو ئەفسەرە کوژراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، تۆمەتبارەکە، بەپێی ماددەی ٤٠٦ی تایبەت بە کوشتن داواکراو بووە؛ بەڵام ئامادە نەبووە خۆی بەدەستەوە بدات، رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە و بەهۆیەوە موقەدەم ئەحمەد یونس عەبید کوژراوە.
وتەبێژەکەی پۆلیسی رەسافە، وتیشی: سەرەتا فەرماندەکەی پۆلیس بریندار بووە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەوی رابردوو گیانی لەدەستداوە.
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە موقەدەم ئەحمەد یونس عەبید، فەرماندەی فەوجی یەکی لیوای دوو لە فیرقەی یەکی پۆلیسی فیدراڵی لە ناوچەی نەهرەوان-ی بەغدا لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا کوژرا.