583 عیراق

لە عێراق قارەمانێتی پێشمەرگە دەخرێتە بەرنامەی خوێندنەوە

11:07 - 31/12/2024

زەمەن _ عێراق

 

 وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بە بڕیارێکی فەرمی قەرەمانێتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانى عێراق دژی داعش بخاتە نێو پرۆگرامی خوێندنى زانکۆ و پەیمانگەکان، هەروەها بۆ یادى رووداوى سپایکەر رێوڕەسم رێکبخرێت.

 ئەمڕۆ سێشەممە، ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، بەبڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، کە لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ دەرکراوە، بە واژۆى حەیدەر عەبد، بریکارى وەزارەتەکە بۆ کاروبارى توێژینەوەى زانستى، وەک وەڵامێک بۆ نووسراوێکى سعود ساعیدى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق کە داواى روونکردنەوەى کردووە لەبارەى رێوشوێنەکان بۆ یادکردنەوەى ئەو کەسانەى لە رووداوى سپایکەر دا کوژراون.

بەپێی نووسراوەکەى بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق، ئەوان لە سەروبەندى ئامادەکردنى میتۆدى خوێندنى تایبەت بە دیموکراسی و مافى مرۆڤن، کە چەند پرسێکى تێدا جێکراوەتەوە، لەوانە "نەهامەتییەکانى دەستى هزرى تەکفیرى، باسکردنى ئەو ماوەیەى تێیدا داعش چەند ناوچەیەکى عێراق داگیرکردووە، لەگەڵ نەبەردییەکانی پێشمەرگە، هێزە چەکدارەکان، حەشدی شەعبی و خۆبەخشانى خێڵەکان بۆ ئازادکردنى ئەو ناوچانە.

مەبەست لە یادی سپایکەر ئەوەیە کە لە ١٢ـی حوزەیرانى ٢٠١٤ زیاتر لە 1700 سەربازى فیرقەى ١٨ـی سوپاى عێراق، لەو سەربازگەیەدا لە پارێزگاى سەلاحەددین لەلایەن چەکدارانى رێکخراوى داعشەوە بەدیلگیران و دواتر گوللەباران کران.

ئەمە لەکاتێکدایە، کە لە ماوەی شەڕی داعشدا، پێشمەرگە لە سنوورى ناوچە کوردستانییەکانى نەینەوا، سەلاحەددین، کەرکووک و دیالە بەشداریی شەڕی ئەو گرووپەی کرد و لەئەنجامدا زیاتر لە ١٦٠٠ پێشمەرگە شەهید بوون و  رێکخراوى داعش لە ٢٠١٤ شارى موسڵى کۆنترۆڵکرد و دواتر نزیکەى سێ یەکى خاکى عێراقى کەوتە دەست، بەرلەوەى لە ٢٠١٧ـدا کۆتایی بە دەسەڵاتەکەى بهێنرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن