لە رێگەی ناسینەوەی دەمووچاو؛ رێگە نادرێت منداڵان سۆشیالمیدیا بەکاربهێنن
01:33 - 23/12/2024
زەمەن _ جیهانی
دەیلی تەلەگرافی بەڕیتانی بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی بەڕیتانیا کۆمپانیاکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ناچاردەکات لەڕێگەی ناسینەوەی دەموچاوەوە رێگریی لە منداڵان بکات ئەو تۆڕانە بەکاربهێنن.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ڕۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی ڕایگەیاندووە، نوسینگەی ئۆفکۆمی حکومەتی بەریتانیا، کە تایبەتە بە چاودێریکردنی دامەزراوەی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە، بەنیازە پلانێک رابگەیەنێت کە تێیدا کۆمپانیاکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ناچاردەکات لەڕێگەی ناسینەوەی دەموچاوەوە رێگریی لە منداڵان بکات ئەو تۆڕانە بەکاربهێنن.
ئاماژەی بەوەشداوە، میکانیزمەکەشی بەشێوەیەک دەبێت لەڕێگەی کامێرای مۆبایل یان تابلێتەکەوە کە زانرا منداڵ بەکاری دەهێنێت لە بەرنامەی سۆشیاڵ میدیاکە دەیکاتە دەرەوە.
دەیلی تەلەگراف ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەگەر کۆمپانیاکانیش پابەند نەبن بەم رێکارەوە، چەندین ملیار پاوەن سزای دارایی دەدرێن. ئامانجیش لێی پاراستنی سەلامەتیی منداڵانە لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە.