هەمواری بودجە بە مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمى کوردستان دەکەوێتە ساڵی داهاتوو
09:08 - 11/12/2024
زەمەن - عێراقى
ئەمساڵ خوێندنەوەى دووەم بۆ هەموارى پرۆژەیاساى بودجەى عێراق بە مەبەستى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان ناکرێت و پەسەندیش ناکرێت، بەڵکو دەکەوێتە ساڵى داهاتوو.
سەرەڕای ئەوەى مانگێک تەمەنى وەرزى یاسادانان لە پەرلەمانى عێراق درێژکرایەوە، رۆژی دووشەممەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق کۆتایی بە خولی دووەمی یاسادانانی خۆی هێنا بەبێ ئەوەی بتوانێت هیچ کام لەم یاسانە تێپەڕێنێت کە جێگەی مشتومڕی لایەنە سیاسییەکان بوون.
رۆژى یەکشەممەى رابردوو بڕیاربوو لە دانیشتنى پەرلەماندا خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای بوودجەی گشتی بکرێت، کە خاڵێکی تایبەت بوو بە تێچووی وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەڵام نەکرا، وابڕیارە لە 10-1-2025 یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەستپێدەکاتەوە خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای بوودجەی گشتی دەکرێت، دوای دەنگدانیش لەسەر یاساکە ڕاستەوخۆ دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.